تولای حاتمۆغولاری: خەبات بۆ پێکەوەژیانی ٨٥ ملیۆن کەس دەکەین

تولای حاتمۆغولاری، هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارتەکەیدا ڕایگەیاند، کە ڕێگەی سێیەم دامەزراندنی کۆمارێکی دیموکراسییە، خەباتمان بۆ ئەوەیە کە ٨٥ ملیۆن هاوڵاتیمان لە سیستمێکی یەکسان و دادپەروەرانە لەم وڵاتەدا بژین.

ئەنقەرە

 

تولای حاتمۆغولاری، هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان-دەم پارتی لە کۆبوونەوەی هەفتانەی پارتەکەیدا، وتارێکی پێشکەش کرد و ڕۆژەڤە هەنوکەییەکانی نرخاند، سەرنجی بۆ هەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەمووزی ٢٠١٦ ڕاکێشا و ڕایگەیاند، لە هەموو کودەتاکاندا، کرێکاران، هەژاران، چەپەکان، سۆسیالیستەکان و نەیاران قورسترین باجیان داوە.

 

تولای حاتمۆغولاری تیشکی خستەسەر کودەتای ١٥ـی تەمموزی ٢٠١٦ و ڕایگەیاند لە هەموو کودەتایەکدا کرێکاران و هەژاران و چەپەکان و سۆسیالیستەکان و ئۆپۆزیسیۆنەکان باجی هەرە گەورەیان داوە،  ئاکەپە سوودی لە هەوڵی کودەتا وەرگرت و کۆمارەکەی لەسەر خوێنی مرۆڤەکان دامەزراند، ١٥ـی تەمموز تەنها کودەتا نییە، پرۆسەی پێش و پاش ١٥ـی تەمووز سیناریۆ بوو، زیانلێکەوتووی ١٥ـی تەمووزیش کۆمەڵگە بوو، کە لەو ڕۆژەوە ئابووری شکستی هێناوە، سیاسەت شکستی هێناوە و شتێک نەما بە ناوی دیموکراسییەوە.

 

پاشان ئاماژەی بە دەستبەسەرداگرتنی شارەوانی جولەمێرگ کرد و ڕایگەیاند ئەم کودەتایە لە کودەتای ١٢ ی ئەیلول خراپترە، هەتا قەیوم نەکشێننەوە و ڤیان تەکچە وەک سەرۆکی شارەوانی دانەنرێت، بەرخۆدانمان بەردەوام دەبێت.

 

هەروەها تیشکی خستەسەر دەستبەسەرکردن و فشاری سەر ڕۆژنامەوانان، ڕایگەیاند تورکیا لە ڕیزی یەکەمی ئەو وڵاتانەیە کە ڕۆژنامەوانان دەخاتە زیندان، بە گشتی ٢٠٤ دامەزراوەی میدیایی، شەش ئاژانسی هەواڵ، ٧٠ ڕۆژنامە، ٢٠ گۆڤار، ٤١ ڕادیۆ، ٣٨ تەلەفزیۆن، ٢٩ چاپخانە و کۆمپانیای بڵاوکردنەوە داخراون، سەدان کارتی چاپەمەنی هەڵوەشێنرانەوە و ڕۆژنامەوانەکان گیران، تولای مانشێتی ڕۆژنامەی ئۆزگور گوندەمی پیشاندا، کە ١٩ـی تەمووزی ٢٠١٦ بڵاوکراوەتەوە، مانشێتەکە دەڵێت: ”کۆشک و ئاکەپە هەوڵی کودەتاکەیان بە دەرفەتێک زانی و کودەتای خۆیان ئەنجامدا. چەتەکان لە شەقامەکان بڵاوبوونەتەوە و هێزە دیموکراتیکەکان دەکەنە ئامانج”.

 

حاتمۆغولاری گوتی: “ئۆزگور گوندەم لە ڕستەیەکدا هەموو ڕووداوەکانی گێڕاوەتەوە”، هەروەها وتی: ئێمە نەبووینە بەشێک لە کودەتا و کودەتاچییەکان، ئێمە پشتی پەردەی کودەتاکەمان ئاشکرا کرد و بە ڕوونی بە ڕای گشتیمان ڕاگەیاند، ئێمە ئامادە نەبووین ببینە فیگەری ڕۆحی یەنیکاپی، لەپاڵ گەلدا وەستاین، بۆچی ئەمە دەڵێین؟ لەبەرئەوەی ئۆپۆزسیۆن لە یەنیکاپی ڕێگەی بۆ دامەزراندنی ڕژێمی نوێ خۆشکرد، ئەو ڕژێمەی دوژمنایەتی گەل دەکات و ئەو ئۆپۆزیسیۆنەی باسی نۆژەنکردنەوە دەکات سوودی بۆ گەل نییە، بۆیە دەڵێین، چارەسەر ڕێگەی سێیەمە، ڕێبەری ڕێگەی سێیەمیش دەم پارتییە، ئێمە دەتوانین شکستیان پێ بهێنین، چونکە زۆرینەین، ئێمە بۆ ڕەنج و دادپەروەری تێدەکۆشین، تێکۆشانمان بۆ ئەوەیە ٨٥ ملیۆن هاوڵاتی ئێمە بە یەکسانی و ئازادیی لەم وڵاتە بژین.