تل تەمر بانگەوازی ژنانی جیهان دەکات: لەگەڵ ژنانی ڕۆژئاوا بن
مادلین عەبید، جێگری هاوسەرۆکانی ئەنجومەنی تل تەمر، کوشتنی سێ ئەندامی کۆمەڵەی زەنبویایان شەرمەزار کرد و وتی: ئەمە درێژەپێدەری کۆمەڵکوژییەکەی پاریسە، داوای لە ژنانی جیهان کرد کە پشتیوانی ژنانی ڕۆژئاوا بکەن.
سۆرگوڵ شێخۆ
تل تەمر- دوای ئەوەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا شاری مەنبجی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای داگیرکرد، کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا لە ١٠ی کانوونی یەکەمدا ڕایگەیاند کە سێ لە ئەندامیان لە مەنبج لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانی کوژراون، مادلین عەبید، جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی تل تەمر سەبارەت بەم پرسە قسەی کرد.
"ئەمڕۆ سووریا بەرەو ئیسلامی سیاسیی هەنگاو دەنێت"
مادلین عەبید سەبارەت بە بارودۆخی گشتی سووریا ڕایگەیاند، دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، ناوچەکە بە گشتی بەرەو گۆڕانکاری هەنگاو دەنێت، دوای چەند ساڵێک لە پێشێلکردنی ئازادی و دادپەروەری، هیوای گەل زیندوو بووەتەوە، دڕندەیی و توندوتیژی زۆریان بینیووە کە دووربووە لە مافەکانی مرۆڤ و وتیشی: بەڵام هەندێک چەتە کە لەلایەن هێز و پلانی دەرەکییەوە بەڕێوەدەبرێن، هەوڵدەدەن سوود لەم بۆشاییە وەربگرن و لەژێر ناوی شۆڕشدا، پلانیی هێزە دەرەکییەکان لە سووریا جێبەجێ بکەن، هەوڵدەدەن شەڕێکی تری نەتەوەیی و ناوخۆیی دەستپێبکەن، لەژێر ناوی گەلی سووریا، چەتەکان تاوان دژی گەلی نیشتەجێی ئەم خاکە ئەنجام دەدەن و بەهۆی بوونی ئەو چەتانە لە سووریا، مەترسییەکی گەورە هەیە، چەتەکانی داعش جارێکی دیکە زیندووبوونەوە و لە چوارچێوەی HTS ئێستا ٧٠%ی خاکی سووریایان کۆنترۆڵ کردووە، هەرچەندە ئەم گرووپە لە لیستی تیرۆری نێودەوڵەتیدایە، ئەمڕۆ سووریا بەرەو ئیسلامی سیاسیی هەنگاو دەنێت.
'"سیستمی دیموکراتیک و ئازادی ژنان دەکەنە ئامانج"
مادلین عەبید ئاماژەی بەوەدا، کە ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پێشەنگایەتی جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژە دیموکراتیکە دەکەن کە پشت بە ئازادی ژنان دەبەستێت، و ئەو ژنانەی بەبیرهێنایەوە کە لە کۆتایی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیەدا بەم قسانە کرابوونە ئامانج: ژنانی ڕۆژئاوا شۆڕشگێڕن، هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە، بەبێ دوودڵی پێشەنگایەتی گۆڕانکارییان کردووە، ئەوان وەک هێزێکی گەورە لەسەر ئاستی جیهانی خۆیان جێگیر کردووە، ئێمە ئەمڕۆ لێرەین، لە سایەی قوربانییە گەورەکان و ئامادەبوونی ژنانی قارەمان، ژنان لە بەرامبەر هەموو جۆرە هێرشێک بەرخۆدانیان کردووەو دژی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا شەڕ دەکەن کە هەوڵی لەناوبردنی ژیان دەدات، دەتوانین لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەنگاو بەرەو ئایندەیەکی ئازاد بنێین و لە ماوەی ١٣-١٤ ساڵدا دەستکەوتی گەورە بەدەستبهێنین، بۆیە ئەو ژنانەی ئەمڕۆ لە مەنبج و حەلەب دەکوژرێن، نوێنەرایەتی هەموو ژنان دەکەن .
"ئەگەر لە کۆمەڵکوژیی پاریس تێبگەین، لە کۆمەڵکوژیی ژنانی مەنبجیش تێدەگەین"
مادلین عەبید ئاماژەی بەوەدا، کوشتنی سێ هاوکاریان لە کۆمەڵەی ژنانی زەنۆبیا یەکەم کۆمەڵکوژی نییەو وتی: بە ئامانجگرتنی پێشەنگەکان شتێکی نوێ نییە، ئەگەر ئێمە بەبیرمانبێتەوە کە لە ساڵی ٢٠١٣ ساکینە جانسزم فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمز چۆن بە ئامانج گیران، ئەگەر ئێمە لە کۆمەڵکوژیی پاریس تێبگەین، ئەوا لەو پرسیارەی کە بۆچی ژنان دەکوژرێن تێدەگەین، شۆڕش بەردەوام دەبێت بەم بەرپرسیارێتییەوە، تا داگیرکەران لە خاکی خۆمان دەردەکەین، درێژە بە خەبات و تێکۆشانمان دەدەین.
"پێویستە دامەزراوە یاساییەکان دەستوەردان بکەن و دۆسیەکانی لێکۆڵینەوە بکەنەوە"
مادلین عەبید، سەرنجی بۆ هۆشیاری ئەو پیاوانە ڕاکێشا کە لە شۆڕشی ژنان دەترسن و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: کوشتنی ژنان سیستماتیک و بە ئەنقەستە، ژنانی هەڵبژێردراو کە لە کایەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و لە بواری ژناندا کاریگەرن، دەکرێنە ئامانج، چونکە کۆمەڵگەکان لەلایەن ئەوانەوە بونیاد دەنرێن و ئازاد دەکرێن، شۆڕشەکەیان بە هەموو شێوەیەک هێرشی دەکرێتە سەر، بەهۆی ئەم تاوانانەوە داوا لە دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ و دامەزراوە یاساییەکان دەکەین دەستوەردان بکەن و دۆسیەی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە کوشتنی ژنان بکەنەوە، دەمانەوێت دادپەروەری، بە دادگاییکردنی بکوژانی ئەو ژنانە بێت کە تاوانی جەنگ ئەنجام دەدەن، کوشتنی ژنان نابێت ئاسایی بکرێتەوە، چونکە گەورەترین تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان بزانن کە ژنان بەشێکن لەم وڵاتە، ئێمە داوای دادگایەکی نێودەوڵەتی دەکەین دژی هەموو ئەو بکوژانە کە دەستیان لە خوێنی ژناندایە.
بانگەوازیی لە ژنانی جیهان و وڵاتانی عەرەبی کرد
مادلین عەبید، داوای پشتیوانی بۆ ژنانی ڕۆژئاوا کرد و وتی: ژنانی جیهان و ژنانی وڵاتانی عەرەبی پێویستە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی خۆیان بۆ ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نیشان بدەن، چونکە ژنانی ڕۆژئاوا ڕووبەڕووی زۆرترین هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بوونەتەوە، هەروەها داوای له ژنانی ئەوروپا کرد، که ناڕەزایەتی بەرامبەر هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا و کوشتنی ژنان له باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لەبەردەم باڵیۆزخانەکانی وڵاتەکانیان نیشان بدەن و بتوانن فشاریان بخەنەسەر بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان و وتیشی: پێویستە لە هەموو جیهاندا یەکگرتووبین و بە یەک دەنگ بچینە مەیدانەکان و بڵێین؛ نەخێر بۆ کوشتنی ژنان، بە دڵنیاییەوە فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی' دەگاتە نەوەکانی دوای ئێمە و هەمیشە بە زیندووی دەمێنێتەوە.