تۆمارکردنی زیاتر لە ٢٢٥ پێشێلکاریی سێکسی دژی ژنان لە کامپێکی دارفور

لە سوودان، ناوچەکانی جەنگ شایەتی زیادبوونی بەرچاوی پێشێلکارییەکانن بەرامبەر ژنان. گرووپی "ژنان بۆ ئاشتی و ئاسایش" زیاتر لە ٢٢٥ حاڵەتی توندوتیژیی سێکسییان لە کامپێکی هەرێمی دارفور بەبەڵگە کردووە.

سوودان

 

لە دارفور و کۆردۆفان پێشێلکارییەکان دژی ژنان ڕوو لە زیادبوونە؛ حاڵەتەکانی دەستدرێژی، دەستگیرکردنی نهێنی و بەندکردن لە ناو ماڵەکاندا تۆمار دەکرێن، ئەمەش ترسی پەرەسەندنی پێشێلکارییەکان و نەبوونی میکانیزمی پاراستنی زیاتر کردووە.

 

زیادبوونی توندوتیژیی سێکسی لە کامپی ئاوارەکاندا

 

گرووپی "ژنان بۆ ئاشتی و ئاسایش"—کە ژنانی ناوچەکانی ململانێ لە سوودان لەخۆدەگرێت—ڕایگەیاند لە سێ مانگی ڕابردوودا لە کامپێکی ئاوارەکان لە دارفوری ڕۆژئاوای سوودان، زیاتر لە ٢٢٥ حاڵەتی توندوتیژی و پێشێلکاریی سێکسی بە شێوازی جیاواز تۆمار کراون. گرووپەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە تۆمەتی ئەم پێشێلکارییانە دەکەوێتە سەر شانی هەندێک لە پێشکەشکارانی خزمەتگوزاری و شێخەکانی کامپەکان.

 

دەستگیرکردنی ژنان لە ناوچە جیاوازەکانی دارفور

 

گرووپی ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند کە ژنان لە ناوچە جیاوازەکانی دارفور دەستگیر کراون؛ لە نێویاندا ژنانی کەبکابییە، ئەو ژنانەی لە شارۆچکەی ئەلفاشیر لە بواری بەبەڵگەکردندا کار دەکەن، هەروەها ژنانی نیالا کە لەلایەن هێزەکانی پشتگیریی خێرا (RSF) دەستگیر کراون. هەندێک لەو ژنانە بۆ گرتووخانەی دقرێس گوازراونەتەوە.

 

بەندکردن لە ناو ماڵەکان و شاردنەوەی زانیارییەکان

 

گرووپی "ژنان بۆ ئاشتی و ئاسایش" ڕوونی کردەوە کە هەندێک ژن لە شاری نیالا لە ناو ماڵەکاندا بەند کراون و زانیارییەکان دەربارەیان بە تەواوی دەشاردرێنەوە. ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی دارفور، کۆردۆفان و ناوچەکانی تر هێشتا لەژێر دەستبەسەریدان، لە نێویاندا ئەو کەسانەی لە کاتی ئامادەیی هێزەکانی RSF لە خەرتووم دەستگیر کرابوون.

 

ترسی خێزانەکان و ئاستەنگکردنی بەبەڵگەکردن

 

گرووپەکە وبیری هێنایەوە کە خێزانەکان لە زۆرێک لە حاڵەتەکاندا خۆیان لە ڕاگەیاندنی ڕووداوەکانی دەستگیرکردن دەپارێزن؛ لەبەر ئەوەی دەترسن بڵاوکردنەوەی ئەم زانیارییانە لە ڕێگەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە ببێتە هۆی زیاتربوونی ئەشکەنجە، گۆشەگیری، ڕەفتاری خراپ و بڕینی دەرمان و خۆراک. ئەم پێشێلکارییانە لەژێر پەردەپۆشکردنێکی بەربڵاو و ڕێگریی کەمتاکورت لە کاری بەبەڵگەکردندا ڕوو دەدەن.