تەرمى دوو منداڵى هەرێمی کوردستان لە کەناراوەکانى ئیتاڵیا دۆزرانەوە

هەشت تەرم لە کەناراوەکانى ئیتاڵیا دۆزراونەتەوە، لەناو ئەو بەلەمەدابوون کە ساڵى ڕابردوو ژێرئاوکەوت، دووانیان منداڵن و خەڵکی هەرێمى کوردستانن.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژى ١٧ـی حوزەیرانى ٢٠٢٤، بەلەمێک بە زیاتر لە ٧٠ کۆچبەرەوە کە زۆرینەیان کوردبوون، لە کەناراوەکانى کالابریا لە ئیتاڵیا ژێرئاوکەوت و تەنیا ١٠ کۆچبەریان ڕزگارکران و تەرمى ٤٣ کۆچبەر لە پاش ڕووداوەکە دۆزرانەوە و ١٣یان گەڕێندرانەوە هەرێمى کوردستان.

 

کۆمەڵەى پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەورووپا ڕایگەیاند، هەشت تەرم لە کەناراوەکانى ئیتاڵیا لە ماوەى دوو مانگى ڕابردوودا دۆزراونەتەوە و پشکنینیان بۆ کراوە، دەرکەوتووە دوانیان دوو منداڵى خەڵکى هەرێمى کوردستانن و پێش کۆچکردنیان لەگەڵ خێزانەکەیان لە شارى هەولێر نیشتەجێبوون.

 

ئاماژە بەوەکراوە، هەردوو منداڵەکە ئەندامى ئەو خێزانە هەشت کەسییەن، کە لە ڕووداوەکەدا گیانیان لەدەستدا و ڕاستەوخۆ تەرمى دووانیان دۆزرابوونەوە.

 

ئاماژەى بەوەشکرد، پاش دۆزینەوەى تەرمى ئەو دوو منداڵە، هێشتا تەرمى چوار ئەندامى خێزانەکە نەدۆزراونەتەوە.