"تاڵیبان هەوڵدەدات ژنان بێدەنگ بکات و ڕۆڵی کۆمەڵایەتییان کەم بکاتەوە"
لە بەرامبەر دەستگیرکردن و چەوساندنەوەی ئارەزوومەندانەی ژنان لەلایەن تاڵیبانەوە، ئەندامانی تەڤگەری بەهێزکردنی ژنانی ئەفغانستان ڕایانگەیاند، تاڵیبان هەوڵدەدات ژنان بێدەنگ بکات و ڕۆڵی کۆمەڵایەتییان سنووردار بکات.

ناوەندی هەواڵ
تاڵیبان لەم دواییانەدا بڕیارێکی دەرکرد کە سنووردارکردنی توندی بەسەر ژناندا سەپاند، وەک ڕێگریکردن لە قسەکردنیان بە دەنگی بەرز لە دەرەوەی ماڵەوە، هەروەها بە تەواوی جەستە و دەموچاویان دابپۆشن.
ئەندامانی تەڤگەری بەهێزکردنی ژنانی ئەفغانستان لە ڕێگەی بەیاننامەیەکەوە پشتڕاستیان کردەوە، تاڵیبان بە شێوەیەکی سیستماتیک مافە سەرەتاییەکانی ژنان لە ڕێگەی دەستگیرکردنی ئارەزوومەندانە و نایاسایی پێشێل دەکات و پێشێلکارییەکانی بزووتنەوەکەیان لە دژی چالاکوانانی مەدەنی و میدیایی و کۆمەڵایەتی شەرمەزار کرد.
لە بەیاننامەکەدا کە ٢٧ی تشرینی یەکەم لەلایەن ئەندامانی تەڤگەری بەهێزکردنی ژنانی ئەفغانستانەوە بڵاوکراوەتەوە، جەخت لەوە کراوەتەوە، ئەندامانی تەڤگەری ژنان لە کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکساندا کار بۆ مافەکانی ژنان دەکەن، هەروەها دژی سیاسەتە ژنکوژییەکانی تاڵیبانن بۆ ئەوەی بتوانن بەشداری لەکایە کۆمەڵایەتی و ئابووریی و کایە سیاسییەکاندا بەبێ ترس و سنووردارکردن بکەن.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بە کاریگەرییە نەرێنییەکانی دەستگیرکردنی ئارەزوومەندانە لەسەر ئاسایشی ڕەوشتی و دەروونی ژنان و خێزانەکانیان کراوە، بەو پێیەی دروستکردنی کەشێکی ترس و نائەمنی بۆ ژنان ئامانجێکی ڕوونی تاڵیبانە.
تەڤگەرەکە داوای له کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کردووە بۆ ڕاگرتنی خێرای ئەم دەستگیرکردنانە و ئازادکردنی هەموو ئەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی نایاسایی دەستبەسەر کراون، هاوکات ڕێز لە مافەکانی ژنان بگیرێت، هاوکاری بکەن بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و ئازادی بۆ ژنانی ئەفغانستان و جەخت لەوە بکەنەوە کە نابێت دەنگی ژنان بێدەنگ بکرێت.
تەڤگەری بەهێزکردنی ژنان لە ڕێگەی بەیاننامەکەوە جەختی لەوە کردەوە کە هاودەنگی لەگەڵ ژنانی ئەفغانستان بۆ گەیشتن بە ئازادی و دادپەروەری پێویستییەکە کە نابێت پشتگوێ بخرێت.