نێرگس محەمەدی داواکارییەک ئاڕاستەی ئەندامانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات

نێرگس محەمەدی، چالاکوانی مافی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، لە نامەیەکدا بۆ ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای کرد کە بەدیهێنانی دیموکراسی و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ئێران، مەرجی پێشوەختە بۆ هەر جۆرە دانوستانێک بێت.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ لە هەژماری ئینستاگرامی نێرگس محەمەدی، چالاکوانی مافی مرۆڤ، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و زیندانی سیاسی زیندانیکراوی زیندانی ئەڤین، هاوکات لەگەڵ ٧٩مین دانیشتنی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، نەرگس محەمەدی نامەیەکی  ئاڕاستەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی و ئەندامی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.

 

لە نامەکەدا نێرگس محەمەدی داوای لە ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، کە بە جددی و چالاکانە پێشمەرجێک بۆ هەر جۆرە دانوستانێک، بۆ بەدیهێنانی دیموکراسی و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ئێران دابنێت.

 

هەروەها داوای لەم ئەنجومەنە کرد کە "هەنگاوێکی بەپەلە و یەکلاکەرەوە بگرێتەبەر بۆ ڕاگرتنی لەسێدارەدانە بەرفراوان و دڕندانەی زیندانیانی بێ ماڵ و حاڵ، ئازادکردنی هەموو زیندانیانی سیاسی - ئایینی، وەستاندنی سەرکوتکردنی سیستماتیک و ئامانجدارانەی ژنانی ئێران و تاوانبارکردنی ئاپارتایدی جێندەری، هەروەها ڕاوەستاندندنی سەرکوتکردنی دامەزراوە مەدەنییە سەربەخۆکان'.

 

دەقی تەواوی نامەکەی نێرگس محەمەدی بەم شێوەیەیە:

"بەڕێز گۆتێرێس

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان

بەڕێز ئەندامانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان

 

دوو ساڵ بەسەر ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" تێدەپەڕێت، بزووتنەوەیەک بوو کە هەموو ئێرانی گرتووەتەوە. ئەم بزووتنەوە دیموکراتیکە، داواکارییەکانی دەکاتە دروشمی ژن و ژیان و ئازادی و هاوار بۆ دیموکراسی و یەکسانی دەکات.

 

باجی ئەم ڕاپەڕینە بە کۆمەڵە و هاوپشتی گەل، هاوشێوەی ڕاپەڕین و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی پێشوو، سەرکوتکردنی دڕندانەی گەل بوو، کە بەردەوامە.

 

جیهان شاهیدی کوشتن و سێدارە و زیندانیکردن و سەرکوتکردنی توندوتیژی و دڕندانەی ژنانە لە شەقام و دەستبەسەرگە و زیندانەکاندا، لەم ڕۆژانەدا نیگەرانین و شاهیدی دەرچوونی سزای لەسێدارەدان بەسەر ژنانی چالاکوان "پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدین".

 

نوێنەرانی خۆشەویست

نوێنەرانی ئەم ڕژێمە لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەنێو ئێوەدا دەبن. داواتان لێدەکەم دیموکراسی و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ئێران بە جددی و چالاکانە و نەک تەنها بە قسە و ئیرۆنی، مافی مرۆڤ بکەنە مەرجی پێشوەختە بۆ هەر جۆرە دانوستانێک لە هەر ئاستێک و بۆ:

 

١- ڕاگرتنی لەسێدارەدانی بەربڵاو و دڕندانەی زیندانیانی بێ ماڵ و حاڵ

٢- ئازادی هەموو زیندانیانی سیاسی و ئایینی

٣- ڕاگرتنی سەرکوتکردنی سیستماتیکی و ئامانجدەرانەی ژنانی ئێران و بەتاوان کردنی ئاپارتایدی جێندەری

٤-ڕاگرتنی سەرکوتکردنی دامەزراوە مەدەنییە سەربەخۆکان

ڕێوشوێنی بەپەلە و یەکلاکەرەوە بگرنەبەر”.

 

شایانی باسە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕۆژانی ٢٤-٣٠ی ئەیلوول بە تەوەری "بەرەوپێشبردنی ئاشتی، گەشەپێدان بەردەوام و کەرامەتی مرۆڤ" بەڕێوەدەچێت.