ئازاری ژنان لە کامپە نافەرمیەکاندا توندتر دەبێت

ژنان لە کامپە نافەرمیەکاندا بەرەنگاری بارودۆخی سەختی ژیان دەبنەوە و هەوڵدەدەن، بە کارکردن لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان، بارودۆخی ئابووری خۆیان باشتر بکەن.

سیبیلیا ئیبراهیم

 

ڕەققە- ئەو ژنانەی لە کامپە نافەرمیەکانی شاری ڕەققە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەژین، بەهۆی بارودۆخی سەختی ئابووری و پشتیوانی نەکردنی ڕێکخراوەکان، بەدەست چەندین ئاستەنگیەوە دەناڵێنن، بەتایبەتی لەگەڵ نزیکبوونەوەی زستاندا.

 

ژنان و منداڵان کاریگەری سەرەکی شەڕ و هێرشەکانیان لەسەرە، لە کاتی ئەو شەڕانەی کە لە شارەکانی سووریا ڕوویانداوە، لەناویاندا دێرەزوور، خەڵکێکی زۆر لە ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە بوون و ماڵ و موڵک و زەوییە کشتوکاڵییەکانی خۆیان بەجێهێشت و لە کامپەکانی ڕەققەدا نیشتەجێ بوون، یەکێک لەو کامپە نافەرمییانە لە شارۆچکەی کەسرەتە، کە دەکەوێتە باشووری شاری ڕەققە لە لای ڕووباری فورات لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

 

ئامینە ئەحمەد تەمەنی ٤٠ ساڵە و دایکی چوار کچ و پێنج کوڕە، لەبارەی ژیانیانەوە وتی: لەکاتی ئەو شەڕانەی لە دێرەزوور ڕوویان دەدا، هەموو شتێکمان بەجێهێشت و نۆ ساڵ لەمەوبەر بۆ ڕزگاربوون چووینە ڕەققە و لە ئێستادا کەس لە دێرەزوور ناژی، چونکە بووەتە ناوچەیەکی سەربازی و هەموو موڵک و ماڵمان تاڵان کرا و هیچی لێ نەماوەتەوە.

 

وتیشی: هەموو جارێک لە شوێنێک کامپمان دەکرد، ئێستا دوو ساڵە و لە کامپێکدا دەژین لە شارۆچکەی کەسرەت لە باشووری شاری ڕەققە، ژیان لە کامپە نافەرمی و هەڕەمەکەییەکانی دەرەوەی شارەکان سەختە، دەبێت کار بکەین و لە زەوییە کشتوکاڵییەکاندا بژێوی ژیانمان پەیدا بکەین، ئێمە کاری ماڵەوە دەکەین و ئاگاداری ئاژەڵەکان دەبین، لەم ڕۆژانەدا لەگەڵ نزیکبوونەوەی زستان کارەکان دوو هێندە زیادی کردووە، دەبێت چادرەکانمان ئامادە بکەین بۆ زستان و بارانبارینی بەخوڕ.

 

ئامینە ئەحمەد بانگەوازی ئاراستەی ڕێکخراوە مرۆییەکان دەکات کە پاڵپشتی خەڵکی کامپەکان بکەن، بەتایبەتی ئەو کامپانەی هەڕەمەکین و  ژنان و منداڵان تیایدا ئازار دەچێژن، وتیشی: پێویستمان بە دەرمانخانەیەک هەیە لەناو کامپەکەدا، ئەمە جگە لەوەی قوتابخانەیەک بۆ منداڵان نییە تا تیایدا بخوێنن.

 

"ئەم ژیانە تاکە ڕێگەیە بۆ ژیانمان"

خەولە ئەحمەد مستەفا، تەمەنی لە ٤٠ ساڵە و دایکی چوار کوڕ و دوو کچە، دەڵێت" لە ساڵی ٢٠١٧ بەهۆی ئەو بۆردومانانەی کە لەلایەن حکومەتی دیمەشقەوە کاریگەرییان لەسەر شارەکە هەبووە، لە دێرەزوور ئاوارە بووین، بۆردومانی ڕێگە و ماڵەکان دەکرا، دوای تێپەڕبوونی ساڵانێک، گەڕانەوە بۆ ماڵەکانمان و بۆ ئەوانەی بڕیاری گەڕانەوەیان دەدەن قورس بووە، سەختە دووبارە ژیانی خۆت بنیاد بنێیتەوە، چونکە لەوێ هیچ نەماوە بۆ ژیان و هەموو شتێک تاڵان کراوە و دزراوە.

 

سەبارەت بە ڕەوشی منداڵانی ناو کامپە هەڕەمەکەییەکان ڕوونیکردەوە، گرنگترین شت کە منداڵ پێویستی پێیەتی مافی خوێندنە، منداڵەکانیشمان لەو مافە بێبەش کراون، هەوڵماندا بنێرین بۆ قوتابخانەیەک کە نمرەی دیاریکراو وانە دەوترێتەوە بەڵام دوور لە کامپەکانە، سەرەڕای بارودۆخی سەختمان لەناو کامپەکاندا، بەڵام تاکە ڕێگایە بۆ ئەوەی بەردەوامی بە ژیانمان بدەین.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "هەوڵماندا لە ڕێگەی چاندنی سەوزەواتەوە بارودۆخی ناو کامپەکەمان باشتر بکەین، بەڵام خاکی ئێرە بۆ کشتوکاڵ ناگونجێت، تاکە ڕێگەی ژیان کارکردنە لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان لە گەرمای هاوین و سەختی زستاندا، لە ئێستادا، من و کوڕەکەم لە کشتوکاڵدا کار دەکەین، بەڵام هاوژینەکەم بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستی ناتوانێت کار بکات و ئازارەکانمان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر دەبن.