هەژاری خۆراک لەناو منداڵانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بەرزە

بەهۆی بەردەوامی قەیرانەکان و شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، ڕێژەی هەژاری خۆراک زیادی کردووە و یونیسێف پشتڕاستی کردەوە کە لە هەر سێ منداڵ یەکێکیان بەدەست جۆرێک لە بەدخۆراکییەوە دەناڵێنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان-یونیسێف ١٩ی ئاب ڕایگەیاند، منداڵانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن، هۆشداریشیدا لە خراپتربوونی قەیرانەکان لەبەر ڕۆشنایی ململانێکان و گۆڕانی کەشوهەوا.

 

بەگوێرەی ئاماری یونیسێف، ٥٥ ملیۆن منداڵ لە ٢٠ وڵاتی هەرێمدا بەدەست کێشی زیادە یان قەڵەویەوە دەناڵێنن، لە بەرامبەردا ٢٤ ملیۆن منداڵی دیکە بەدەست کەمی خۆراکییەوە دەناڵێنن.

 

یونیسێف زەنگی ئاگادارکردنەوەی لەبارەی هەژاری خۆراک لەنێو منداڵانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لێدا و ڕایگەیاند نزیکەی ٧٧ ملیۆن منداڵ، واتە یەک لە هەر سێ منداڵ، بەدەست جۆرێک لە بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەڕای پێشکەوتنەکان لە کەمکردنەوەی ڕێژەی تووشبوون بە گەشەکردن یان کەمبوونەوەی باڵا لە دوو دەیەی ڕابردوودا، کێشەکە هێشتا بەربڵاوە و کاریگەری لەسەر ١٠ ملیۆن منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵان هەیە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەدخۆراکی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا زەحمەتی گەورە پێکدەهێنێت، چونکە لە بەرامبەر پاشخانێکی ئاڵۆزی قەیرانە بەردەوامەکان، ناسەقامگیری سیاسی، گۆڕانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک ڕوودەدات.

 

یونیسێف داوای لە حکومەتی ناوچەکە کرد کە خۆراک لە پلان و سیاسەت و بودجەی گەشەپێدانی نیشتمانیدا لە پێشینەی کارەکانیدا دابنێت، لەکاتێکدا ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان مانگی ڕابردوو ڕایانگەیاندبوو کە ململانێکان و نائارامی ئابووری و کەشوهەوا هەوڵەکانی کەمکردنەوەی برسێتی لە ساڵی ڕابردوودا ڕێگریان لێکردووە، ئەمەش کاریگەری لەسەر نزیکەی ٪٩ی دانیشتوانی جیهان هەبووە.

 

لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە نزیکەی ٧٣٣ ملیۆن کەس لە ساڵی ٢٠٢٣ ڕووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە، ئاستەکە لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر بووە.