تاڵیبان هەڕەشەی کوشتن لە کارمەندانی ژنی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات
ئەو ژنانەی لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان وەک کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکان کاردەکەن دووچاری دەستدرێژی و هەڕەشەی کوشتن دەبنەوە.

ناوەندی هەواڵ
لە کابوڵی پایتەختەی ئەفغانستان کە دۆخی ژنان لەوپەڕی خراپی و مەترسییدایە، دوای هەڕەشەکردن بە کوشتن و ئەنجامدانی دەستدرێژی، بەشێک لەو ژنە پسۆرانەی کاروبارەکانی ژنان بە شێوەیەکی کاتی کارەکانیان ڕاوەستاندووە و پرۆژەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانیان ڕووبەڕووی مەترسییەکی جددی دەبێتەوە.ا
بەگوێرەی ڕاپۆرتی سێ دەزگای جیاوازی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆتایی مانگی ئایاردا سێ کارمەندی ژنی کە لە ناوەندی نەتەوە یەکگرتووەکانی کابوڵ کاردەکەن لە کاتی دەرچوونیان لە ناوەندەکە لە لایەن کەسانی نادیارەوە تا گەیشتن بە ماڵەکانی خۆیان چاودێری کراون. زانراوە ئەو کەسانە هەڕەشەی کوشتنیان لە کارمەندە ژنانە کردووە.
دەگوترێت هەموو ئەو ژنانەی هەڕەشەیان لێکراوە خەڵکی وڵاتەکەن و لە ناوەندەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کاردەکەن.
لەوبارەیەوە یونامی ڕایگەیاندووە ڕووداوەکەیان بە دەسەڵاتدارانی تاڵیبان ڕاگەیاندووە و لێکۆڵینەوەش دەستیپێکردووە. لایخۆیەوە وەزارەتی ناوخۆی تاڵیبان ئاماژەی بەوەداوە هەڕەشەکردن لە کارمەند و خەباتکارانی ژن جێگەی قبوڵ کردن نییە.
جێگەی ئاماژەیە تاڵیبان لە مانگی نیسانی ٢٠٢٣دا چەند بڕیارێکی دەرکرد کە تێیدا کارکردنی ژنان قەدەغە دەکات. بۆیە چاودێران ئەم هێرشانەی سەر ژنان وەک بەشێک لەو فشارانە دەبینین. پێشتریش ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندبوو ئەم بڕیار و قەدەغەکاریانەی ڕژێمی تاڵیبان لە دژی ژنان جێگەی قبوڵ کردن نییە.
بەرنامەی جیهانی خۆراک "WFP" کە لە بواری خۆراکدا کار دەکات، ئاماژەی بەوەداوە دوورخستنەوەی ژنان لە کارکردن، کە بەشێکییان وەک ستاف لەو دەزگایە کاردەکەن، دەبێتە ئاستەنگییەکی جددی بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان و گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە ژن و منداڵان لە ئەفغانستان.