لە سودان سیستمی تەندروستی بەرەو داڕمان دەڕوات

سودان بەدەست داڕمانی سیستمی تەندروستی و کەمی پێداویستی پزیشکییەوە دەناڵێنێت بەهۆی ئەوەی هاوڵاتیان ناتوانینن بگەن بە کۆگای دەرمانی دارفور.

ناوەندی هەواڵ

 

سودان ماوەی زیاتر لە ساڵێکە بەدەست داڕمانی سیستمی تەندروستی وڵاتەکەیەوە دەناڵێنێت بەهۆی ئەو شەڕە بەردەوامەی کە هەیە، ئەمەش بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتا جگە لە وێرانبوونی دامەزراوە تەندروستییەکان و کەمی پێداویستیی پزیشکی .

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی داڕمانی سیستەمی تەندروستی لە سودان ڕاگەیاند، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە دەست گەیشتنیان بە دەرمان قورسە یاخود دامەزراوە تەندروستییەکان وێران یان تاڵان کراون.

 

وتەبێژی ڕێکخراوەکە باسی لەوەکردووە بەدەست کەمی کارمەندی تەندروستی، پێداویستی وەک ڤاکسین، دەرمان و کەرەستەی پزیشکییەوە دەناڵێنن، ئێستا تەنها ٪٢٠ بۆ ٣٠ ی دامەزراوە تەندروستییەکان بە کەمترین توانای خۆیان کاردەکەن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کەلوپەلی پزیشکی لە سودان تەنها ٪٢٥ی پێداویستییەکان دەگرێتەوە و لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ەوە کۆگای ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ویلایەتی گەزیرە دەستنەکەوتووە و هەندێک ویلایەتی وەک دارفور لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا پێداویستی پزیشکییان وەرنەگرتووە.

 

باسی لەوەشکرد، نەخۆشییەکان بەشێوەیەکی مەترسیدار لە سودان بڵاوبوونەتەوە، کە زیاتر لە ملیۆنێک و ٣٠٠ هەزار حاڵەتی تووشبوون بە مەلاریا و ١١ هەزار حاڵەتی کۆلێرا و چوار هەزار و ٦٠٠ حاڵەتی سورێژە و هەشت هەزار و ٥٠٩ حاڵەتی تای خوێنبەربوون تۆمارکراوە.