تاژێ نامەیەک ئاڕاستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و دەزگا نێودەوڵەتییەکان دەکات
ژنانی ئێزدی نامەیەکیان سەبارەت بە دۆخی ئەم دواییەی شەنگال و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر شەنگال بۆ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕێکخراوی سی پی تی، نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا ناردووە.
ناوەندی هەواڵ
شەنگال - تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی"تاژێ" سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر شەنگال، نامەیەکی ئاڕاستەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، سی پی تی، نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا کرد، لە نامەکەدا هێرشەکانی دەوڵەتی تورک ئیدانە کرا و جەخ لەوە کرا بەرگری مافێکی ڕەوایە و ئەو هێرشانە درێژەپێدەری فەرمانەکانن.
هەڕوه ها له درێژەی نامەکه دا ئامانجی هێرشەکانی سەر پێکهاتەی ئێزیدی هەڵسەنگێندرا و باس لەوه کرا، پێکهاتەی ئێزیدی متمانهی به هیچ دەسەڵاتێک نییه، تەنها ئێزدییەکان دەتوانن خۆیان و باوەڕییەکانیان بپارێزن.
"هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر شەنگال جینۆسایدە"
دەقی نامەکە بەم شێوەیەیە:
کۆمەڵگەی ئێزیدی خاوەنی کولتوور و بیروباوەڕی هەزاران ساڵەیە، کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و ئاشتیخوازە، جیهان دەزانێت لە مێژوودا پێکهاتەی ئێزیدی٧٤ فەرمانی بەسەردا سەپێنراوە، دەیان فەرمانیش لەلایەن عوسمانییەکانەوە بەسەر کۆمەڵگەی ئێمەدا سەپێندراوە، دوا فەرمانیش لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ لەلایەن چەتەکانی داعشەوە ئەنجامدرا، وەک دەزانرێت بە دەیان هەزار کەسی ئێزیدی بەم فەرمانە کوژراون، هەزاران ژن و منداڵی ئێزیدی لەلایەن چەتەکانی داعشەوە بە دیل گیران و تا ئێستاش چارەنووسیان نادیارە، هەروەها سەدان هەزارکەس ئاوارە بوون، هەزاران کەس لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا نێژران، بە دڵنیاییەوە لە پێناو پاراستنی کۆمەڵگەی ئێزدی لە فەرمانەکان، سیستمی خۆبەڕێوەبەری، هێزی خۆپاراستن یەبەشە،یەژەشە، ئاسایشی ئێزدیخان و دامەزراوەکانی خۆیان دامەزراند.
"خۆپاراستن مافێکی ڕەوایە"
بەو پێیەی ٧٤ فەرمان بەسەر ئێمەدا سەپێندراوە، کۆمەڵگەکەمان متمانەی بە هیچ هێزێکی دەرەکی نییە، ئێمە دەزانین کە ئەوان ناتوانن پارێزگاری لە بوونمان بکەن، بۆ هەر نەتەوەیەک کە هەڕەشەی فەرمان و کۆمەڵکوژی لەسەر بێت خۆپاراستن دەبێتە مافێکی ڕەوا،دەمانەوێت سەرنجی خەڵک بۆ ئەوڕاستییە ڕابکێشین کە سیستمی خۆبەڕێوەبەری لەگەڵ دەستووری عێراقدا ناکۆکی نییە و دژی دەستووری عێراق نییە، دوای ئەوەی فەرمانی٣ی ئابی٢٠١٤، بەسەر پێکهاتەی ئێزیدی، تا ڕۆژی ئەمڕۆش دەوڵەتی تورکیا سەدان جار بە فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردومانی شەنگالی کردووە و تاوانی جەنگی ئەنجامداوە، هاوڵاتیانی مەدەنی لەنێویاندا ژنان و منداڵان کرانە ئامانج، هێزە ئەمنییەکانمان، یەبەشە، یەژەشە، کە لە گەنج و ژنی پێکهاتەکانی ئێزیدی و عەرەبی شەنگال پێکهاتوون، ماوەی ١٠ ساڵە خاکی خۆیان و پێکهاتەی شەنگال لە فەرمان دەپارێزن، هەروەها شوێنە پیرۆزەکانمان بوونەتە ئامانجی دەوڵەتی تورکیا.
"شەنگال لەژێر هێرشی دەوڵەتی تورکیادایە"
لەم دواییانەدا کە لە ساڵیادی ئازادکردنی شەنگال نزیک دەبینەوە، لە ٢٤ و ٢٥ی تشرینی یەکەمدا، دەوڵەتی تورک بە توندی هێرشی کردە سەر شەنگال، ئەنجامی هێرشەکانی ئەم دواییەی دەوڵەتی تورک بۆ سەر شەنگال بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
١٦ شوێن٢٠ جار بە فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردومان کراون، ٦ کەس لە هێزەکانی پاراستنی یەبەشە شەهید بوون و چوار کەسیش بریندار بوون، دوو مەدەنی بریندار بوون، ژنێک و منداڵێک، ماڵی دوو کەس بۆردومان کران،دوو شوێنی پیرۆزی ئێزیدییەکان کرانە ئامانج، دوو تانکی ئاوی شارەوانی کرانە ئامانج، ئەم هێرشانەی دەوڵەتی تورک کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆمەڵگەکەمان هەیە و ڕێگە نادات برینەکانی فەرمانی ٢٠١٤ پێکهاتەی ئێزدی ساڕێژ ببن، هەروەها هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر پێکهاتەی ئێزیدی له شنگال دژی مافی مرۆڤه، لە هەمان کاتدا ئەم هێرشە جینۆسایدە و درێژەدان بە فەرمانی ساڵی ٢٠١٤یە، ئێمە تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی "تاژێ"، بە توندی ئەم هێرشە دڕندانەی دەوڵەتی تورک ڕەتدەکەینەوە، بەهۆی سەقامگیری ناوچەکە، و ئەو هێرشانەش وەک هەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر کۆمەڵگەی شەنگال دەبینین و لە هەمانکاتدا هەڕەشەیەکە بۆ سەر هەموو عێراق.
"دەبێت دان بە جینۆسایددا بندرێت"
لەبیرمانە کەشەنگال بەشێکە لە عێراق و ئێمە هاوڵاتی عێراقین، حکومەتی عێراق ئەرک و بەرپرسیارێتی هەیە بەرامبەر بە پێکهاتەی ئێزیدی و پێکهاتەی شەنگال، بێدەنگی و بێهەڵوێستی حکومەتی عێراق لە بەرامبەر هێرش و کردەوەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر شەنگال بە مانای پاساوی ئەو هێرشانە دێت،١٠ ساڵ بەسەر کارەساتی فەرمانەکەدا تێپەڕیوە، پێکهاتەی ئێزیدی چاوەڕێی حکومەتی عێراقە بە فەرمی دان بە خۆبەڕێوەبەری و جینۆسایددا بنێن، بۆیە دەڵێین ئەو٧٤ فەرمانەی کە لەسەر سەری پێکهاتەی ئێزیدی کراون کەم نین ، با ئیتر پێکهاتەی ئێزیدی و پێکهاتەی شەنگال نەبنە قوربانی شەڕی بەرژەوەندی و دەسەڵاتی دەوڵەتان، لەکۆتاییدا ئێمە تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی، داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین ئەرک و بەرپرسیارێتی مرۆیی و یاسایی خۆی بەرامبەر بە کۆمەڵگەی ئێزدی و کۆمەڵگەی شەنگال جێبەجێ بکات، پێویستە دەستبەجێ ئاسمانی بەڕووی فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر ئاسمانی شەنگال دابخرێت.