تەندروستی زەینەب جەلالیان لە مەترسیدایە

زەینەب جەلالیان، تاکە زیندانیی سیاسییە سزادراوە بە زیندانییکردنی هەتاهەتایی لە زیندانی یەزد، ماوەی هەفتەیەکە دۆخی تەندروستی لە مەترسیدایەو لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە چارەسەرەکەی ڕەتکراوەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی تۆڕی مافەکانی کوردستان سەبارەت بە بارودۆخی زەینەب جەلالیان زیندانی سیاسیی کورد لە زیندانی یەزد ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: زەینەب جەلالیان چەندین مانگە بە هۆی تووشبوونەوە بە نەخۆشی “فیبرۆمی منداڵدان” و کەمخوێنی لە دۆخێکی تەندرووستیی ناجێگیردایە و ژیانی لەمەترسیدایە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ئازاری ناوسک و خوێنبەربوونی زەینەب جەلالیان لە ماوەی هەفتەیەکدا گەیشتووەتەوە ئاستێکی زۆر مەترسیدار، بە شێوەیەک کە چەندین ڕۆژ تەنانەت نەیتوانیوە لە جێی خۆی بجووڵێت و ئێستاش لە دۆخێکی جەستەیی زۆر خراپدایە.

 

ئەوەشخراوەتەڕوو، پزیشکەکانی زەینەب ڕایانگەیاندووە، بە ئەگەری زۆر هەندێک لە فیبرۆمەکانی منداڵدانی سەرلەنوێ گەشەیان کردووە و هەر بۆیە داوای هەناردنی دەسبەجێیان بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی دەرەوەی گرتووخانەکەیان کردووە، تاکوو دوای سۆنۆگرافی و ئێم.ئاڕ.ئای لێکۆڵینەوە بۆ دۆخی تەندروستی بکرێت، بە بیانووی هەلومەرجی شەڕەوە ڕەوانەکردنی زەینەب جەلالیان بۆ نەخۆشخانە بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر لەلایەن بەرپرسانی گرتووخانەکەوە ڕەتکراوەتەوە.

 

لە مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٥ لە ناوەندێکی پزیشکیی شاری یەزد نەشتەرگەریی بۆ کرا، بەڵام دوای تەنها ٢٤ کاتژمێر و بەبێ تەواوکردنی قۆناغەکانی چارەسەر یەکسەر بۆ گرتووخانەی یەزد گەڕێنرایەوە.

 

زەینەب جەلالیان، ماوەی ٢٠ ساڵە بە سزای زیندانی هەتا هەتایی سزا دراوە تاکە ژنی زیندانیی سیاسییە کە ئەوەندە لە زیندان بێت و بە هەتا هەتایی سزا درابێت.