تاژێ: لە دژی کوشتنی غەزالەکان کات کاتی تێکۆشان و بەرخۆدانە
تاژێ ئیدانەی کەمتەرخەمی نەخۆشخانە ئەهلییەکانی سلێمانی کردو ڕایگەیاند، بەئامانجکردن و کوشتنی ژنان پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە و وتی: کوشتنی ژنان لە ئاستێکی بەرزدا ئەزموون دەکرێت، ئێمەی ژنان زۆرترین پێویستمان بە هاودەنگی و یەکڕیزییە.
شنگال
ڕۆژی ١٤ی نیسان، ڕژێمی ئێران هێرشی کردە سەر کامپی سورداش لە سنووری سلێمانی. لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا سێ کەس بریندار بوون کە یەکێکیان غەزال مەولانی تەمەن ٢٠ ساڵ، پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بوو. دوای ئەوەی غەزال لە نەخۆشخانەیەکی حکومی چارەسەری سەرەتایی بۆ کرا، بەهۆی ئەوەی نەخۆشخانە ئەهلیەکان چارەسەریان نەکرد، گیانی لەدەستدا. ئەم ڕووداوە کاردانەوەی توندی بەدوای خۆیدا هێنا. تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی "TAJÊ" ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی لەسەر ئەو بابەتە بڵاوکردەوە.
ڕاگەیاندراوی تاژێ بەم شێوەیەیە:
وەک تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی TAJÊ، بە ڕێزەوە یادی شەهید غەزال مەولان دەکەینەوە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکارەکەی دەکەین، هاوکات سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی هەموو کۆمەڵگای کورد و ژنانی کورد دەکەین.
وەک دەزانرێت غەزال مەولان لە لایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران کرایە ئامانج و شەهید بوو. ئەم هێرشە بۆ سەر ژنێکی کورد بە توندی شەرمەزار دەکەین، ئەم ڕووداوە ئاسایی نییە، بەشێکە لە سیاسەتێک کە ئامانج لێی کوشتن و قڕکردن و ترساندن و بێدەنگکردنی ژنانە، ئەمەش جیاوازی نییە لەگەڵ کوشتنی ژینا ئەمینی کە بە دروشمی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ خۆپیشاندانی گەورەی لێکەوتەوە. کۆمەڵگەی کوردستان و ژنانی کورد و جیهان نابێت لەبەرامبەر ئەو کارە دڕندانە بێدەنگ بن و لەدژی ئەوان بوەستنەوە.
"یەکگرتن و یەکێتی ئێمەی ژنان ڕێگری لەم هێرشانەش دەکات"
هەر لەو چوارچێوەیەدا بە توندی ئیدانەی کەمتەرخەمی نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستییەکانی سلێمانی دەکەین کە لە کاتی پێویستدا چارەسەریان بۆ غەزال نەکرد، ئەم کردەوەیە لەگەڵ رەوشتی پزیشکیدا ناگونجێت و لە ڕوانگەی پزیشکیشەوە تاوانە. هۆکارەکەی هەرچییەک بێت گرنگ نییە کێیە، پێویستە پزیشکەکان بەبێ دوودڵی چارەسەر بکەن، بەڵام لە ڕووداوی غەزالدا بینیمان کە سەرپێچی کراوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە دەبێت بە ئاشکرا لێکۆڵینەوە لەم تاوانە دژە مرۆڤایەتیە بکرێت و لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسان بکرێت.
ئێمە وەک تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی دووپاتی دەکەینەوە کە بە ئامانجگرتن و کوشتنی ژنان بە هەر شێوەیەک بێت پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە، لە پرۆسەیەکدا کە کوشتنی ژنان لە ئاستێکی بەرزدایە، ئێمەی ژنان زۆرترین پێویستمان بە یەکگرتن و یەکڕیزییە. وەک چۆن بە یەک دەنگ خاوەنداریمان لە ڕۆژئاوا کرد، دەبێت بە هەمانشێوە خاوەنداری لە ڕۆژهەڵات بکەین، یەکگرتن و یەکڕیزی ئێمەی ژنان ڕێگری لەو هێرشانە دەکات. بانگەواز لە هەموو ژنان دەکەین؛ "بۆ ڕاگرتنی شەڕ و ڕێگریکردن لە جینۆسایدی ژنان ڕاوەستن، کاتی خەبات و بەرخۆدانی ژنانە.