تەندروستی جیهانی: هێرشەکانی ئیسرائیل منداڵانی غەززە زیاتر دەخاتە مەترسییەوە

بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانیی بڵاوی کردەوە، پلانەکانی ئیسرائیل بۆ فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە غەززە جێگەی نیگەرانییە، چونکە هێرشەکان زیاتر منداڵان دەخاتە مەترسییەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

تیدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی سەبارەت بە پلانی فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆسەر غەززە ڕاگەیەندراوێکی لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردەوە.

 

ئاماژەی بەوەکردووە، پلانەکانی ئیسرائیل بۆ فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە غەززە جێگەی نیگەرانییە، چونکە هێرشەکان زیاتر منداڵان دەخاتە مەترسییەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخە مرۆییەی لە غەززە هەیە، زۆر ناڕاستە ئەگەر ئیسرائیل بیەوێت ئۆپەراسیۆنەکانی لە شارەكە فراوان بکات.

 

وتیشی: ئەو باروودۆخە سەختەی، کە منداڵانی غەززەی تێدان بەهۆی بەدخۆراکی و برسێتییەوە، ئەگەر ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنەکانی نەوەستێنێت ئەوا مەترسی زیاتر بۆسەر منداڵان درووست دەکات، ئێمە بەهەموو شێوەیەک بەردەوام دەبین لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە و هەوڵدان بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی.