تەنها ٢٢ ڕۆژ؛ ١٢ ژن کوژراون یان بە گوماناویی گیانیان لەدەستداوە

گەشە دارا حەفید، پارێزەر دەڵێت: پێویستە سزای کوشتنەکانی ژنان توندتر بکرێتەوە، ئەگەر سزا توندبێت، یان لێخۆشبوونی تێدا نەبێت ئەوا کەسێکی دیکە ناتوانێت هەمان تاوان بە ئاسانی دووبارە بکاتەوە.

هێلین ئەحمەد

 

 سلێمانی_ لە ماوەیەکی کورتدا، کوشتنی ژنان لە باشووری کوردستان بووەتە دیاردەیەکی نیگەرانی‌هێنەر، زۆرجار پیاوان بەهۆی توندوتیژیی ناوماڵ، پیاوسالاری، کۆنترۆڵکردنی ژن و هەندێک جار بە پاساوی شەرەف و ئابڕو دەبنە هۆی ئەم تاوانانە، ئەم کوشتنانە تەنها ژیانی ژنێک لەناونابات، بەڵکو خێزانەکەی تێکدەدات، منداڵان تووشی زیانی دەروونی دەکات و هەستی ترس و نائاسایی لە کۆمەڵگە بڵاودەکاتەوە، بۆ ڕێگری لەم دیاردەیە، پێویستە توندوتیژی دژی ژنان بە جددی وەربگیرێت، ژنان پارێزراو بن و تاوانباران بە یاسا سزا بدرێن، کۆتایی‌هێنان بە ژنکوشتن تەنها بەرپرسیارێتیی حکومەت نییە، بەڵکو ئەرکی هەموو کۆمەڵگایە، لە باشووری کوردستان هەر ڕۆژ بە کوشتنی ژنێک بەئاگادێین، بە گوێرەی ئەو ئامارانەی ئاژانسی نوژنها کۆیکردوەتەوە، لە ٢٥ی تەمووز، تا ١٥ی ئاب ١٢ ژن کوژراون یان بەشێوەی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.

 

لە ٢٥ی تەمووز، لە گوندی ساتی سەر بە شارەدێی قەرەهەنجیر لە پارێزگای کەرکووک، ژنێکی تەمەن ٣٩ ساڵان بە ناوی (ف.م) کە خەڵکی حەویجە بووە، بە چەکی تاپڕ کوژرا، دوای ڕووداوەکە هێزە ئەمنییەکان هاوژینی ژنەکە و کوڕە ١٠ ساڵانەکەیان دەستگیر کرد و لێکۆڵینەوەیان دەست پێکرد، کەسوکاری ژنەکەش تەرمەکەیان بردەوە و سکاڵایان لەسەر هاوژینەکەی تۆمار کرد.

 

لە ٢٨ی تەمووز، نێزیکەی کاتژمێر ١١:٣٠ی شەوی پێشتر، ڕووداوێکی کوشتن لە گوندی تازەدێی سەر بە شارۆچکەی کەلار ڕووی دا، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، ژنێک بە چەقۆ کوژراوە، هێزەکانی بەشی نەهێشتنی تاوان گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و تۆمەتبارەکەیان بە فەرمانی دادوەر و بەپێی مادەی ٤٠٦ی یاسای سزادان دەستگیر کردووە و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری تاوانەکە بەردەوامە.

 

٣ی ئاب، لە گوندی شێروان مەزنی سەر بە مێرگەسوور، تەرمی ژنێک بە ناوی ڕۆیان نەجاح شێروانی، دوای چەند کاتژمێرێک لە بێسەروشوێنبوونی دۆزرایەوە، کە بە شێوەیەکی گوماناویی گیانی لەدەستداوە و شوێنەواری برینی سەخت لە سەر جەستەی بەدی کراوە.

 

٤ی ئاب، لە گەڕەکی سارداوی شاری سلێمانی، ژنێک لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە دەستڕێژی گولـلە کوژرا، پیاوێک بە چەک هێرشی بردە سەر ماڵی خەزووری و هاوژینەکەی کوشت و خەزووریشی بەسەختی بریندار کرد، لە ئێستادا تۆمەتبارەکە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە.

 

٩ی ئاب، لە شاری کەرکووک، ژنێک خەڵکی گەڕەکی ئیمام قاسم، لە کاردانەوەی کێشەیەکدا، کە یەکێک لە کەسە نزیکەکانی ژنە کوردەکە بە تۆمەتی کوشتن  تۆمەتبارە و بەو مەبەستە ڕۆیشتوونەتە دادگا، دوای ئەوەی لەلایەنی سکاڵاکارەوە هەڕەشە لە کوڕ و کەسوکاری ژنەکە کراوە خۆی فڕێداوەتە خوارەوە.

 

٩ی ئاب، لەگەڕەکی حسابات لە شاری کەرکووک، ژنێکی تەمەن ٢٦ساڵ بە چەکی جۆری دەمانچە لەلایەن براکەیەوە کوژرا، هەروەها تۆمەتبارەکە پیشەی پۆلیسە و تا ئێستادا دەستگیر نەکراوە.

 

١١ی ئاب، تەرمی ژنێکی تەمەن ٣٢ ساڵ لە ماڵەکەی خۆی لە شارەدێی پێبازی سەربە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان دۆزرایەوە.

 

١٢ی ئاب، لە گوندی مەعدانەکانی سەر بە شارۆچکەی خانەقین لە سنووری پارێزگای دیالە شەڕ و گرژیی لە نێوان دوو خانەوادە ڕوویدا و بەو هۆیەوە دوو کەس کوژران و کەسێکی دیکەش بریندار بوو، لە ناویدا کچێکی ١٥ ساڵ کوژرا.

 

١٣ی ئاب، تەرمی ژنێک بەناوی ئەمینە ئەحمەد تەمەن ٩٣ ساڵ بردراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە شارۆچکەی کەلار سەر بە ئیدارەی گەرمیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، کە بەهۆی خنکانەوە گیانی لەدەستداوە، گوایە لە ماڵەکەی خۆی بە هەڵواسراوی دۆزراوەتەوە.

 

١٤ی ئاب، لە گەڕەکی سەرچناری شاری سلێمانی، ژنێک بەشێوازێکی گوماناوی گیانیلەدەستداوە، ژنێک کە هاوژینەکەی بەرپرسێکی وەزارەتی خوێندنی باڵایە، بەشێوەیەکی گوماناوی گیانیلەدەستداوە.

 

١٤ی ئاب، لە کاتی ڕوودانی بوومەلەرزەکەی شارۆچکەی چەمچەماڵدا و بەهۆی تەقەی ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتییانەوە، ژنێکی تەمەن ٥٠ ساڵ بە گولـلە بریندار بوو و بەپەلە ڕەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کرا.

 

١٥ی ئاب،  ڕووداوێکی کەوتنەوەی ئاگر لە شارۆچکەی گوڵاڵەی سەربە پارێزگای دیالە ڕوویدا، بە هۆیەوە دایکێک بە سەختی برینداربوو و سێ منداڵیشی گیانیان لەدەستدا، دایکەکە بە هۆی ئەوەی ڕێژەی سووتاوییەکەی گەیشتووەتە ٨٠٪، دۆخی تەندروستی ناجێگیرە و لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدایە.

 

"بە سیستماتیک کار بۆ کوشتنەکان دەکرێت"

گەشە دارا، پارێزەر دەربارەی کوشتنەکانی ژنان قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ژن وەک شەرەفێکی پیاوان لێی دەڕواندرێت، بۆیە کوشتنەکان وەک دیاردەیەک لە کۆمەڵگەدا ئەنجامدەدرێت، کوشتنەکان بوەتە دیاردە، ژن وەک شەرەفی نێرەکانی ناو خێزانەکەیان لێی دەڕواندرێت، لە کولتووری ئێمەدا شەرەفی ژنێک بە پیاوێکی خێزانەکەیەوە دەبەستنەوە، ئەم دیاردەی شەرەف لە ناو خێزانە کوردەکاندا بەربڵاوە و بە داخەوە کار بۆ چارەسەرکردن و گۆڕانکاری لە ناو خێزانەکاندا نەکراوە، سەرەڕای ئەو هەموو هەوڵ و ماندوبونەی ڕێکخراوەکان و چالاکوانانی بواری مافەکانی ژنان، بەڵام بە شێوەیەکی سیستماتیک و پلان بۆداڕێژراوانە کار بۆ سڕینەوەی ئەو فکری شەرەفە لە ناو خێزانەکاندا نەکراوە، پێویستە ئەقڵیەتی کۆمەڵگە لە ڕێگەی یاسا، دادگا و ڕاگەیاندنەکانەوە گۆڕانکاریان تێدا بکرێت، هاوڵاتیان لە هەبوونی مافەکانیان هۆشیار بکەنەوە، چەندین ساڵ بە ر لە ئێستە کوشتنەکانی بە بیانوی نامووس لە لایەن یاساوە سزای کەمی بۆ دا دەندرا، کوشتنەکان بە بیانووی شەرەف لە دادگادا تاوانبار سزای لەسەر کەمدەکرایەوە، واتە هەر ژنێک بە بیانووی شەرەفەوە بکوژرایە، دادگا سزای یاسای بۆ کەمدەکردەوە، بەڵام لە ڕێگەی پەرلەمانەوە ئەو ماددەییە لە ناو یاساکەدا لابرا.

 

"پێویستە سزای کوشتنەکانی ژنان توندتر بکرێتەوە"

ئاماژەی بەوەشکرد، کوشتنەکانی ژنانی کردەوە ناو خانەیەکی ئاسایی وەک هەر کوشتنیکی دیکە سزای بۆ دابندرێت، لە گۆڕانکاری ماددەکەدا هەڵيیەکی گەورە بەسەر پەرلەماندا تێپەڕییوە، دەبوایە ماددەیەکی تایبەت بە کوشتنەکانی ژنان سەرپێبخرایە، تێیدا کوشتنەکانی ژنان سزای لێبوردنی گستی نەیگرێتەوە، کاتیک هەوڵ بۆ سزای توندتری کوشتنەکانی ژنان دەدەین ڕێگری لێ دەکرێت، بەوەی تەنها کوشتنێکی ئاساییەو ناکرێت بکوژی ژنان جیاوازتر مامەڵەیە لەگەڵدا بکرێت، پێویستە سزای کوشتنەکانی ژنان توندتر بکرێتەوە، چونکە لەگەڵ ئەنجامدانی هەر تاوانێک سزا هەیە، ئەگەر سزا توندبێت، یان لێخۆشبوونی تێدا نەبێت ئەوا کەسێکی دیکە ناتوانێت هەمان تاوان بە ئاسانی دووبارە بکاتەوە، وەک دەبیندرێت کوشتنەکانی ژنان ڕۆژبەڕۆژ ڕوو لە زیادبوون دەکات، کە زۆرێک لە کوشتنەکان ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی تێدا ئەنجامدەدرێت، کە ڕێگە بۆ زیادبوونی کوشتنەکان و لە ناویدا کوشتنەکانی ژنان دەکات، ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی نابێتە هۆکاری کەمکردنەوەی تاوان و تاوانباران بە ئاسانکاری بۆ کوشتنەکانی دەبینن، چەندین نموونەی دووبارەکردنەوەی تاوان هەیە، کە تاوانباران لەدوای یاسای لێبووردنی گشتی کە پەرلەمانی کوردستان دەریدەکات، لە دوای ئازادبوونی کوشتنی دیکەی ئەنجامداوەتەوە.

 

گەشە داراحەفید لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: پێویستە یاساکان پێداچونەوەی بۆبکرێتەوە، تا لێبوردنی گشتی بۆ کوشتنەکانی ژنان نەمێنێت، هەروەها چالاکوانان و لایەنی پەیوەندیدار بەردەوامبن لە هۆشیارکردنەوەی خێزان و تاک، تا بتواندێت بەر بە زیادبوونی کێشەکان بگیرێت.