تاژێ کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ڕزگاربووانی دەستی داعش ئەنجامدا
شنگال
تاژێ لە چوارچێوەی کەمپینەکە بە دروشمی ”بۆ دادپەروەری و ئازادی، تۆش دەنگی ڕفێنراوانی فەرمان بە” لە ناوەندی شنگال کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا، کۆبوونەوەکە بە پێشەنگیی لیژنەی بەڕێوەبەریی تاژێ و بەشداریی ئەو ژنانەی لەناو دڕندەیی داعشدا ڕزگار بوون، لە کۆمینی گەلی شنگال بەڕێوە چوو.
کۆبوونەوەکە کە لەلایەن ریهام حجۆ، وتەبێژی دیپلۆماسیی تاژێ بەڕێوە چوو، تیشکی خستە سەر گرنگیی بەهێزکردنی ڕێکخستنی ژنانی ڕزگاربوو و بەڕێوەبردنی تێکۆشەرێکی هاوبەش لە مەیدانی نێونەتەوەیدا.
”پێویستە ڕێکخستنمان زۆرتر بەهێز ببێت”
ریهام حجۆ وتی: هەمووان باسی ڕفێندراوان دەکەن. ئێمە وەک تەڤگەریەک دژی ئەمەین، دەمانەوێت ئەو ئازارانەی کە تووشی بوون کەم بکەینەوە، لەسەر ئەو بنەمایە، کەمپینێکمان بە دروشمی ٠”بۆ دادپەروەری و ئازادی، تۆش دەنگی ڕفێنراوانی فەرمان بە”دەست پێکردووە، ئەم هەڵمەتە هەم بۆ ئازادی بارمتەکان و هەم بۆ دادپەروەرییەکی گوازراوە دەستی پێکردووە کە مافەکانیان بەو بارمتانە ببەخشێت.
ریهام حجۆ بیری خستەوە کە لە کاتی فەرمانی کۆتاییدا ژنان و منداڵانی ئێزدی ڕووبەڕووی دڕندەییەکی گەورە بوونەوە و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە ئەمڕۆ ئەو ژنانە خۆیان ڕێکخستووە وتی: ئێمە خۆشحال و سەربەرزین کە ڕفێنراوە ڕزگاربووەکان خۆیان ڕێکدەخەن، ڤەڵام ئەم ڕێکخستنەی ئێستا دەبێت زیاتر بەهێز و توندوتۆڵ ببێت، وتەیەکی پێشینانمان هەیە دەڵێت: چەپڵە بەیەک دەست لێنادرێت، ئێمەش وەک کۆمەڵگە ئەگەر بووینە یەک، دەستمان خستە ناو دەستی یەکتر و هاوپەیمانیمان پێکهێنا، ئەوا دەتوانین فشارێکی نێونەتەوەیی دروست بکەین.
”ئەمڕۆ شنگال پێویستی بە هێزی ئێوە هەیە”
تیشکی خستە سەر ڕۆڵی ڕفێنراوە ڕزگاربووەکان و جەختی لەوە کردەوە، کە بەشێکی گرنگی فەرمان لەسەر گەلی ئێزدی لەسەر دۆسیەکانی ڕفێنراوان دەگوزەرێت و وتی: کارێکی قورس لەسەر شانتانە، ئێوە پەرژینێکی فەرمانن، لەوانەیە ئێوە بۆ هیچ دەزگایەکیش کار نەکن، بەڵام بۆ یەکڕیزیی ئێزدییەکان دەبێت بارێک بخەنە سەر شانتان، ئەمڕۆ شنگال پێویستی بە هێزی ئێوە هەیە، ئەگەر دەنگتان کردە یەک و خۆتان ڕێکخست، ئێوە دەتوانن زۆر شت بۆ بەرژەوەندیی کۆمەڵگەکەمان بکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، که ئەو تێڕوانینەی لەناو کۆمەڵگەدا هەبوو کە دەووت”ئەگەر ڕفێنراوەکان بگەڕێنەوە شنگال دەکوژرێن”، ئەمڕۆ بە هۆی تێکۆشان و بوونی ئەم ژنانە پووچەڵ کرایەوە و وتی: ئەو سەختییانەی ئێوە ژیاون، گۆڕیتان بۆ ئیرادە، کۆکردنەوەی خۆتان و متمانە بەخۆبوونتان، بۆ کۆمەڵگەکەتان بوونە بەهێزترین هێز.
فشارێکی نێونەتەوەیی بۆ ناساندنی فەرمان
سەبارەت بە ئامانجەکانی کەمپینەکەش ڕوونیکردەوە، که ئەوان دەیانەون کارە دیپلۆماسییەکان نەک تەنها لە شنگال، بەڵکو لە ئەورووپاش کەمپینێکی فراوان بەڕێوە ببن، کە بە پێشەنگیی ژنانی ئێزدیی ئەورووپا، ڕووسیا، ئەرمینیا و سەکۆی ژنانی ئێزدی لە ئەڵمانیا، ئەوان هەوڵ دەدن کۆنگرەیەکی ڕفێنراوان لە ئەورووپا ساز بکەن بۆ ئەوەی بۆ ناساندنی فەرمان فشارێک دروست ببێت.
”ئەگەر ئێمە بۆ خۆمان کار نەکەین، کەس بۆ ئێمە کار دەكات”
تیشکی خستە سەر کێشە چارەسەرنەکراوەکانی وەک ئێسک و پروسکی شەهیدان لە پزیشکی دادوەری و گۆڕە بەکۆمەڵەکان کە هێشتا نەکراونەتەوە و وتی: کەس بەخۆڕایی مافمان پێ ناداتە، ئەگەر ئێمە تێکۆشانی مافمان نەکەین، کەس بۆ ئێمە کار ناکات، ئێمە وەک تەڤگەر٥ ژنان تا کۆتایی پشتگیریی ئێوە دەکەین.
”تا ئەو کاتەی دیلێک لە دەستی داعشدا هەبێت، لای ئێمە ٣ی ئابە”
ئەمیرە خوەدێدا کە لە دەستی داعش ڕزگار کرا، لە کۆبوونەوەکەدا باسی لە ڕۆژی فەرمان و ئەو ئازارانەی کرد کە بەرگەی گرتووە و ڕوونیکردەوە، کە هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە ژن و منداڵی ئێزدی لە دەستی دڕندەیی داعشدان،
وتی: تا ئەو کاتەی تەنانەت یەکێکیان لە دەستی داعشدا هەبێت، هەموو ٣ی ئاب بۆ ئێمەیە، ئەگەر دەوڵەت ئەرکی خۆی جێبەجێ بکردایە، ئێستا دیل نەدەما، هەر بەو هۆیەشەوە یەکڕیزی ئێزدییەکان بۆ ئێمە زۆر گرنگە بۆ ئەوەی بتوانین فشار بخەینە سەر دەوڵەتەکان.
کۆبوونەوەکە دوای گوێگرتن لە بۆچوون و پێشنیار و چیرۆکی ئەو ژنە ڕزگارکراوانە کۆتایی هات.