"گەلی شەنگال بە ژیان و خوێنیان تا کۆتایی لەگەڵ خەڵکی ڕۆژئاوان"
نەعام بەدەل ئەندامی کۆردیناسیۆنی تاژێ، ڕایگەیاند، چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا لەژێر کۆنترۆڵی هێزە نێودەوڵەتییەکاندا، حەلەب و چەندین شوێنی دیکەیان داگیرکردووە و وتی: خەڵکی شەنگال تا کۆتایی لەگەڵ خەڵکی ڕۆژاڤادان.
هێڤیدار شەنگالی
شەنگال- ڕۆژی ٢٧ی ئەم مانگە چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا هێرشیان کردە سەر حەلەب و هێزەکانی حکومەتی دیمەشق بەبێ خۆڕاگری بۆ ماوەی یەک کاتژمێر لە شارەکە هەڵاتن و شارەکە و خەڵکی مەدەنیان لە دەستی چەتەکاندا بەجێهێشت. دوای داگیرکردنی حەلەب بەبێ شەڕ، چەتەکان ڕوویان لە ناوچەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد، ئەمجارەیان لەسەر ڕێنمایی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و لە ئەنجامدا خەڵکی شەهبا کە زۆربەیان خەڵکی عەفرینن، جارێکی تر ئاوارە بوون. ئێستا چەتەکانی تورکیا لەو شوێنانەی داگیریان کردووە کردەوەی نامرۆڤانە ئەنجام دەدەن. لە ئەنجامدا خەڵکێکی زۆر ئاوارە بوون و کوژران، کە زۆربەیان ژن بوون و خەڵکێکی زۆریش لەلایەن چەتەکانەوە ڕفێندران.
ئەم کردەوە نامرۆڤانەی گروپە چەتەکان بە کردەوە لە هەموو جیهان و بە پلەی یەکەم لە کوردستان شەرمەزار دەکرێن.
نەعام بەدەل، ئەندامی کۆردیناسیۆنی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی-تاژێ، بۆ ئاژانسەکەمان سەبارەت بە هێرشی چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا و مەترسییەکانی لە ناوچەکە قسەی کرد و ڕایگەیاند کە تا کۆتایی لە پشت گەلی ڕۆژئاوای کوردستانەوەن .
داگیرکردنی شاری حەلەب لەژێر کۆنترۆڵی هێزە نێودەوڵەتییەکان
لە سەرەتای قسەکانیدا نەعام بەدەل ستایشی بەرخۆدانی یەپەگە-یەپەژە و قەسەدە و ئەو گەلەی کرد کە خۆڕاگرن و ڕایگەیاند کە چەتەکانی دەوڵەتی تورک حەلەبیان لەژێر کۆنترۆڵی هەموو هێزە نێودەوڵەتییەکان داگیرکردووە و وتی: ئێستا ناوچەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەژێر هەڕەشەدایە. خەڵکی ڕۆژئاوا خۆڕاگرن، زیاتر لە ١٣ ساڵە ڕووبەڕووی هەموو جۆرە هێرش و گوشارێک بوونەتەوە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش بەرخۆدانیان ڕانەگرت. پێکهاتەکانی ڕۆژئاوا لە دەوری بیر و بیرۆکەکانی سەرۆک ئاپۆ کۆبوونەتەوە.
"خەڵکی عەفرین دووجار ئاوارە بوون"
نەعام بەدەل، ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا گەورەترین مەترسی لەسەر ڕۆژئاوایە، بەتایبەت لەسەر خەڵکی حەلەب و عەفرین و دەڵێت: خەڵکی عەفرین دووجار ئاوارەبوون. دوای ئەوەی عەفرین لەلایەن چەتەکانی تورکیاوە داگیرکرا، خەڵکی عەفرین ڕوویان لە شەهبا کرد و لەوێ نیشتەجێ بوون، بەڵام ئێستا ئەوانیش لە شەهباوە کۆچیان کردووە بەهۆی مەترسی چەتەکانەوە. تا کۆتایی پشتیوانی خەڵکی ڕۆژئاوا دەکەین. لە لایەکی ترەوە کاتێک ڕۆژئاوا نەبێت، شەنگال نییە من دەمەوێت گەلەکەمان یەک دەست و یەک دەنگ بێت لە دژی هێرشەکان.
"پێویستە گەل بە هێزی سەربازی خۆی بەشداری بەرخۆدان ببێت"
نەعام بەدەل ئاماژەی بەوەدا، لەدوای ڕۆژئاوا مەترسیی بۆ شەنگالە، هەروەها هێرشی ساڵی ٢٠١٤ و نزیکیی دەوڵەتی عێراقی وەبیرهێنایەوە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: با ڕاستی بڵێین، ئیتر پشت بە حکومەتی عێراق نابەستین. پێویستە بە هێزی خۆمان، بە گەلەکەمان پشتگیری خۆمان بکەین. لە لایەکی تریشەوە گەلیش لە تەنیشت هێزی سەربازی خۆی جێگای خۆی بگرێتەوە و لە پێناو خۆیدا بوەستێت. چونکە هێزی سەربازی تەنیا نییە، پێویستە گەل بە هێزی خۆی بەشداری بەرخۆدان بکات. پێویستە هێزی سەبازی و گەل تەواوکەری یەکتر بن و پێکەوە شەڕ بکەن".
"ئەگەر مردن هەبێت دەبێت بە شەرەف و کەرامەتەوە بێت"
جگە لەوەش نەعام بەدەل ڕایگەیاند کە ئێستا ئەو گروپانەی هێرش دەکەن خاوەنی ئایدۆلۆژیا و سیستەمی داعشن و بەم ڕستانە کۆتایی بە قسەکانی هێنا، "هەرچەندە ناوەکە جیاوازە، بەڵام کردار و ئەقڵیەتیان وەک یەکن، داوا لە هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە دەڵێن ئێمە مرۆڤین بەرامبەر ئەو کارانە بوەستینەوە. هەموو ئەوانەی چەکیان هەیە بچنە شەڕی بەرخۆدانەوە، ئەگەر مردنێکیش هەبێت، دەبێ بە شەرەف و کەرامەتەوە بێت. لە لایەکی ترەوە ئەوەی لە تواناماندایە بۆ ڕۆژئاوا دەیکەین. شەنگال و ڕۆژئاوا یەکن و خەڵکی شەنگال تا کۆتایی لەگەڵ خەڵکی ڕۆژئاوان.