کۆنگرەی ئازادی و گۆڕان لە بەغدا بەڕێوەچوو

کۆنگرەی ئازادی و گۆڕان کە لە بەغدای پایتەختی عێراق بەڕێوەچوو، جەختی لەوە کردەوە، کە دۆسیەی بان زیاد تاریق، پزیشک پرسێکی بۆچوونی گشتییە کە پەیوەندی بە هەموو کۆمەڵگەی عێراقەوە هەیە و لە بنەڕەتدا سیاسییە، تیرۆرکردنی سیاسی ژنان بۆتە دیاردەیەکی نائارامکەر.

رەجا حەمید ڕەشید

 

عێراق- بۆ هاوسۆزی لەگەڵ دۆسیەی بان زیاد تاریق، پزیشک و ڕەتکردنەوەی ئەو ڕاپۆرتەی لیژنەی بەدواداچوون ڕایدەگەیەنێت، ڕۆژی ٢٢ی ئاب، کۆنگرەی ئازادی و گۆڕانکاری بە ناونیشانی "تیرۆرکردنی سیاسیی ژنان لە عێراق" لە بەغدای پایتەخت بەڕێوەچوو.

 

لە کۆنگرەکەدا ڕونکرایەوە، کە عێراق شایەتحاڵی ژمارەیەکی زۆر کوشتنی ژنانە، هەروەها بووەتە دیاردەیەکی نائارامکەر، بان زیاد تاریق، پزیشک یەکەم قوربانی نەبووە، بەو پێیەی پێشتر چەند ژنێک بە خوێنی سارد تیرۆر کراون، وەک سارا تالیب و ڕێهام یەعقوب و سارا عەبودی، هەوڵدان بۆ وێناکردنی کوشتنی بان، پزیشک وەک "خۆکوشتن" گێڕانەوەیەکی زەق و شکستخواردوە، ئامانج لەم تاوانانە بێلایەنکردن و بێدەنگکردنی ژنانە، لە چوارچێوەی سەپاندنی دەسەڵاتی تاکڕەودا کە هەوڵدەدات گەندەڵی بەردەوام بکات و سامانی گشتی تاڵان بکات، هەروەها ئامانجی ئەوەیە ژنان لە بەشداریکردن لە پرۆسەی گۆڕانکاری و گۆڕانی سیاسی لە عێراق دوور بخاتەوە و مافی تێکۆشانیان بۆ ئازادی و دادپەروەری زەوت بکات.

 

لەیلا شەتری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی کۆنگرەی ئازادی و گۆڕان لە وتارەکەیدا، کوشتنی بان زیاد تاریق، پزیشکی شەرمەزار کرد کە پێشێلکردنی ئاشکرای مافی ژیان و بنەما بنەڕەتیەکانی مافی مرۆڤ و یاسای نیشتمانی و نێودەوڵەتی پێکدەهێنێت.

 

لەیلا شەتری داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە و ڕوون بکەنەوە و دڵنیابن لەوەی تاوانباران لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و لە سزا ڕزگاریان نابێت، هەروەها بەرپرسیارێتی یاسای و ئەخلاقی لە بەرامبەر هەموو ئەو کەسانەدا لە ئەستۆ گرت کە هاندەرن یان ئاسانکارییان بۆ ئەنجامدانی ئەم تاوانە کردوە، جەختی لەوە کردەوە، کە پاراستنی کارمەندانی مەدەنی و پزیشکی لە ئەستۆی حکومەت و کۆمەڵگەدایە و ئاشتی تەنها بە سەروەری یاسا و کۆتاییهێنان بە سووڕی توندوتیژی بەدەست دێت.

 

"داواکاری یاسایی و مرۆیی بۆ بەهێزکردنی پێگەی ژنان"

فەوزیە ڕەشید حەمید، پارێزەر ڕایگەیاند، لەدەستدانی بان، پزیشکمان خەسارەتێکی گەورەیە لەسەر هەردوو ئاستی پیشەیی و مرۆیی، وەک ژن و دایک هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەم کە نوێنەرایەتی ژنانی عێراق بکەم و بەرگری لە مافەکانیان بکەم.

 

داواکراوە کە دەرفەت بۆ ژنان بڕەخسێنرێت بۆ ئەوەی ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆیان لە کۆمەڵگەدا بگێڕن، چونکە ئەوان دایک و کرێکارن بەڵام هێشتا بەدەست یاسای نادادپەروەرییەوە دەناڵێنن، بەتایبەتی سەبارەت بە بەخێوکردن و یاساکانی تر کە دەبنە هۆی زیادبوونی توندوتیژی دژ بە ژنان و منداڵان و خێزان لە عێراق بە گشتی.

 

جەختیشی کردەوە، لەسەر پێویستی دەرکردنی یاسای نوێ یان هەموارکردنەوەی یاسای هەنوکەی بۆ دەستەبەرکردنی پاڵپشتی ژنان و کەمکردنەوەی ئەو زیانانەی ڕوبەڕویان دەبێتەوە، چونکە پاڵپشتیکردنی ژنان بە واتای پاڵپشتیکردنی کۆمەڵگەیە بە گشتی، بەو پێیەی ژنان توخمێکی کاریگەرن و بناغەی کۆمەڵگەن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە بەهۆی کارەکانم لە دادگاکان، نوێنەرایەتی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەم کردوە، هیوادارم دەنگی هەموو ژنێکی عێراقی بم و ئازارەکانیان بە ڕاستی بگەیەنم، هێشتا دەنگی ژنان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا وەک پێویست نابیسترێت، هەروەها دروست نییە بەردەوام بێت لە پەراوێزخستنیان یان پشتگوێخستنی ڕۆڵی ناوەکییان لە بونیادنانی میللەتدا.

 

شەهەد سامر، کەسایەتی ڕاگەیاندنی، جەختی لە گرنگی مرۆیی بەستنی ئەو جۆرە کۆنگرە کردەوە و ڕوونیکردەوە، کە کۆنگرەکە تیرۆرە سیاسییەکان و هەروەها ئەو تیرۆرە ڕۆتینییانەیان شەرمەزار کردوە کە ژنانی عێراقی ڕوبەڕوی دەبنەوە، کە چەندین ساڵە بەدەست نادادپەروەری و ستەمکارییەوە دەناڵێنن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئێمە داواکاریی خۆمان بۆ دادپەروەری و پاڵپشتی بۆ ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا دوپات دەکەینەوە، بە دەرکردنی یاسای دادپەروەرانە کە لە دەستووری عێراقدا جێگیرکراون بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانیان، بەو پێیەی لەمێژە بەدەست بڕیار و یاسادانانی نادادپەروەرانە دەناڵێنن.

 

دەرئەنجامەکانی کۆنگرە

کۆنگرەکە بە کۆمەڵێک داواکاری کۆتایی هات، دیارترینیان پێکهێنانی لیژنەیەکی نوێی لێکۆڵینەوە کە نوێنەرانی ناوەندی پارێزەرانی تێدا بێت وەک نوێنەری بەرژەوەندی گشتی، بەشداریکردنی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە سەرپەرشتیکردنی لێکۆڵینەوەکەدا، ڕاگەیاندنی ئاشکرای ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە، دەستەبەرکردنی ئازادی ڕاگەیاندن بۆ کارکردن بەبێ فشار، دابینکردنی پاراستنی یاسایی و ڕاگەیاندنی بۆ دڵنیابوون لە ئاشکرابوونی بارودۆخی دەوروبەری مردنی بان زیاد تاریق، پزیشک و هەموارکردنەوەی ئەو یاسایانەی کە ڕێگە بە دەستبەرداربوون لە مافە کەسییەکان دەدەن لە حاڵەتەکانی تیرۆرکردن، وەک "کوشتنی شەرەف" و کوشتنی بە ئەنقەست، بۆ ئەوەی مافە گشتیەکان زاڵ بن.