تۆڕی هاوپەیمانیی ١٩: بەكام بەندی یاسا كۆنگرەی ڕۆژنامەگەری قەدەغە دەكرێت؟
تۆڕی هاوپەیمانیی ١٩ بڵاوی کردەوە، ڕێگریكردن لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكان لە هەولێر و سلێمانی، بەبێ پاساوێكی یاسایی ڕوون، پێشێلكردنی ئازادی ڕادەربڕینە، داوا دەكەین مەرجی بوونی مۆڵەت بۆ كۆنگرەی ڕۆژنامەگەری لە شوێنی كراوە و داخراودا لاببرێت.

ناوەندی هەواڵ
تۆڕی هاوپەیمانیی ١٩ کە لایەن كۆمەڵێک ڕێكخراو داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ دامەزراوە، سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات، داكۆكی لە پرنیسپەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەكانی دیكەی تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكات، بە تایبەتیش بەندی ١٩ـی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان، سەبارەت بە قەدەغەکردنی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: ڕێگریكردن لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكان لە هەولێر و سلێمانی، بەبێ پاساوێكی یاسایی ڕوون، پێشێلكردنی ئازادی ڕادەربڕینە، داوا دەكەین مەرجی بوونی مۆڵەت بۆ كۆنگرەی ڕۆژنامەگەری لە شوێنی كراوە و داخراودا لاببرێت و ڕێكخراوەكان ئازادانە و بێ سەركوتكردن كاری خۆیان ئەنجامبدەن.
ئاماژە بەوەشکراوە، بەیانی ڕۆژی شەممە ٢٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، بڕیاربوو ڕێكخراوی پیشەیی مامۆستایان، دەستەی باڵای مامۆستایانی پێشەنگ، دەستەی داكۆكیكردن لە مافی مامۆستایانی، لە باخچەیەک لە بەرانبەر پەرلەمانی هەرێمی كوردستان كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەگەری ڕێكبخەن و یاداشتێک بخوێننەوە كە داخوازی پیشەیی مامۆستانی لە خۆ گرتووە، بەڵام هێزە ئەمنییەكان ڕێگریان لێكردن.
مەغدید حاجی، لە ڕێكخراوی پیشەیی مامۆستایان بە تۆڕی ١٩ـی ڕاگەیاند، هێزی ئەمنی بڵاوەی پێكرابوو نەیانهێشت كۆنگرەكە بكەین و ڕێگەیشیان نەدەدا ڕۆژنامەنووسان لێمان نزیكببنەوە، وتیشی: كۆنگرە ڕۆژنامەگەرییەكەمان بردە شوێنێكی دیكە و یاداشتەكەمان خوێندەوە .
هاوکات، لە ٩ـی ئەیلوولی ٢٠٢٥، بڕیاربوو ڕێكخراوی كوردستانی كۆنگرەی ئازادی و گۆڕانكاری، لە پاركی نالی شاری سلێمانی، كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەگەری ببەستن، هێزە ئەمنییەكان بە پاساوی نەبوونی مۆڵەت، ڕێگەیان نەدا چالاكییەكەیان ئەنجامبدەن.
بەها عومەر، بە تۆڕی ١٩ـی ڕاگەیاند، ئامانجمان داكۆكیكردنە لە ئازادی و ئەمنییەتی ئەم شارە، هەستكردنمان بە بەرپەسیاریەتی و هەڵوێست نیشاندان بۆ بەرگریكردن لە ئازادی، بەڵام ڕێگەیان نەداین و چوینە شوێنێكی دیكە كۆنگرەكەمان ئەنجامدا.
ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەو دوو چالاكییە گردبوونەوەی گشتی نەبوون بە مەبەستی خۆپیشاندان، مانگرتن، پەناگیری، وەک لە ماددەی یەكی یاسای ژمارە ١١ـی ساڵی ٢٠١٠ـی ڕێكخستنی خۆپیشاندان هاتووە، تا ڕێكخەرانی داوای مۆڵەت لە لایەنی پەیوەندیدار بكەن، ئەوانیش قبوڵ یان ڕەتیبكەنەوە، بەڵكوو كۆنگرەی ڕۆژنامەگەری بوون بە ئامانجی گەیاندنی پەیامی كۆمەڵی هاوڵاتی بوون بۆ بەرپرسانی حكومەتی هەرێم.
باس لەوەکراوە، یاسای ژمارە ١١ـی ساڵی ٢٠١٠بۆ ڕێكخستنی خۆپیشاندان، تیشك دەخاتە سەر خۆپیشاندان و ڕێپێوان و كۆبوونەوە لە شوێنە گشتییەكاندا، بەڵام باسی لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكان نەكردوە، كەچی ئێستا لە زۆربەی شارەكانی هەرێمی كوردستان، نەک لە شوێنی كراوەدا، بەڵكوو لە هۆڵی داخراویشدا دەزگانی ئاسایش داوای مۆڵەت دەكەن، دەیخەنە چوارچێوەی ئەو یاسایەوە.
تۆڕی هاوپەیمانی ١٩ ڕایگەیاند، ڕێگریكردن لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكان لە هەولێر و سلێمانی، بەبێ پاساوێكی یاسایی ڕوون، پێشێلكردنی ئازادی ڕادەربڕینە، داوا دەكەین مەرجی بوونی مۆڵەت بۆ كۆنگرەی ڕۆژنامەگەری لە شوێنی كراوە و داخراودا لاببرێت و ڕێكخراوەكان ئازادانە و بێ سەركوتكردن كاری خۆیان ئەنجامبدەن.