دەستگیرکردنی ئەلسۆ کۆرماشۆڤا؛ پەیامنێری ڕادیۆی ئەوروپای ئازاد لە ڕووسیا

لیژنەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان لە دەستگیرکردنی ئەلسۆ کۆرماشۆڤا، پەیامنێری ڕادیۆی ئەوروپای ئازادلە شاری کازانی ڕووسیای ڕاگەیاند و نیگەرانی خۆی لە دەستگیرکردنی ئەم پەیامنێرە خستەڕوو.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ لیژنەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان- سی پی جەی لە هەژماری ئێکس دەستگیرکردنی ئەلسۆ کۆرماشۆڤا، پەیامنێری ڕادیۆی ئەوروپای ئازادی لە بەشی تاتار، لە شاری کازانی ناوەندی پاریزگای تاتارستانی ڕووسیا ڕاگەیاند.

 

ئەلسۆ کۆرماشۆڤا هاوڵاتییەکی ئەمریکی-ڕووسییە و لە شاری پراگ دەژی، لە ٢٠ی ئایاری ئەمساڵدا بۆ سەردانێکی خێزانی گەشتی ڕووسیای کرد، بەڵام لە ٢ی حوزەیران پێش گەڕانەوەی گەشتەکەی، بەشێوەیەکی کاتی لە فڕۆکەخانەی کازان ڕاگیرا، پاسپۆرتە ئەمریکی و ڕووسیەکانیشی دەستیان بەسەردا گیرا، ئەلسۆ کۆرماشۆڤا لە مانگی حوزەیرانەوە نەیتوانیوە ڕووسیا بەجێبهێڵێت و چاوەڕێی وەرگرتنەوەی پاسپۆرتەکانی دەکات، بەهۆی تۆمەتێکی نوێوە، کە ناوی خۆی وەک بیانی تۆمار نەکردووە، دوێنێ، ١٨ی تشرینی یەکەم دەستگیر کرا.

 

لیژنەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان لە نیویۆرک ئەم تۆمەتەی بە بێ بنەما و درۆ ناوبرد و داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی ئەم ڕۆژنامەنووسەی کرد.

 

دەسەڵاتدارانی شاری کازان، ناوەندی پارێزگای تاتارستانی ڕووسیا دەڵێن، ئەلسۆ کۆرماشۆڤا کە وەک سەرنووسەری خزمەتگوزاری تەتار-بەشکار لە ڕادیۆی ئەوروپای ئازاد کاری کردووە، وەک بریکاری بیانی و کەسێک کە زانیاری لەسەر چالاکییە سەربازییەکانی ڕووسیا کۆدەکردەوە، دەستگیر کراوە، بەپێی یاسای ڕووسیا، تۆمەتبارانی چالاکی "دژی ئاسایشی فیدراسیۆنی ڕووسیا" دەتوانرێت بەپێی یاسای سزادان سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا بسەپێندرێت.