نارین گوران بە خنکاندن کوژراوە

لەو ڕاپۆرتی پزیشکی دادی ئەستەنبوڵدا دەرکەوت، نارین گوران کە دوای ١٩ ڕۆژ لە دیارنەمانی تەرمەکەی دۆزرایەوە، خنکێنراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

نارین گوران تەمەن ٨ ساڵ لە ٢١ی ئاب لە گوندی چولی سەر بە ناوچەی ڕێزانی ئامەد بێسەروشوێن بوو، دوای ١٩ ڕۆژ تەرمەکەی لە ڕووباری خوار گوندەکە دۆزرایەوە، دۆسیەی نارین درێژەی هەیە و پەیمانگای پزیشکی دادوەری ئەستەنبوڵ ڕاپۆرتێکی ئامادە کردووە و ڕەوانەی داواکاری گشتی ئامەدی کردووە.

 

لەو ڕاپۆرتەدا کە لەلایەن لیژنەی ١ی پسپۆڕی دامەزراوەی پزیشکی دادوەرییەوە بە هەڵسەنگاندنی بەڵگەنامەکانی پزیشکی دادوەری و ڕاپۆرتی پشکنینی جەستە سەبارەت بە نارین گوران ئامادەکراوە، ڕاگەیەندراوە، "لەگەڵ داتاکانی ئێستا، ئەو هەڵسەنگاندنە پزیشکییەی کە کراوە لەسەر بنەمای ئایا دەستدرێژی سێکسی بەرامبەرنارین گوران کراوە یان نا، نەبووە، نارین گۆرانیش لە ٢١ی ئاب، ڕۆژی دیارنەمانی گیانی لەدەستداوە".

 

بە خنکاندن کوژرا

قاچی چەپی نارین لە خوار ئەژنۆیەوە بڕاوە، لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ڕەنگە لە دوای مردنییەوە، ئاژەڵ وەهای لێکردبێت، هەروەها بە شێوەیەکی بەرفراوان باس لەوە کراوە کە نارین گوران لە ئەنجامی خنکان یان کەمی ئۆکسجین کوژراوە.

 

پەیمانگای پزیشکی دادوەری بەردەوامە لە لێکۆڵینەوە لەسەر شوێنی ئەو گازەی لەسەر ملی براکەی نارین گوران، ئەنەس گورانە و چاوەڕوان دەکرێت بۆچوونی خۆی بدات.