ڤارونا زەردەشت: بە مەبەست گەنجان بێ ئیرادەو بێ هەستی نەتەوایەتی دەکرێن
ڤارونا زەردەشت، هونەرمەندی شێوەکار دەڵێت: بە مەبەست گەنجان بێ ئیرادەو بێ هەستی نەتەوایەتی دەکرێن، خۆبەڕێوەبەری لە ڕۆژئاوای کوردستان گەنجانی لە تەواوی پارچەکانی کوردستان بەرەو پارێزگاریکردن لە خاک و شوناسی کورد سەرپێخستەوە.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ لە سەردەمێکدا کە باشووری کوردستان ڕووبەڕووی گۆڕانکارییە خێرا سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان دەبێتەوە، هەستی نەتەوایەتی لە ناو گەنجاندا هێشتا یەکێکە لە دیارترین بابەتەکانی ژیانی ڕۆژانە لە شەقامەکان، زانکۆکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، گفتوگۆ لەسەر ناسنامەی کوردی و پاراستنی خاک بەردەوامە، بۆ زۆرێک لە گەنجان، کوردستان تەنها ناونیشانی جوگرافی نییە، بەڵکو مێژوو، زمان و خەباتی نەوەکانە، هەرچەندە بارودۆخی ئابووری و بێکاری کاریگەریی خۆی هەیە، بەڵام زۆرێک لە گەنجان هێشتا پێیان وایە پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی ئەرکێکی سەرەکییە، لە بۆنە نەتەوەییەکاندا، ئاڵای کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو لە دەستی گەنجاندا دەبینرێت و گۆرانییە نیشتمانییەکان لە شوێنە گشتییەکاندا دەنگدەدەنەوە، ئەو وێنانە، نیشانەی ئەوەیە کە هەستی پەیوەندی بە خاک و نەتەوە هێشتا لە دڵی نەوەی نوێدا ماوەتەوە، بەڵام لە بەرامبەر ئەو هەستەشدا، گەنجان ڕووبەڕووی ژمارەیەک پرسیار دەبنەوە، بێکاری، کەمبوونی دەرفەتی ژیان و بیرکردنەوەی کۆچ بۆ دەرەوەی وڵات، وایکردووە هەندێک لە گەنجان بە نیگەرانییەوە لە داهاتووی خۆیان بڕوانن، ئەگەر ئەو کێشانە چارەسەر نەکرێن، دەتوانن کاریگەری لەسەر هەستی نەتەوایەتی دابنێن، لە هەمان کاتدا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتە مەیدانێکی نوێ بۆ نیشاندانی ناسنامەی کوردی، گەنجان بە زمانی کوردی ناوەڕۆک بڵاودەکەنەوە، وێنە و گۆرانی نەتەوەیی بەشدار دەکەن و هەوڵدەدەن مێژوو و کولتووری کوردی بپارێزن، بەڵام پێویستە ئەو هەستە تەنها لە ناو تۆڕەکاندا نەوەستێت، بەڵکو بگوازرێتەوە بۆ کارکردن و خزمەتکردنی کۆمەڵگە.
پسپۆڕانی پەروەردەش پێیانوایە خوێندنگە و زانکۆکان دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ ببینن لە بەهێزکردنی هەستی نەتەوایەتی، بە تایبەت لە ڕێگەی ناساندنی مێژووی کورد و بەهای هاوبەشی نەتەوەیی، لەگەڵ هەموو ئەو گۆڕانکارییانەدا، زۆرێک لە گەنجانی کوردستان هێشتا باوەڕیان وایە پاراستنی خاک و ناسنامەی کوردی تەنها بە وشە نییە، بەڵکو بە مانەوە، خوێندن، کارکردن و ئاوادانکردنی وڵات دێتەدی، ئێستا، لە نێوان خەونی ژیانێکی باشتر و پابەندبوون بە خاک و نەتەوە، گەنجی کورد هەوڵدەدات شوێنی خۆی لە داهاتووی کوردستاندا بدۆزێتەوە؛ داهاتوویەک کە زۆرێک پێیان وایە بەبێ هەستی نەتەوایەتی و یەکگرتوویی و پێکەوەی ناتوانێت بەهێز بێت.
"بە مەبەست گەنجان بێ ئیرادەو بێ هەستی نەتەوایەتی دەکرێن"
ڤارونا زەردەشت، هونەرمەندی شێوەکار ئاماژەی بەوەکرد، هەبوومی گەنجانی ئازاد کۆمەڵگەیەکی ئازاد دروست دەکات، لەگەڵ سەرهەڵدانی بیری ئازادی گەنجان نەتەوە و گەلێک ئازاد دەبێت، گەنجانێک لەسەر فکری پێکەوەی بۆ ئازادی تێکۆشان ئەنجامبدەن، دەستکەوتی گرنگی مێژووی و نەتەوەی بەدەستدەهێنن، وتی: دەسەڵاتداران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کار بۆ تێکدانی هەستی نەتەوایەتی لە نێوان گەنجانندا دەکەن، لە ڕێگەی هەبوونی سیستمی سەرمایەداری گەنجان بێ ئیرادە دەکرێن، کە ئامانجی سەرەکی دەسەڵاتدارانی ناوچەکەمانە، تا بتوانن لە ڕێگەی بێ ئیرادەکردنی گەنجانەوە بگەن بە مەرامە سیاسییەکانیان و خاکی کورد بە داگیرکەران بفرۆشن بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتە مادییەکانی خۆیان، هەروەها لە باشووری کوردستاندا گەنجان بێ ئیرادە و بێ هەستی نەتەوایەتی کراون، لە سەرجەم سیستمەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵادا، کێشەی سیستماتیک بۆ گەنجان دەهێندرێتە ئاراوە، تا گەنجان لە خاک و داهاتویان بێ هیوا بکەن، تا ڕێگری لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی وڵاتەکەی بە هەوڵ و کۆششەکانی پڕبکاتەوە، کە داگیرکەران بەردەوامن لە بێئیرادەکردنی گەنجان و ڕێگریکردن لە زانینی پرسی نەتەوایەتی، تا هەوڵ و تێکۆشانەکانیان بۆ ئازادی و پێکەوەی پوچەڵبکاتەوە.
"سەفەربەری ڕۆژئاوای کوردستان دەستکەوتێکی گرنگی گەلی کورد بوو"
ئاماژەی بەوەشکرد، هەبوونی شۆڕشە یەک لە دوا یەکەکانی گەلی کورد گەنجانی سەرپێ دەخستەوە، لە ناویاندا شۆڕشی ڕۆژئاواو ئەنجامدانی سەفەربەری بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەستکەوتێکی گرنگی گەلی کورد بوو لە لایەن گەنجانەوە، لە ڕێگەی خەبات و تێکۆشانەکانەوە تا ئاستێک گەنجان توانیویانە ئاشنای خەم و پەژارەی گەلەکەیان ببن، هەروەک بیندرا لە ڕاگەیاندنی سەفەربەریدا گەنجانێکی زۆر لە تەواوی پارچەکانی کوردستان بەدەم بانگەوازییەکەی رۆژئاوای کوردستانەوە بەڕێکەوتن، پاشان لە تەواوی پارچەکانی کوردستان ڕۆژانە گەنجان و هاوڵاتیان دەڕژانە سەر شەقامەکان، لە باشووری کوردستاندا گەنجان پشتیوانییەکانی خۆیان دووپات دەکردەوە، کە داگیرکەران بەم هەڵوێستەی کورد دڵتەنگ دەبوون.
ڤارونا زەردەشت لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەوەکردەوە، ئازادبوونی کۆمەڵگە بە ئازادبوونی ژنەوە بەندە، هەرکاتێک گەنج و ژنان لە کۆمەڵگەیەک ئازادانە تێکۆشانیان کرد لە پێناو مافەکانیاندا، ئەو وڵات و ناوچەیە لە لوتکەی سەرکەوتن و خەباتگێڕیدا دەژین وتیشی: سیستمی سەرمایەداری بەردەوام لە هەوڵی بێ ئیرادەبوونی گەنجاندان، لەسەرجەم سێکتەرەکانی ژیان و پەروەردە و فێرکردندا کار بۆ تێکدانی بیری گەنجاندەکات، هەرکاتێک گەنجانیش هۆشیارنەبن کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و تەندروست و داکۆکیکار لە مافی خاکی دروستنابێت، بۆیە دەسەڵاتداران لە هەوڵی ئەوەدان لە ڕێگەی سیستماتیک و هەبوونی سیستمی سەرمایەدارییەوە فکری گەنجان بەرەو نائومێدی و کۆچکردن و دژ بە ماف و شوناسی کورد بوەستێتەوە، بۆ ئەوەی گەنجان داکۆکی لەسەر خاک و مێژوو شوناسیان بکەن، پەروەردەکردنی گەنجان لەسەر فکری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستکەوتێکی گرنگە بۆ گەنج و گەلی کورد لە ناوچەکەدا.