کۆنفرانسی ژنان لە لوبنان؛ سیستمی جیهانی دژی ژنان بەڕێوە دەچێت

پانێڵی یەکەمی کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە بیروتی پایتەختی لوبنان بەردەوامە، باس لە ئەنجامی دەستێوەردانەکانی سیستەمی باڵادەستی جیهانی لەسەر ژنانی ناوچەکە لە سەدەی بیست و یەکەمدا دەکرێت.

بەیروت

 

کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بە دروشمی " ژن، ژیان، ئازادی، ئەزمونی تەڤگەری ژنان بۆ ڕزگاربوون لە قەیرانە هەرێمییەکان" لە بەیروتی پایتەختی لوبنان دەستی پێکرد و کۆنفرانسەکە پێشکەش بە ژنانی شەنگال و ئەفغانستان کرا.

 

پانێڵی یەکەمی کۆنفرانسەکە لەبارەی "ئەنجامی دەستێوەردانەکانی سیستەمی باڵادەستی جیهانی لەسەر ژنانی ناوچەکە لە سەدەی ٢١دا" بەڕێوەچوو.

 

"دەبێت ژنان پێشەنگایەتی بکەن"

د. ماری الدیبس، لە لوبنانەوە، سەرۆکی ئینستیتیوتی وەردە بۆترۆس-موسەوا، باسی لە "کاریگەری دەستێوەردانەکانی زلهێزە دەرەکییەکانی ڕۆژئاوا لەسەر ژنانی عەرەب و دەرئەنجامەکانی "بەهاری عەرەبی" و چۆن گۆڕا بۆ پاییز؟" کرد، ئاماژەی بەوەدا بەهاری عەرەبی، بەهار نەبوو، ڕاپەڕینی گەل بوو دژی سیستمی باڵا دەست، کە گەلی لە هەموو مافێکی ژیان بێبەش کرد، قەیرانی دروستکرد و دەسەڵاتێکی باڵادەست بوو لەسەر کۆمەڵگە کە ژیانی لە گەل سەندبووەوە، بۆیە گەل ڕاپەڕی دژی ئەو دەسەڵاتە خۆسەپێنە تا ئازادی بەدەستبهێنێت، ڕاپەڕین ئەنجامی باشی هەبوو، ژنان پێشەنگایەتیان کرد و توانییان لە زۆرێک لە وڵاتان مافەکانی خۆیان بەدەستبهێنن، بۆ نمونە لە تونس ژنان توانییان لە ڕووی یاساییەوە گۆڕانکاری گەورە بکەن و لە زۆرێک وڵاتانی دیکەشدا توانیان پێشەنگایەتی بکەن، بەڵام بەهۆی باڵادەستی سیستم و نەبوونی ئایدیای گەل ئەم شۆڕشە درێژەی نەبوو، بۆیە ئێستا هێزی گەل بۆ بەردەوامیدان بە شۆڕش پێویستە و بۆ ئەوەش دەبێت ژنان پێشەنگایەتی بکەن.

 

بوشرا عەلی، لە کوردستانەوە، سەرۆکی کۆمەڵەی ژنان-ژین لە لوبنان، دەربارەی "کاریگەری قەیرانە ناوچەییەکان لەسەر ژنانی کورد لە وڵاتێکی دابەشکراو بە سیاسەتی کۆلۆنیالیزم" بابەتێکی پێشکەشکرد و باسی لە سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا کرد، لەسەر گەلی کورد و بەتایبەت ژنانی کورد،

 

دکتۆر کەریمە حەفناوی، خەڵکی میسر، ئەندامی دامەزرێنەری بەرەی نیشتمانی ژنانی میسر، لە بارەی "بارودۆخی ژنانی ئەفریقی لە کیشوەرێک کە بە گەورەترین قوربانی هەموو قەیرانە ناوچەییەکان پێناسە کراوە" بابەتێکی پێشکەشکرد و باس لە سیستمی سەرمایەداری و ئەقڵیەتی پیاوسالاری دەکات کە کاریگەری لەسەر وڵاتانی ئەفریقا کردووە و ژنانی لە چوارچێوەی ئایدیاکانی خۆیاندا قەتیس کردووە، یەکسانی لەناو بردووە، وتیشی: دەمەوێت سڵاو لە ژنانی فەلەستین بکەم، کە دژی سیستمێکی دیکتاتۆری جیهانی دەجەنگن لەپێناو ئازادی و ژیان و پاراستنی وڵاتەکەیان، دەمەوێت لەسەر وڵاتانی ئەفریقی قسە بکەم کە ژنانی ئەفریقا کاریگەریی بەرچاویان هەیە لە ئاواکردنی کۆمەڵگەیەکی شایستە بۆ خەڵکەکەی، چەندین لێکۆڵینەوە جەختیان لە پەیوەندی نێوان ژن و خاک کردووەتەوە، ئەفریقاش خاکی بەپیتی جیهانە، بۆیە پاراستنی ئەو خاکە بووەتە ئەرکی ژنان، ئێستا کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر جیهان هەیە، ئەمەش کاریگەری لەسەر هەموو چینەکانی کۆمەڵگە کردووە و ژنانیش بەرکەوتەی سەرەکین.

 

شەهرەزاد ئەرشەدی، هونەرمەند و چالاکوانی بواری دادپەروەری کۆمەڵایەتی، لەبارەی دۆخی ژنانی فارس لە ژێر سایەی ڕژێمی ڕۆحانیی و قەیرانی ناوچەیی و دوورخستنەوەی ژنانی ئەفغانی لە بوارەکانی ژیان، دوای دەستگرتنی تاڵیبان بەسەر وڵاتدا، لە ڕێگەی ڤیدیۆیەوە وتاری خۆی پێشکەشکرد و جەختی لە شۆڕشی ژینا، بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کردەوە کە توانی گۆڕانکاری گەورە لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی وڵاتی ئێران بکات، کە ژنان بوونە پێشەنگی شۆڕش و لە شەقامەکاندا دەنگی ئازادییان بەرز کردەوە، دەربارەی دۆخی ئەفغانستان دوای هاتنی تاڵیبان وتی: تاڵیبان ژنانی لە هەموو بوارەکانی ژیان دوورخستووەتەوە، لە مافی خوێندن و کارکردن و چوونە دەرەوە لە ماڵ بێبەشی کردوون و بە زۆر هاوسەرگیرییان پێدەکات، ژنانی ئەفغانی هێز لە ژنانی ئێران، بە پێشەنگایەتی ژنانی کورد وەردەگرن، بۆیە دەڵێم، ژن، ژیان، ئازادی.

 

کۆنفرانسەکە بە گفتووگۆ کردن بەردەوامی هەیە و پانێڵی دووەم بە ناونیشانی ئەزموونی ژنانی کورد بۆ ڕزگار بوون لە قەیرانەکانی ناوچەکە، بەڕێوە دەچێت.