تاڵیبان بە تەقە وەڵامی خۆپیشاندانەکانی هەرات دژی دەستگیرکردنی ژنان دەداتەوە
شاری هەرات شایەتی ناڕەزایەتییەکی دەگمەن بوو کە نزیکەی ٣٠ کەس بەشداریان تێدا کردو دەستگیرکردنی ژن و منداڵانی کچیان ڕەتکردەوە، بەڵام هێزەکانی تاڵیبان بە تەقەکردن بۆ ئاسمان گردبوونەوەکەیان سەرکوت کرد و بەردەوام بوون لە ڕێبازە توندوتیژەکانیان.
ناوەندی هەواڵ
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر وەزارەتی "فەرماندان بە چاکە و قەدەغەکردنی خراپە"ی تاڵیبان لە شاری هەرات شەپۆلێکی نوێی دەستگیرکردنی ژنانی بە بیانووی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی زۆرەملێ دەستپێکرد، ئەمەش توڕەیییەکی بەربڵاوی لای دانیشتووانەکەی لێکەوتەوە.
ژمارەیەک لە خەڵکی هەرات لە بەردەم بینای پارێزگاری تاڵیبان کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی بەرامبەر بە دەستبەسەرکردنی ژنان و منداڵانی کچ لەلایەن بزووتنەوەکە، بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، خۆپیشاندەران دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی”یان داوە و خوازیاری کۆتایی هێنان بە دەستگیرکردنی ئارەزوومەندانە و زیادبوونی فشارەکان بۆ سەر ژنان بوون، بەڵام ئەم کۆبوونەوەیە هاوشێوەی ناڕەزایەتییە مەدەنییەکانی دیکەی ئەفغانستان، وەڵامی توندوتیژیی هێزەکانی تاڵیبانی بەخۆیەوە بینی.
سەرچاوە ناوخۆییەکان باسیان لەوە کردووە کە نزیکەی ٣٠ کەس بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەدا کردووە، خۆپیشاندەران هەوڵیان دەدا ڕەتکردنەوەی ئەو ژنانە دەرببڕن کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن تاڵیبانەوە کرانە ئامانج، بەڵام هێزەکانی تاڵیبان بە تەقەکردن لە ئاسمانەوە گردبوونەوەکەیان بڵاوەپێکرد و ترس و دڵەڕاوکێی لێکەوتەوە.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە ژنانی ئەفغانستان مافی خوێندن و ئامادەبوونیان لە خوێندنگە بێبەش دەکرێن و سیاسەتە سنووردارەکانی تاڵیبانیش بەردەوام لە فراوانبووندایە، بە وتەی شایەتحاڵان، تاڵیبان چەند کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە، هێز و کەرەستەی سەربازیی خۆی لە ناوچە جیاوازەکانی شاری هەرات جێگیر کردووە، ئەم جێگیرکردنە هاوکات بوو لەگەڵ بانگەوازەکانی گەلان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر دەستگیرکردنی ژنان، ئەمەش ئاماژەیە بۆ نیگەرانی تاڵیبان لە پەرەسەندنی پانتایی ناڕەزایەتییەکان.
شایەتحاڵان وتیان: بوونی زۆری هێزە چەکدارەکان لەسەر شەقامەکانی شارەکە کەشێکی ئەمنی خنکێنەری دروستکردووە، خۆپیشاندەرانیش هەر لەسەرەتاوە ڕووبەڕووی هەڕەشە و فشاری هێزەکانی تاڵیبان بوونەتەوە.
سەرکوتکردنی دووبارە لە هەرات
ئەمە یەکەمجار نییە کە تاڵیبان بە توندوتیژی وەڵامی ناڕەزایەتییەکانی گەلانی هەرات بداتەوە، تەنها چەند ڕۆژێک پێشتر دانیشتووانی جەبریل سەر بە هەرات ڕێپێوانێکی ناڕەزایەتییان ڕێکخست لە کاردانەوە بە دەستگیرکردنی ژنان و منداڵانی کچ، کە هاوکات لەلایەن هێزەکانی تاڵیبانەوە بە تەقەمەنی زیندوو سەرکوت کرا.
چالاکوانانی مافی مرۆڤ وتیان: سەرکوتکردنی توندوتیژانەی تاڵیبان بۆ کۆبوونەوەی ئاشتیانە، ڕەنگدانەوەی سیاسەتێکی بەردەوامە بۆ سەرکوتکردنی هەر دەنگێکی ناڕازی لە ئەفغانستان، سیاسەتێک کە بە تایبەتی ژنانی کردۆتە ئامانج و دەرفەتی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و پیشەیی لە جاران بۆیان قورستر کردووە.
١٨٠٠ ڕۆژ ڕەتکردنەوەی خوێندن
سەرکوتکردنی ناڕەزایەتی ژنان بەردەوامە و ئەفغانستان وەک تاکە وڵاتێک لە جیهاندا دەمێنێتەوە کە منداڵانی کچ لە خوێندنی ناوەندی و باڵا بێبەش دەکات، نزیکەی ١٨٠٠ ڕۆژ بەسەر داخستنی خوێندنگەکان بەڕووی ملیۆنان منداڵای کچی ئەفغانیدا تێدەپەڕێت، بێبەشبوونێک کە کاریگەری لەسەر داهاتووی تەواوی نەوەیەک هەبووە و ڕەخنەی دووبارەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی بەدوای خۆیدا هێناوە.
لەم ماوەیەدا تاڵیبان نەک هەر مافی خوێندنیان لە منداڵانی کچ بێبەش دەکرد بەڵکو سنووردارکردنی توندی بۆ ئامادەبوونی ژنان لە زانکۆ و فەرمانگە حکومییەکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت بۆ بزووتنەوەکەشیان سەپاند، زۆرێک لە چاودێران ئەم سیاسەتانە بە نموونەیەکی ڕوونی هەڵاواردنی سیستماتیک و دوورخستنەوەی ژنان لە کایەی گشتی دەزانن.
نیگەرانی و فشار
لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دەستبەسەرکردنی ژنان لە شارە جیاوازەکانی ئەفغانستان، نیگەرانییەکان لە پەرەسەندنی فشارەکان بۆ سەر ژنان و منداڵانی کچ پەرەدەستێنێت، چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی هۆشداری دەدەن لەوەی بەردەوامی دەستگیرکردنی ئارەزوومەندانە، سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان و ڕەتکردنەوەی لەمێژینەی مافە بنەڕەتییەکانی ژنان، ئەفغانستانی خستۆتە سەر ڕێگایەک بەرەو پێشێلکردنی بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤ.
سەرەڕای هەڕەشە و سەرکوتکردنی دووبارە، ناڕەزایەتییە وردە وردەکان لە هەرات و شارەکانی دیکە دەریدەخەن کە بەشێک لە کۆمەڵگەی ئەفغانستان لە بەرامبەر سیاسەتە سنووردارەکانی تاڵیباندا دەنگیان بەرزە و داوای گەڕاندنەوەی مافە سەرەتاییەکان بۆ ژنان و منداڵانی کچ دەکەن.