دۆخی تەندروستی لە ئەفغانستان بەهۆی کەمی نەخۆشخانەوە خراپتر دەبێت

خەڵکی پارێزگای هەرات بەهۆی کەمی ژمارەی نەخۆشخانەکانەوە دەناڵێنن، ئەمەش دەبێتە هۆی ڕێژەیەکی بەرزی گیان لەدەستدان، کە زۆربەیان دایکانی دووگیان و منداڵەکانیانن.

بەهاران لەهیب

 

کابول- تەنها یەک نەخۆشخانەی حکومی هەیە لە ناوەندی پارێزگای هەرات لە ئەفغانستان، کە هەموو نەخۆشەکانی پارێزگاکە سەردانی دەکەن و لە هەمان کاتدا لە یەک یان دوو نەخۆشخانەی تایبەت زیاتر نییە، وا لە خەڵک دەکات چەند کاتژمێرێک لە ڕیزدا بن بۆ بینینی پزیشک.

 

جەمیلە وەهاب لەگەڵ منداڵی هاوژینەکەی چوو بۆ نەخۆشخانەی هەرات لەبەر ئەوەی ئازاری ددانی هەبوو، جەمیلە وەهاب وتی: کاتژمێر ٨:٠٠ بەیانی لە ناوچەی ئینجیلەوە هاتووین،  کاتژمێرێک لە شارەوە دوورە، بەڵام بووە نیوەڕۆ نەمتوانی سەردانی پزیشک بکەم.

 

نەخۆشەکان لەبەر دوو هۆکار نەیانتوانی بگەنە پزیشک، یەکەمیان ژمارەی نەخۆشەکان زۆرە و ژمارەیەکی کەم لە پزیشکەکان لە نەخۆشخانەکەدا هەن، هۆکارێکی دیکەش ئەوەیە کە تاڵیبان نەخۆشە پیاوەکانی دابەش کردووە بە بینینی پزیشک و نەخۆشە ژنەکان بۆ بینینی پزیشکێکی ژن، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کارمەندانی نەخۆشخانەکە ڕووبەڕووی چەندین کێشە ببنەوە لەگەڵ نەخۆشەکاندا.

 

لە بەرامبەردا، "ش.س" پزیشکی دڵ ئاماژەی بەوەکرد، ئەو تاکە پسپۆڕی بەشی دڵی ئەم نەخۆشخانەیەیە و بە بڕیاری تاڵیبان چیتر ناتوانێت چارەسەری نەخۆشە پیاوەکان بکات، وتی: بەو بڕیارانە هەموو نەخۆشەکان لەناودەبرێن، چونکە ئەرکمان ڕزگارکردنی ژیانی مرۆڤە، جا پیاو بێت یان ژن، بۆیە پزیشکەکانی نەخۆشخانەکە بڕیاریاندا ملکەچی بڕیارەکانی تاڵیبان نەبن.

 

وتیشی: هەرچەندە وەزارەتی برەودان بە چاکە و ڕێگریکردن لە خراپەکاران سووکایەتیمان پێدەکات بەهۆی پابەندنەبوونمان بە بڕیارەکانیانەوە، بەڵام وەک پزیشک گوێیان لێ ناگرین، بۆیە ئەرکی ئێمەیە خزمەتی خەڵک بکەین.