ئەنجامنامەی کۆنفڕانسی ١٠٠ ساڵەی لۆزان

ئەنجامنامەی کۆنفڕانسی لۆزان ڕاگەیەندراو ئاماژە بەوەکرا، بۆ گەیشتن بە ھەموو ئامانجەکانی گەلی کوردستان پێویستە بەھەموو شێوەیەک یەکێتی و یەک دەنگی لە ئاستی باڵادا پێکبھێندرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕۆژانی ٢٢-٢٤ی تەمموزی ٢٠٢٣ لە شاری لۆزانی وڵاتی سویسرا بەبەشداری پارت و ڕێکخراوە کوردستانیەکان و ژمارەیەکی زۆر لە ئەکادیمیست و یاساناس و ڕوناکبیرو کەسایەتی، نوێنەری پێکھاتە نەتەوەیی و ئاینیەکان و ژنان، کۆنفرانسی ١٠٠ ساڵەی لۆزان بەسترا.

 

لە کۆنفڕانسەکەدا بە چڕوپڕی لێکەوتەو دەرئەنجامەکانی پەیمانی لۆزان تاوتوێ کراو لەھەموو ڕووەکانەوە لێکدانەوە بۆ لێکەوتە خراپەکانی کرا.

 

کۆنفڕانسەکە تەواوی پێشنیارو ڕاسپاردەو ئەرکەکانی بەم جۆرەی خوارەوە دابەشی سێ ئاستی ناوخۆیی و ناوچەویی و نێودەوڵەتی کرد.

 

لە ئاستی نێودەوڵەتی:

١- پێویستە کۆمەڵی نێودەوڵەتی پشتیوانی داوای گەلی کوردستان بێت لەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە بۆ بەدیھێنانی مافی چارەنووس.

٢- لە ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکاندا، کۆمسیۆنێکی نێونەتەوەیی دروست بکرێت، کە نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستانی تێدابێت، ئەو کۆمسیۆنە لەگەڵ دەوڵەتانی بەشداری پەیمانی لۆزان پەیوەندی دروست بکات بۆ هەلومەرجی دیالۆگ و ڕێگای ئاشتیخوازانه لەپێناو چارەسەری دۆزی کورد بەپێی جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤ.

٣- کورد ببێتە ئەندامی چاودێر لە Rێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەنان, بۆ ئەم مەبەستە ھەنگاوی کرداری بندرێت.

٤- ھەوڵ بدرێت ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە ببن بە ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، لە پێناو پاراستنی گەلی کوردستان لە تاوانە نێودەوڵەتیەکان.

٥- دامەزراندنی دامەزراوەیەکی نیشتمانی ھاوبەشی کوردستانی بۆ چالاکی دیپلۆماسی و جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەم ئەنجام نامەیە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.

٦- لەماوەی سەد ساڵی لۆزاندا چەندین پرۆسەی قڕکردن و کۆمەڵکوژی و تاوانی نێودەوڵەتی دەرھەق بە گەلی کوردستان ئەنجام دراوە، پێویستە وڵاتانی واژۆکەری لۆزان قەرەبووی ئەو تاوانانە بکەنەوە. دڵنییاش فەراھەم بکەن بۆ رێگەگرتن لە روودانەوەی تاوانی نێودەوڵەتی بەرامبەر بەگەلی کوردستان. بە پشت بەستن بە یاسای قەدەغەکردن و سزادانی تاوانی نێودەوڵی.

٧- ڕێگری کردن لە ھێرشی ئاسمانی دژ بەگەلی کوردستان بەگشتی و لە ڕۆژئاواو باشووری کوردستان بەتایبەتی، بە دامەزراندنی ناوچەی دژە فڕین لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی, یان لەگەڵیدا ھێزی ئاشتی پارێزی نێودەوڵەتی لە نێوان تورکیاو Rۆژئاوای کوردستان جێگیر بکرێت لە پێناو ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.

٨- لەپێناو دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی و دەستەبەر کردنی سەقامگیریی و چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی دایەلۆگەوە داواکارین بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان و گیراوانی تری سیاسی ئازاد بکرێن.

 

لە ئاستی ناوخۆیی کوردستان:

١- پاراستن و پێشخستنی بەرژەوەندیە باڵا نیشتمانیەکانی کوردستان لەسەرووی ھەموو بەرژەوەندیە کەسی و سیاسیەکان.

٢- وەلانانی ناکۆکیە سیاسیە ناوخۆییەکان و کارکردن بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی ناکۆکیە ناوخۆییەکان.

٣- دەستوەرنەدان لەکاروباری ناوخۆیی بەشەکانی کوردستان و بەئەولەویەتگرتنی پاراستنی و پشتگیری لەقەوارەی ھەرێمی کوردستان و خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا، پێکھێنانی کۆمیتەیەکی ھاوبەش لە نێوان باشووری کوردستان و خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا بۆ ھەماھەنگی ھاوکاری لەبواری سیاسی و ئابوری و کولتووری و کۆمەڵایەتی.

٤- بانگەواز دەکەین بۆ سازدانی کۆنفڕانسێکی نیشتمانی و نەتەوەیی و پێکھێنانی کۆمیتەیەکی ھاوبەش بۆ دانانی ستراتیژو پلانی خەبات و تێکۆشان لە ئاستی ھەر چوار پارچەی کوردستان.

٥- مسۆگەرکردنی پاراستنی تایبەتمەندی و ڕێزگرتن لە پێکەوە ژیانی پێکھاتەکانی کوردستان و بەھەموو نەتەوەو ئاین و ئاینزاکان.

٦- نرخاندن و ھاندانی خەباتی ئازادی ژنان ھاوشانی پیاوان لە پێناو برەو دانی زیاتر بەو خەباتە نمونەییە لەناو کۆمەڵی کوردستاندا.

 

لەئاستی ناوچەیی و ئەو وڵاتانەی کوردستانی بەسەردا دابەش کراوە:

١- پارچەکانی کوردستان لەناو سنوری دەوڵەتی سووریاو تورکیا بە فەرمی بناسرێن لە ناو تورکیا و سووریادا بەو دیفاکتۆیەکیەی کە خۆیان دەخوازن پەسەند بکرێن.

٢- ئەو دیفاکتۆ خۆبەڕێوبەری کوردستان لە ناو ناوەندە نێودەوڵەتیەکان و بەتایبەتی نەتەوە یەگگرتوەکان دانی پێدا بندرێت و بەفەرمی بناسرێت.

٣- بۆ گەیشتن بە ھەموو ئامانجەکانی خەڵکی کوردستان پێویستە بەھەموو شێوەیەک یەکێتی و یەکدەنگی لە ئاستی باڵادا پێکبھێندرێت، شکاندنی سەردەمی پەیمانی لۆزان بەتەنیا بە ڕێکەوتنی ناوخۆیی دەسەلمێنرێت و دەچەسپێت.

٤- داخوازیەکی جدی لە دەوڵەتی تورکیا دەکرێت بە بەڵێنەی لە پەیمانی لۆزاندا بە کەمیایەتیەکانی نا موسڵمان دراوە بێ جیاوازی و ھەڵاوێردەکردن جێبەجێ بکرێت.

٥- ئێزدی و یارسانەکان کە لەناو کاتاگۆری ناموسڵماندان ناساندنی فەرمیان پەسەند بکرێت، بە جۆرێک ئەو مافەی بۆ ڕۆم و ئەرمەنی و سریانی وکلدانی قبوڵ کراوە بۆ کوردانی ئێزیدی و یارسانەکان پەسەند بکرێت.

٦- پێویستە لەسەر حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان ھەریەک نوسینگەیەکی تایبەت بە پەیمانی لۆزان و لێکەوتەکانی و ئەرکەکان بەرابەری بکرێتەوە.

٧- ئۆرگانێکی ڕاوێژکاری و ڕێنیشاندەر لە نێوان بەشەکانی کوردستان دروست بکرێت.

لە پێناو ھۆشیاروی بەرچاو ڕوونی و پلاندانانی ھاوبەش.

٨- دواکارین لە ھەردوو دەسەڵادارانی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان دەکەین، ھەموو گرفتەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن و لە بەرامبەردا ھەموو تێکەڵاویەکی سیاسی و کولتووری و ئابوری کۆمەڵاتی لەنێوان خۆدا پیادە بکەن، بە پشت بەستن بە بڕیاری پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فەرمی ناسینی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان.

٩- بە پێی مادەی ١٤٠ ی دەستوری ھەمیشەیی عێراق چارەسەری کێشەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێم بکرێت و ڕەچاوی تایبەتمەندی ناوچە تەعریبکراوەکان بکرێت.

 

سەرکەوتوو دەبێت ئیرادەی گەلی کوردستان

نەمری بۆ شەھیدانی ڕێگای ئازادی گەلی کوردستان.