دەزگای ژنانی ڕەققە هەنگاوێکی بۆ منداڵان دەستپێکرد

 کۆمیسیۆنی ژنان لە هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستپێشخەریی "باشترکردن و پاراستن"ی بۆ ڕزگارکردنی منداڵان لە واقیعی شەڕ و بونیادنانی ژینگەیەکی پاریزراو، دەستپێکرد.

یوسرا ئەحمەد

 

ڕەققە- ژن و منداڵان زۆرترین زیانی شەڕ و ململانێیان لەسەرە، لە ژێر سایەی شەڕدا مافی ژن و منداڵ پێشێل دەکرێت، هەزاران کەس تووشی هەژاری و خراپ بەکارهێنان دەبن، بە ئامانجی پاڵپشتیکردنی منداڵان لە ڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە و پەرەپێدانی توانا تاکەکەسییەکانیان بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی هۆشیار و تەندروست، لە ٢٨ی ئابدا، بەڕێوەبەریی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەڵمەتێکی هۆشیاری تایبەتی بۆ منداڵان بە دروشمی "باشترکردن و پاراستن" دەستپێکرد، ئەم هەنگاوە بۆ ماوەی سێ مانگ بەردەوام دەبێت و لە ٢٠ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی منداڵان کۆتایی دێت.

 

فاتمە کوردی، بەڕێوەبەری ژووری پاراستنی منداڵ لە ڕەققە ڕایگەیاند، دەستپێکردنی هەڵمەتی هۆشیار کردنەوەی منداڵان یارمەتیدەر دەبێت بۆ پاراستنیان لە دیاردە و نەخۆشییە کۆمەڵایەتی و نەرێنییەکان، بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست.

 

"هەنگاوەکە بە ئامانجی پاڵپشتیکردنی منداڵان دەستیپێکرد"

فاتمە کوردی، بەڕێوەبەری ژووری پاراستنی منداڵ لە ڕەققە، باسی لە زیانەکانی شەڕ و کاریگەرییەکانی لەسەر منداڵان کرد و وتی: لە ڕێگەی دەستپێشخەرییەکەمانەوە هەوڵدەدەین منداڵان لە توندوتیژی بپارێزین، هەروەها ئێمە لێهاتوویی کەسیی ئەوان بونیاد دەنێین بۆ ئەوەی بتوانن بەسەر هەموو فشارەکانی سەر خۆیاندا زاڵ بن، لە کاتی شەڕ و ململانێکاندا منداڵان ئەوانەن کە زۆرترین باج دەدەن، لە ڕاستیدا هەموو جۆرەکانی توندوتیژی بوونیان هەیە، لە ئیستغلالکردنی ڕووبەڕووەوە تا هەڵاواردن و هەژاری کاریگەری شەڕ زۆر گەورەیە و ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر واقیعی منداڵان دەبێت و بچوکترین مافەکانیان لێ زەوت دەکات، کاریگەری شەڕ لە سووریا زۆر شت لەدوای خۆی بەجێهێشتووە.

 

"دروستکردنی منداڵێکی تەندروست، بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروستە"

لە درێژەی قسەکانیدا، فاتمە کوردی باسی لە بەرنامەکانی ناو هەنگاوەکە کردو وتی: لەو کاتەوەی بەرنامەی هەنگاو و چالاکییەکانی ڕاگەیەندراوە، ئێمە سیمینار و کۆبوونەوەمان ئەنجامداوە بۆ هۆشیارکردنەوەی خێزانەکان، هەروەها بروشورمان لەسەر مافەکانی منداڵان دابەش کرد، کۆبوونەوەی هۆشیاریمان ئەنجامداوە بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتی دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ بەهێزکردنی توانا و ڕەفتاری منداڵان بۆ ئەوەی بتوانن لە هەموو بوارەکاندا بەشداری بکەن و بگەڕێنەوە بۆ ژیانی ئاسایی خۆیان، لە خوێندنگە و کۆنفرانسەکاندا سەردانی منداڵانمان دەکرد و چالاکییەکانی یاریکردن و فێربوونمان پێدەدان سەبارەت بە لایەنە جیاوازەکانی ژیان، دروستکردنی منداڵێکی تەندروست بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروستە.

 

"چەتەکانی داعش کاریگەری زۆر خراپیان لەسەر منداڵان بەجێهێشتووە"

فاتمە کوردی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دەستپێشخەرییەکە بەشداری و ڕەزامەندییەکی گەورەی منداڵانی بەخۆیەوە بینی و خێزانەکانیش گرنگییەکی زۆریان بەخشی، ئەمەش ڕێگەی دا دەستپێشخەرییەکە بەهێزتر بێت و پشتیوانی لێبکرێت، دەستپێشخەرییەکە گرنگ بوو، چونکە تا ئێستا کاریگەری شەڕ بە تایبەتی لە کاتی چەتەکانی داعش لەسەر ناوچەکە هەیە، کە وێنەی زۆر خراپی لە مێشکیاندا بەجێهێشت ئێمەش بۆ منداڵانی نەخۆش کارمان دەکرد.

 

"پاراستنی منداڵ لە ئەستۆی هەموو کۆمەڵگەیە"

لە کۆتایی قسەکانیدا فاتمە کوردی ڕایگەیاند، ئەو دەستپێشخەرییە نەوەکانی داهاتوو پڕ دەکات لە زانست و لە مەترسییەکانی دیاردە کۆمەڵایەتییە نەرێنییەکانی وەک بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و خراپ بەکارهێنانی دیجیتاڵ میدیا هۆشیاریان دەکاتەوە، ئێمە هەموو جارێک بە بەرنامەی جیاواز ئەم جۆرە هەنگاوانە دووبارە دەکەینەوە بۆ ئەوەی بتوانین بگەینە هەموو منداڵانی هەرێم، گرنگیدان بە منداڵان لە ئەستۆی هەموو کۆمەڵگەو بەتایبەتی ژنانە، چونکە ژن دایکە و نزیکترین شتە لە منداڵان، بۆیە پێویستە بزانێت چۆن منداڵەکانی هۆشیار بکاتەوەو بیانپارێزێت.