هەولێر، بکوژی قەدەم خێر عەزیز دەستگیر کرا

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی شاری هەولێر دەستگیرکردنی بکوژی "قەدەم خێر عەزیز"ی ڕاگەیاند، کە لە ٤ی تەمووزی ئەمساڵدا بە کوژراوی لە ماڵەکەی خۆیدا دۆزرایەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی شاری هەولێر، لە ڕاگەیەندراوێکیدا دەستگیرکردنی بکوژی "قەدەم خێر عزیز"ی ڕاگەیاند، کە لە ٤ی تەمموزی ئەمساڵدا بە کوژراوی دۆزراوەتەوە.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیس لە ٤ی تەمموزی ئەمساڵدا تەرمی ژنێک بە ناوی "قەدەم خێر عزیز" بە کوژراوی  لە ماڵەکەی خۆیدا لە گەڕەکی مەنتکاوەی شاری هەولێر دۆزرایەوە، دوای بەدواداچوون، ناسنامەی بکوژەکە کە ناوی "م، ک، ڕ" بوو ئاشکرا کرا کە خزمی نزیکی ژنە کوژراوەکەیە.

 

پۆلیس ئەوەشی ڕاگەیاند، دوای دەستگیرکردنی بە فەرمانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، لە لێکۆڵینەوەدا تۆمەتبار "م، ک، ڕ" دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، کە دوو ڕوژ بەر لە ئەنجامدانی ئەم تاوانە ئۆتۆمبێلەکەی "قەدەم خێر"ـی فرۆشتووە و لە کاتی بردنەوەی پارەکە بۆ "قەدەم خێر" لەپێناو بردنی ئەو بڕە پارەیە ئەم تاوانەی ئەنجام داوە.

 

ئاماژەی بەوەشداوە، لە دوای ئەنجامدانی تاوانەکە بە مەبەستی بزرکردنی سەرەداوی تاوانەکە و ئاشکرانەبوونی، ئامێری مۆبایلی "قەدەم خێر"ـی لە شوێنێکی  چوڵەوانی لە دەرەوەی شاری هەولێر حەشارداوە، هەروەها ئەو بڕە پارەی کە بردبووی لە سەربانی ماڵەکەی خۆی له گوندی دارەبەن شاردبوویەوە.