"تێکۆشانی پەخشان و وریشە پەیامی دیموکراسی بوونی تێدایە"
ڕۆژنامەنووس خەزنە نەبی دەڵێت: تێکۆشانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی تێکۆشانێکی کەسی نییە بەڵکو تێکۆشان بۆ تەواوی ژنان و ئازادیخوازانە، تێکۆشانێکە کە پەیامی دیموکراسی بوونی تێدایە.
ئاڤزەم ڤیان
حەسەکە- ڕۆژی ٨ی کانوونی دووەم دادگای بالای ڕژێمی ئێران پشتڕاستکردنەوەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی پەسەند کرد، دوا بە دوای ئەم پشتراستکردنەوە شاهیدی پشتیوانییەکی بەهێز بووین لە لایەن ژنانی چالاکوان، هونەرمەندان، نووسەران، چالاکوانانی، مافەکانی مرۆڤ، کامپینەکان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دایکانی ئاشتی، بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی"ژن، ژیان، ئازادی"…هتد. ئەو پشتیوانییەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و ئازاد کردنی زیندانییانی سیاسی دەستی پێکراوە و تا ئەمڕۆکەش لە چوارچێوەی کەمپینی دژی سێدارە کە لە لایەن بنەماڵەی هەردوو بنەمالەی بەندکراو و چالاکوانان لە شاری سنە بەردەوامە.
خەزنە نەبی، ڕۆژنامنووس لە کەناڵی روناهی تیڤی بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کردو وتی: لە بابەتی سزای سێدارەدان لە ئێران هەم لە مێژوو و هاوکات لە ئەمڕۆشدا دەمەوێت وەک سیستەمێکی دیکتاتۆر پێناسە بکەم، تەنیا لە چوارچێوەی ئایینیدا نامەوێت نرخاندنی بکەم چوون ئەم بابەتە لە بواری زۆرداری، مافخواردن کە لە ئێران بەڕێە دەچێت لە چوارچێوەیەکی جیهانیدا پێویستی بە هەڵسەگاندن هەیە،چونکە بابەتێکی جیهانییە پەیوەست و سنووردار بە جۆگرافیا و سنوورێک نییە، سزای لە سێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی، لە چوارچێوەی مافی ژن، یاسای نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤان و تەنانەت لە هیچ شوێنێک قبوڵ ناکرێت، ئەگەر لە چوارچێوەی ئیسلامی سیاسیدا قبوڵ بکرێت ئەوە لە ئێستادا قبوڵ ناکرێت، چونکە ئەمە ئیسلامی چوارسەد ساڵی پێشوو نییە، ئێستا پێشکەوتنێک لە جیهاندا لە بواری ئیسلامییەت و دەسەڵاتداری و زوڵم هەیە، سیستمێک کە ئێستا لە ئێران بەڕێوە دەچێت لە هیچ شوێنێکیتر قبوڵ ناکرێت، چونکە سزا لەسەر کەسانی بێ تاوان ئەنجام دەدرێت.
"ژن پێشەنگایەتی ئەم سەردەمە دەکەن"
خەزنە نەبی سەبارەت بە هەبوونی ژن لە دنیای ئیسلامی سیاسی دا وتی: لە مێژووی ئێراندا مرۆڤی بێتاوان، وەک چالاکوانێکی سیاسی یان یاسا ناسێک یانیش رۆژنامەنووسێک سزای لەسەر دەسەپێنن، بۆیە لەم بوارەدا خاوەنداریەتی تەنیا گەلی کوردستان نا بەڵکو هەموو کوردستانیان و دۆستانیان بە تایبەت ئازادیخوازان و کەسانی دیموکراتیک خاوەنداریەتی لێبکەن. پێناسە کردنی حکومەتی دیکتاتۆری و ئیسلامی سیاسی کە ژن تیایدا کۆیلە کراوە پێویستە هەڵسەنگاندنی لەسەر بکرێت، ئەمە تەنیا لە ئێران نا بەڵکو هەموو ئەو سیستمانەی کە وەک ئێران سیاسەت دەکەن لە ناوخۆدا دەگرێت بۆ نموونە دەوڵەتی تورکیا، زیندانی کردنی سیاسەتمەداران بە واتای تاوانبارکردنی بیروڕای گەلێکە، لە کاتێکدا ئێمە باسی سەدەی ژن دەکەین کە لەم سەدەیەدا بە پیشەنگایەتی ژنان، گۆڕانکارییەک لە بیروڕای ژیانی، سیاسی و...هتد دەکرێت، بۆیە ئێران بەم بڕیارە ناشایەستە کە داویەتی لە کۆتاییدا دیاردەبێت کە بە ئامانجەکەی ناگات.
"پێویستە ئێران سیستمی دیموکراتیک بێت"
خەزنە نەبی لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی: ژنان لە کۆمەڵگەی ئێراندا لە ژێر فشار و زەختێکی زۆردا خۆیان پێگەیاندووە و پێشکەوتوون، لە پێناو گۆڕانکاریەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چوارچێوەی دیزاینی نوێ دا، فشار لە سەر دەوڵەت-نەتەوەکان بە تایبەتی ئێران دروست بووە و بۆیە ئێران پێویستە چاوێک بەخۆیدا بخشێنێت کە فشارەکان لەناوخۆدا کەم بکاتەوە، بە تایبەت ئەو سزایانەی لەم کۆتاییەدا سەپاندوویەتی پاشەکشەی لێ بکات، ئەگەر بمەوێت وەک ڕۆژنامەنووسێک ئامۆژگارییەکی ئێران بکەم، پێوێستە ئێران لەم ئاڵۆزییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە فشارێکی ناوخۆیی لە سەر گەلان تایبەتی ژنان درووست کردووە، بە خۆدا چوونەوەیەک بۆ سیاسەتەکانی بکات و هەوڵی دیموکراتیک بوون لەگەڵ هەموو گەلانی ناوچەکە بدات، بۆیە سزای لە سێدارەدانی پەخشان عەزیزی تاوانێکە لە بەرامبەر بێتاوانی ژنان، رۆژنامەنووسان، ماف ناسان و یاساناسان.
"تێکۆشانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی تێکۆشانێکی کەسی نییە"
ڕۆژنامەنووس خەزنە نەبی لە درێژەی قسەکانی دا وتی: سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی" کە لە هەموو جیهاندا بڵاو بووە، خاوەن فەلسەفەیک بوو و ئەو فەلسەفە لە کەسایەتی ژندا جێگای گرتبوو، تێکۆشانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی تێکۆشانێکی کەسی نییە بەڵکوو تێکۆشان بۆ تەواوی ژنان و ئازادیخوازانە، تێکۆشانێکە کە پەیامی دیموکراسی بوونی تێدایە، بۆیە هەردوو چالاکوان بوون بە سیمبوولێک کە پێشەنگایەتی بۆ کۆمەڵگەیەک دەکات و پەیام دەدات کە ئێمە هەتا کۆتایی تێکۆشان دەکەین و پێویستە ئەم تێکۆشانەش هەر بەردەوام بێت، پێویستە بزانین کە لایەنگری لە هەموو چالاکوان و ڕۆژنامەنووسان و هەموو ئەو ژنانەی کە لە ژێر فشار دا تاوانبار کراون، هاوکات وەک ژنێک و ڕۆژنامەنووسێک، دایکێک یان کۆمەڵگەیەک خاوەنداریەتی لە خۆشمان و مافەڕەواکانمان دەکەین، بۆیە پێشەنگایەتی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی بێهاوتایە، دیارە کە ئەگەر کەسێک بە ئیرادە بێت و داوای ئازادی بکات ڕادەست نابێت و ناتوانن تێکی بشکێنن بۆیە تێکۆشانەکەی زیاتر دەنگ دەداتەوە.
"پێویستە کوردستانیان خاوەنداریەتی لە یەکتر بکەن"
ئاماژەی بەوەشکرد، خاوەنداریەتی گەل و ڕێکخراوەکان دانگدانەوەیەکی زۆری هەیە، دیارە کە ئەمەش دەبێتە هۆکارێک کە ئێران لە زۆر بواردا تەنگاو ببێت، ئێستا گەلی رۆژئاوای کوردستان چاویان لە رۆژهەڵاتی کوردستانە، هاوکات گەلی رؤژهەڵاتی وڵاتیش چاوی لە رۆژئاوای کوردستانە و هەموو گەلی کورد بۆ پشتیوانی کردنی یەکتر چاویان لەیەکترە، بۆیە بانگەوازی چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ،کەمپینەکان و...هتد پێویستە فشار بۆ حکومەتی ئێران بێنن کە ئەم سزایەی داویەتی ڕابوەستێنێت.
"کەسایەتی خاوەن بیری ئازاد دیل ناکرێت"
خەزنە نەبی وتی: لە ناوخۆی ئێران پێویستی بە سەرهەڵدانێکی گەورە هەیە چونکە سیستمی ئێران بەم ڕەنگە قبوڵ ناکرێت، دیارە کە ڕەوشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گۆڕانکارییەکی گەورە لە ئێراندا ئامادەیە، پێویستە گەل خاوەنداریەتی لە تێکۆشانی زندانیانیەکان بکەن، بەو واتایە کە تێکۆشانی ناو زیندان و دەرەوە ببێتە یەک دەنگ، دیارە کە کەسایەتی خاوەن بیری ئازاد دیل ناکرێت و هاوکات دۆستانی خاوەن بیری ئازادیش بە دیل ناگیرێن. بۆیە پێویستی بە یەکگرتووی گەلان لە ناو کۆمەڵگەدا هەیە، ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ پێویستە دۆسیەی تاوانە دژە مڕویی رژێمی ئێران ڕادەستی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بکات، پێویستە ئێران لەبەر فشار خستنە سەر گەل، ژنان و بەتایبەت گەنجان کە مافەکانیان زەوت دەکرێت دادگایی بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستی بە سەرهەڵدانێکی گەورەی گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە.
بانگێک بۆ ڕۆژنامەنووسان و کۆمەڵگەی کوردی
خەزنە نەبی بانگەوازی کردو وتی: بە تایبەتی پێویستە ڕۆژنامەنووسانی کورد و کۆمەڵگەی کوردی لە وڵات و دەرەوەی وڵات خاوەنداریەتی لەم دۆزە بکەن، بەتایبەت ئەو کەسانەی کە لەدەرەوەی وڵاتن بە هەمان شێوەی کوردستان کارییگەریان دەبێت، نموونەی لە رۆژئاوای کوردستان کاتی شەڕی کۆبانی بینیمان کە خاوەنداریەتی گەلی باکوور ڕەنگدانەوەیەکی باشی هەبوو، ئەگەرچی وەک سیستم ئێران جیاواز بێت بەڵام یەکگرتوویی هەم لە بواری بەڵگە گرتنی یاسایی هەم ڕاگەیاندن و سەرهەڵدانی کۆمەڵگە دەتوانێت کاریگەرییەکی باشی هەبێت.
"ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زۆر لێهاتوون"
ڕۆژنامەنووس خەزنە نەبی لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئێمە خاوەن دۆزێکی وەهاین کە ئەڵێین بە گەنجی دەستمان پێکرد و بە گەنجی سەر دەکەوین، بە تایبەت ژنان پێشەنگایەتی ئەم دۆزە دەکەن، ژنانی گەنج خاوەن ڕۆڵێکی گەورەن لە بواری ئازادکردنی ڕۆحی و جەستەیی لە ناو ئێران و بۆ بونیادنانی ئایەندەیەکی ڕوناکتر لە رۆژهەڵاتی کوردستان و هەموو ئەو گەلانەی کە لە ژێر فشاری دەوڵەتی ئێراندا دەژین، بەتایبەت گەنجان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان زۆر لێهاتوون.