ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن بڵاوکرایەوە
کاتژمێر ٦:٠٠ی ئێوارە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کۆتایی پێهات و ڕێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران زیاتر لە ٪٦٠ە.
ناوەندی هەواڵ
بەپێی ئەنجامە بەراییەکان ڕێژەی بەشداریی دەنگدەران بۆ دەنگدانی گشتیی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ٦٤٪ـە، بازنەی سلێمانی کەمترین دەنگدەر دەنگیداوە بە ڕێژەی ٦٠٪ و زۆرترینیش بازنەی دهۆکە بە ڕێژەی ٧٠٪.
ڕێژەی بەشداریی دەنگدەران بۆ دەنگدانی گشتیی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەشێوەی بەرایی ئاشکرا بوو.
بەپێی ئەنجامە بەراییەکان ڕێژەی بەشداریی لە هەر چوار بازنەکە ٦٤٪ بووە.
ڕێژەی بەشدارییکردنی دەنگدەران لە بازنەکان بەمشێوەیەیە:
سلێمانی: ٦٠٪
هەولێر: ٦٥٪
دهۆک: ٧٠٪
هەلەبجە: ٦١٪
ئەم ئامارانە بەرایین و تا ئێستا لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بە فەرمی ڕانەگەیاندراوە.
ئەمڕۆ دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە بازنەکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە) لە کاتژمێر ٠٧:٠٠ـی بەیانی دەستی پێکرد و تا کاتژمێر٠٦:٠٠ـی ئێوارە درێژەی کێشا، لە ئێستاشدا جیاکردنەوە دەنگەکان بۆ هاوتاکردنەوەی بە داتای ئامێرەکانی هەڵبژاردن دەستی پێکردووە.