تەژەکە-ئە کەمپینی نامە ناردنی دەستپێکرد
تەژەکە-ئە رایگەیاند، دەبێت دەستبەجێ بڕیاری کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا سەبارەت بە ئیمراڵی جێبەجێ بکرێت و ئەوەشی خستەڕوو، لە ٢١ی تشرینی یەکەمەوە دەست بە کەمپینی نامە ناردن دەکەن.
ناوەندی هەواڵ
کۆردیناسیۆنی تەڤگەری ژنانی کورد لە ئەوروپا "تەژەکە-ئە" بە ڕاگەیەندراوێک ئاشکرایکرد لە پێناو وەستاندنی ئەشکەنجە لە ئیمراڵی لەئەمڕۆوە ٢١ی تشرینی یەکەم دەست بە هەڵمەتی نامە ناردن دەکەن بۆ کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا و لە ڕێگەی ئەم کەمپینەوە دەنگ و خواستەکانیان دەگەیەنن بە گەلان.
" گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ گۆڕدراوە بۆ سیستمی قڕکردن"
لە سەرەتای ڕاگەیەندراوەکەدا تەژەکە-ئە باسی گۆشەگیری سەختی ئیمراڵی کردووەو تێیدا هاتووە: گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ گۆڕدراوە بۆ سیستمی قڕکردن لە دژی هەموو گەلی کورد، هەڵمەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد' ساڵێکی پڕ لە دەستکەوتی تێکۆشانی تێپەڕکرد و لە هەموو جیهاندا بیرۆکەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی بڵاوکردەوە.
"ڕێبەر ئاپۆ ئافرێنەری دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی'ە"
ئەمە بۆ هەموو ئێمەی ژنان زۆر گرنگترە، ڕێبەر ئاپۆ ئافرێنەری دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یە. ڕێبەر ئاپۆ هەموو ژیانی خۆی لە پێناو ڕزگاری ژن و ئازادی گەلی کورد و مرۆڤایەتی بەخت کرد، بۆ بەدیهێنانی ئەمەش خەبات و بەرخۆدانێکی بەخشی کە لە جیهاندا هیچ نموونەیەکی نییە و برەوی بە بوژانەوەی ئیمان و ئومێد دا، ٢٥ ساڵە ڕێبەرمان لە زیندانی ئیمرالیە لەژێر گۆشەگیرییەکی تونددایە و بەردەوامە لە بەرخۆدانی مێژوویی خۆی بۆ ئازادی ژن و کۆمەڵگە و مرۆڤایەتی، ڕێبەر ئاپۆ بۆ چارەسەرکردنی زۆرێک لە کێشە و شەڕەکانی جیهان و بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پارادایمی ئازادی ژنان و دیموکراسی و ئیکۆلۆژیای پێشخست.
بانگەواز بۆ گەلانی ئەوروپا
ئاماژە بەوەشکراوە، لە چوارچێوەی هەڵمەتی ئازادی و لە ساڵی دووەمی تێکۆشانیدا دەست بە کەمپینی نامە ناردن دەکەن و لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: وەک تەڤگەری ژنانی کورد لە ئەوروپا لەسەر بنەمای کەمپینی 'تیشکی خۆر' لە ٢١ی تشرینی یەکەمەوە دەست بە ناردنی نامە دەکەین بۆ ئەنجومەنی ئەوروپا، بانگەواز ئاراستەی گەلەکەمان دەکەین کە لە ئەوروپان، بە داخوازینامە-نوسراوەکانیانەوە پشتگیری بدەنە دۆخی ڕێبەرایەتی، بەم کەمپینەوە دەنگمان بگەیەنین بە گەلانی ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئینگلیز و گەلانی دیکە و بازنەیەکی نوێ لەدەوری ڕێبەری ئاپۆ زیاد دەکەین.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە ڕێگەی ئەم کامپینەوە سەفەربەر دەبین بۆ ڕێپێوانی گەورە کە لە ١٦ی تشرینی دووەم لە پێناوی ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە کۆڵنی ئەڵمانیا ئەنجام دەدرێت.