لە باکووری کوردستان و تورکیا لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا حەوت ژن کوژران و گیانیان لەدەستدا
لە ماوەی شەش ڕۆژی ڕابردوودا، چوار ژن لە شارە جیاوازەکانی تورکیا و باکووری کوردستان لەلایەن پیاوانەوە کوژراون. هاوکات سێ ژنی دیکە بەهۆی هێرشەوە بە سەختی بریندار بوون، و سێ ژنی تریش لە بارودۆخێکی تەمومژاوی و نادیاردا گیانیان لەدەستداوە
ناوەندی هەواڵ
توندوتیژی دژی ژنان بەردەوام لە هەڵکشاندایە، لە سەرەتای جەژنی قوربانەوە تا ئێستا چوار ژن کوژراون و سێ ژنی دیکە بە سەختی بریندار بوون و سێ ژنیش لە هەلومەرجێکی گوماناویدا گیانیان لەدەستداوە.
لە یەکەم ڕۆژی جەژندا، ٢٧ی ئایار، ئامینە ئاسن لە ناوچەی قزلتەپەی سەر بە پارێزگای ماردین بە برینێکی سەختی گوللـە دۆزرایەوە، دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
لە کوجالی، پارێزگای ئیزمیت، (شەفەق.ئ)، کە بۆ جەژنی قوربان لە زیندان ئازاد کرابوو، هەوڵی کوشتنی هاوژینەکەی (گولیشا. ئ)و ژنێکی دیکەی ناو ماڵەکە بە ناوی (عیدە. د) داوە و برینداری کردوون بە ئامێرێکی تیژ، دواتر لە شوێنی ڕووداوەکە هەڵاتووە، دەستگیرکراوە.
لە شاری بوردور، ٢٧ی ئایار (فیلی. ئ) تەقەی لە هاوژینەکەی پێشووی (سادات. ئ) کرد و بە سەختی بریندار بوو، هەڵهات بەڵام دواتر دەستگیرکرا، ئاماکە بەوە کراوە، کە (سادت. ا) دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە باری تەندروستی ناجێگیرە.
ڕۆژی ٢٩ی ئایار، تەرمی هەدیە کاراکولاک (٥٣ ساڵ) لە بارودۆخێکی گوماناویدا لە نزیک ڕێڕەوێکی ئاوی شاری ئەردەهان دۆزرایەوە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە.
لە ٣٠ی ئایاردا، شاری چناق قلعە، ڕەمەزان ژانتورک هاوژوورەکەی مایا ئولکەری کوشت، بە فەرمانی دادگا بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر و زیندانی کرا.
لە شاری کرکلارلی، نووسەر ئایتن ئۆزتورک لە کاتی سەردانیکردنی دایکی و کەسوکاری بۆ جەژنی قوربان لەلایەن کوڕەزاکەیەوە بە ئامێرێکی تیژ کوژرا، تاوانبارەکە هەڵاتووە بەڵام دواتر دەستگیرکراوە.
لە ٣١ی ئایاردا، شاری ئێلازیغ، پۆلیسێک تەقەی لە ژنەکەی کرد و کوشتی، دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوەش دەستیپێکرد.
مردن لە بارودۆخێکی نهێنیدا
لە شاری قونیا، خوێندکارێکی زانکۆی تەمەن ١٩ ساڵ کە لە چایخانەیەکدا کاردەکرد، لە بارودۆخێکی نهێنیدا لەناو ژوورێکی عەمبارکردن لە شوێنی کارەکەیدا بە مردوویی دۆزرایەوە، ڕپۆرتی لێکۆڵینەوەش کرایەوە.
ڕۆژی ١ی حوزەیران لە فاتح ئیستەنبوڵ، ژنێک بەهۆی کەوتنەخوارەوەی لە نهۆمی پێنجەمی باڵەخانەیەکەوە بە گومانوی گیانی لەدەستدا.