تاوانەکان لەناو نەبوونی پارێزگاری... لە یەک مانگدا زیاتر لە ١٥ ژن کوژران
ئەم ژنکوژیانە پرسی مامەڵەکردن لەگەڵ توندوتیژی دژی ژنان تەنها وەک "ناکۆکییەکی خێزانیی" یان "کوشتن بەبیانووی شەرەف" دەهێننەوە پێشەوە، ئەمانە ئەو نانەن کە ڕەگ و ڕیشەی توندوتیژی تەمومژاوی دەکەن و دەیخەنە چوارچێوەیەکی تایبەتەوە.
ناوەندی هەواڵ
راپۆرتی جیاواز سەبارەت بە کوژرانی ژنان و منداڵان لە ناوچە جیاوازەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو کراونەتەوە، کە لە نێو ئەم حاڵەتانەدا ژنانێک دەبینرێن کە پێشتر چەندین جار هەڕەشەیان لێ کرابوو یان ڕووبەڕووی توندوتیژی ببوونەوە، هەروەها منداڵانی کچ و هەرزەکاران کە لە چوارچێوەی توندوتیژیی خێزانیدا گیانیان لە دەست داوە، ژنانێک کە دوای ساڵانێک لە توندوتیژی بە تۆمەتی کوشتنی هاوژینەکانیان لە سێدارە دراون.
بەپێی ئەو ئامارانەی کە ئاژانسەکەمان کۆی کردووەتەوە، لە ماوەی نێوان (٢٣ی تەمووز تا ٢٢ی ئاب) بەلانیەنی کەم ١٥ ژن و ٤ منداڵ کوژراون، هەروەها دوو ژن لە زیندانەکانی ئێراندا لە سێدارە دراون، لە مانگەکانی ئایار و حوزەیرانیشدا حاڵەتی نوێی کوشتنی ژنان و منداڵان تۆمار کراون.
لە تەقەکردنەوە بۆ توندوتیژیی خێزانی
لە قەزوین، پیاوێک بە هاوکاریی کوڕە ١٧ ساڵانەکەی، هاوژینە ٤٧ ساڵانەکەی بە ناوی عیسمەت جەباری، کچە هەشت ساڵانەکەی بە ناوی ستارە کرباسی، کوشت.
لە میانی تەقەیەکدا، کە هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لەسەر ڕێگای مەریوان - بانە ئەنجامیان دا، مریەم ئەسڵانی لەگەڵ کچەکەی سومایە توەکولی و کوڕەکەی مەهدی توەکولی، چالاکوانی فەرهەنگی و هونەری و بەڕێوەبەری ماڵی فۆتۆگرافەران لە کوردستان کوژران.
لە ٢٥ی تەمووزدا سۆما موقەددەمی، تەمەن ١٨ ساڵ و زیانبەرکەوتووی هاوسەرگیریی منداڵان، دوای ئەوەی لە پیرانشهر ئاگری لە خۆی بەردا گەیانرایە نەخۆشخانە، بەڵام بەهۆی سەختیی سووتانەکەیەوە گیانی لە دەست دا.
لە ٢٨ی تەمووزدا، ژنێکی ٣٢ ساڵ لە گوندی سەڕوود سەر بە شارستانی کلات، دوای ئەوەی هاوژینەکەی بە بەنزین ئاگری تێبەردابوو، بەهۆی سەختیی برینی سووتانەکەیەوە گیانی لە دەست دا.
لە شاری شەهربابەک لە پارێزگای کرمان پیاوێک ژنەکەی کوشت و لە قەیامدەشت ژنێک بە دەستی هاوژینەکەی کوژرا و دواتر تەرمەکەی لە ناوچە بیابانییەکان بە خاک سپارد، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە پاڵنەری تاوانەکە ناکۆکی بووە لەسەر کوشتنی کچەکەی خێزانەکە، کە هەمان پیاو چەند ساڵێک پێشتر کوشتبووی.
لە مەشهەد، ژنێک بە ناوی لەیلا بە چەکی سپی لەلایەن هاوژینەکەیەوە لە بەردەم چاوی کچە ١٧ ساڵانەکەی کوژرا، باس لەوە کرا کە هۆکاری کوشتنەکە ناڕەزایەتیی ئەو بووە بەرامبەر بە فرۆشتنی کەلوپەلی ماڵەوە بۆ دابینکردنی تێچووی کڕینی ماددە هۆشبەرەکان.
نادا جەلیلیان، تەمەن ٢٦ ساڵ، دایکی منداڵێکی تەمەن چوار ساڵانی خەڵکی شاری مەلەکان، لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا، ساناز مێهرابی دەشتەکی، کچێکی تەمەن ١٥ ساڵانی خەڵکی شاری مەڕودەشت، لەلایەن مامی بە تفەنگی ڕاوەوە تەقەی لێکرا و کوژرا.
لە چابەهار، ئازیتا (سوهەیلا) ڕەحمەت زهی، ژنێکی تەمەن ٢٤ ساڵ، خوێندکار و کارمەندی دەرمانخانە، تەنها ١٢ ڕۆژ دوای هاوسەرگیریی زۆرەملێ، لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە توندی لێیدرا و تەقەی لێکرا و گیانی لەدەستدا.
هەروەها سومەییە ڕەزاقی لە بابل لەلایەن هاوژینی پێشوویەوە کوژرا، لە پرەند، ژنێکی ٣٣ ساڵ بەهۆی ڕەتکردنەوەی داوای هاوسەرگیرییەوە کوژرا.
لە شارەدێی نور پیاوێک تەقەی لە باوک و دایکی و برای هاوژینەکەی کردووە و کوشتنی، لە ڕای پیاوێکی دیکە هاوژینەکەی کوشتووە.
لە ٢٠ی ئابدا لەتیفە محەمەدزادە، تەمەن ٤٠ ساڵ دانیشتووی شاری سەقز، دوای ئەوەی لەلایەن هاوژینەەکەیەوە چەندین جار چەقۆی لێدرا، گیانی لەدەستدا، هەروەها پێشتر لەلایەن هاوژینەکەیەوە چەندین جار هەڕەشەی کوشتنی لێکرابوو، تەنانەت لەناو دادگاش لەلایەن هاوژینەکەیەوە لێیدرابوو.
هەروەها ئاتوسا جەعفەری، تەمەن ٢٧ ساڵ و کارمەندی فەرمانگەی پۆستە لە سنە، لەلایەن هاوژینی پێشوویەوە بە چەقۆ کوژرا، لە کاتێکدا بکوژەکە هەڵات.
لە سەعادەتئاباد، لە ١٨ی ئابدا ژنێکی گەنج دوای کەوتنەخوارەوە لە پەنجەرەی شوێنی کار گیانی لە دەست دا، هیچ وردەکارییەکی زیاتر سەبارەت بە هۆکاری ڕووداوەکە بڵاو نەکرایەوە.
لە مەشهەد، منداڵێکی کچی ئەفغانی تەمەن ١٥ ساڵ دوای تووشبوون بە مردنی مێشک، پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی هاشمینەژاد، گیانی لە دەست دا، ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بە بوونی شوێنەواری بەرفراوانی قامچی و لێدان لەسەر سەری کرد، هاوژینەکەی وەک بەرپرسی کوشتنی ناسێنرا.
لە نزیک وێستگەی سووتەمەنیی شاری محەمەدئاباد لە زابل، منداڵێکی ساوا لە کاتی تەقەکردنێکدا کە خێزانێکی بەلوچی کردە ئامانج گیانی لە دەست دا، دایکیشی بە سەختی بریندار بوو.
لەسێدارەدانی ژنانی زیانبەرکەوتووی توندوتیژی
جگە لەم کوشتنانە، ئەو سزایانەی کە بەسەر ژناندا سەپێنرا لە هەندێک حاڵەتدا بووە هۆی مردنیان، مەرزیە نیری تەمەن ٢٤ ساڵ، زیانبەرکەوتووی هاوسەرگیری زۆرەملێ، دوای ئەوەی بە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەستی هاوژینەکەی سزادرا، لەسێدارەدرا. لەسێدارەدانەکە لە زیندانی ناوەندیی قەزوین ڕووی داوە.
لە ١٩ی ئابدا، سزای لەسێدارەدان بەسەر دونیا محەمەدی، خەڵکی ئیوان غەرب، لە زیندانی ناوەندیی شاری ئیلام جێبەجێ کرا، کە لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا تەمەنی ١٨ ساڵ بوو.
ئامارگەلێک کە پێشتر تۆمار نەکراون
لە ماوەی نێوان (٢٢ی ئایار تا ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، پیاوێک هاوژینەکەی لە مەشهەد کوشت، گەنجێکی تەمەن ١٩ ساڵیش دایکی خۆی لە هەمان ماوەدا کوشت.
لە ٢٤ی حوزەیراندا، ڕۆشنا نوری، تەمەن ١٥ ساڵ، خەڵکی گوندی سەڕگۆی سەر بە سنە، بە گوللـە براکەی کوژرا.
دۆسیەیەک کە هێشتا پێی دەوترێت ناکۆکیی خێزانی
لە ڕوانگەی چالاکوانانی مافەکانی ژنانەوە، یەکێک لە کێشە هەرە گەورەکان بریتییە لە بچووککردنەوەی کوشتنی ژنان و توندوتیژی دژیان لە ناونیشانی وەکو "ناکۆکیی خێزانی" یان "کوشتن بە بیانووی شەرەف"، ئەم زمانە توندوتیژی لە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و یاساییەوە دەگۆڕێت بۆ پرسێکی تایبەت، زەمینە خۆش دەکات بۆ بەردەوامبوونی دەسەڵاتڕەویی پیاوان و بکارهێنانی دەسەڵات بەسەر ژناندا لە ناو خێزاندا.
چالاکوانان پێیان وایە کە هەڕەشە، لێدان، کۆنترۆڵکردن، هاوسەرگیریی زۆرەملێ و تەنانەت کوشتنیش، کاتێک لە چوارچێوەی ناکۆکیی خێزانیدا دەگێڕدرێنەوە، هۆکارە بنەڕەتییەکانی توندوتیژییەکە دەرناکەون، بەرپرسیارێتیی دەزگا یاسایی و حکومییەکانیش دەچنە پەراوێزەوە.
لەم جۆرە هەلومەرجەدا ژنان پارێزگاری یاسایی کاریگەر وەرناگرن و تەنانەت کاتێک پەنا بۆ دامەزراوە دادوەرییەکان دەبەن بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان، ڕووبەڕووی میکانیزمی گونجاو نابن بۆ پاراستنیان.
لە لایەکی دیکەوە ژنان و چالاکوانانی مەدەنی چەندین جار ناڕەزایەتیان دەربڕیوە بەرامبەر بە نەبوونی پاراستنی کاریگەر و کەمیی پەناگەی پارێزاو و لاوازی یاساکانی ڕێگریکردن.
ڕەخنەگران وتیان: کە بوونی ژنان لە پێکهاتەکانی دەوڵەت و دامەزراوە یاساییەکان هێشتا پارێزگارییەکی کردەیی و کاریگەری بۆ ئەو ژنانەی کە مەترسی توندوتیژییان لەسەرە دابین نەکردووە، لە نەبوونی چاکسازی بنەڕەتی لە یاسا و سیستەمی پاراستن و کولتووری خێزاندا، بە نزیکەی ڕۆژانە هەواڵی کوشتنی ژن یان منداڵ بەردەوامە.