سۆزدار ئاڤێستا: بە ژیانێکی سۆسیالیستی ئەنجام بەدەست دێت

سۆزدار ئاڤێستا، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی گشتی کەجەکە تیشکی خستەسەر گرنگی تێکۆشانی ٥٢ ساڵە و وتی: ڕێبەر ئاپۆ وتی 'من لێرە وەک سۆسیالیستێک دەژیم'، بەدەستهێنانی ئەنجامی مەزن بە ژیانێکی سۆسیالیستی دێتەدی.

ناوەندی هەواڵ

 

پاش بانگەوازەکەی ڕێبەری گەلی کورد لە ٢٧ ی شوبات بۆ "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"، لەسەر بناغەی ئەم بانگەوازە، پەکەکە لەنێوان ٥_٧ ی ئایار لە دوو گۆڕەپانی جیاوازی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا ١٢ هەمین کۆنگرەی نائاسایی بەست. ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی گشتی کەجەکە، سۆزدار ئاڤێستا لە کۆنگرەکەدا قسەی کرد و وتی: ڕێبەر ئاپۆ، نەوەک تەنها لەئاستی گوتار بەڵکو لە پراکتیکیشدا، سۆسیالیزم و دیموکراتیکبوون و یەکسانی لەسەر هێڵی پەکەکە بەدی هێنا.

 

سۆزدار ئاڤێستا بە یادکردنەوەی شەهیدانی تێکۆشانی ئازادی کوردستان دەستی بە قسەکانی کرد و گوتی: "سەرەتا بە ڕێز و خۆشەویستی و حەسرەتەوە، سڵاو بۆ ڕێبەر ئاپۆ دەنێرم کە ٥٢ ساڵ و مانگێک و ١٥ ڕۆژە، دامەزرێنەر و ڕۆح و مێشکی ئەم تەڤگەرەیە. لە کەسێتی هەڤاڵ حەقی کارەر و مەزڵوم دۆغان و ساکینە جانسز و هاوڕێ فوئاد و هەڤاڵ ڕەزا و ئەو هەڤاڵانەی کە بەم دواییە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا شەهیدبوون، هەڤاڵ بەسێ و میترا و گابار، هەموو شەهیدانی تێکۆشانی ئازادیی گەلی کوردستان، بە ڕێز و سوپاس و پێزانینەوە بیردەهێنمەوە. سەری ڕێز بۆ یادیان دادەنەوێنم.

 

تەڤگەری ئازادی لە سەردەمی تێکۆشانی چەکدارییەوە تا ئێستە، لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بە تێکۆشانی شەڕی تونێلەکان گەیشتووەتە بەرزترین ئاست. گەلەکەمان بۆ زانیاری وەرگرتن دەربارەی ڕەوشی ڕێبەر ئاپۆ لە کوردستان و دەرەوەی وڵات، هەڵمەتێکی بەهێزی دەستپێکرد. پەیوەست بەم تێکۆشانە مەزنە پەیوەندی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ دانرا. ئەم زانیاری وەرگرتنە بە قوربانیدانی مەزن بەدەست هات.

 

ناتوانین تەنها لە چوارچێوەی هەستوسۆزدا هەڵسەنگاندن بۆ ئەو شتانە بکەین کە لە مێژووی جیهان و بەتایبەت لە مێژووی گەلی کورد و ژناندا ڕوویانداوە. پەکەکە لە مێژوودا شۆڕشی مەزنی ئەنجامدا. ڕێبەر ئاپۆ سوپای ژنانی دامەزراند و پەرەی پێدا. ڕێبەر ئاپۆ، نەوەک تەنها لەئاستی گوتار بەڵکو لە پراکتیکیشدا، سۆسیالیزم و دیموکراتیکبوون و یەکسانی لەسەر هێڵی پەکەکە بەدی هێنا. هاوکات تێکۆشانی ژنانی وەک پرەنسیپێک پەرەپێدا و بەهێزی کرد. لەو سەردەمەدا، هەموو خەباتی ئێمە لەسەر بناغەی بەسوپابوون بوو، واتە تێکۆشانێکی مەزن بوو بەرامبەر فاشیزم.

 

"ڕێبەر ئاپۆ ئازادیی ژنانی کردە پلانی لەپێشینە"

گەر بەڕاستی تێکۆشانی چەکداری ئەنجام بەدەست بهێنێت، تەنها وەک سوپایەکی کلاسیک نابێت، واتە وەک سوپا میللییەکانی گەلانی ڕوسیا و ڤێتنام و چین نابێت، دەبێت سوپایەک بێت کە ژن تێیدا خاوەن ئیرادە بێت، پێشەنگایەتی بکن، یەکسانی و مافی خۆیان بەدەست بهێنن. بۆیە ڕێبەر ئاپۆ لە ساڵی ١٩٩٣ سوپای ژنانی دامەزراند. پرسی ئازادی ژن و بەسوپابوون بوو بە پلانی لەپێشینە. ئەم هەنگاوە، بوو بە گەرەنتی سەرکەوتنی پرۆسەکە. ڕێبەر ئاپۆ لە دیداری یەکەمدا گوتی: "لێرە وەک سۆسیالیستێک دەژین". ئەمە زۆر گرنگ بوو. تێکۆشانی ٥٢ ساڵەمان لەسەر ئەم بناغەیە بوو. بەڵام بۆ ئەوەی لەمەودوا ئەنجام بەدەست بهێنێت، دەبێت ژیانێکی سۆسیالیستی، پەیوەندی کۆمیوناڵ و ژیانێک کە بتوانێت لە کۆمەڵگەدا پێشەنگایەتی بکات، بێتەدی.

 

"واتای ئاپۆیی‌بوون، هاوڕێیەتی ڕاستەقینەیە"

ئێستە کاتی خۆڕێکخستنی فیکری مەزنە. هەموو فیکرە مەزنەکان پاش ماوەیەک بڵاوبوونەتەوە. مەسیحییەت پێش ٢٠٢٥ ساڵ بە ١٢ هاوڕێ دەستی پێ کرد و تا ئەمڕۆ گەشەی سەندووە. لە حزووری ئەم فیکرە و شەهیداندا دەڵێم: پێم وایە، خۆم بۆ ئەمە ئامادەم. لە ڕێپێوانی ئاپۆییدا، هاوڕێیەک لە زیندان گوتبووی: "کاتێک ئاپۆییەتی دەستی پێ کرد، من منداڵێکبووم و لە وڵاتەکەم دابڕابووم". منیش دەڵێم، لە قۆناغێکدا کە فیکری ئاپۆیی بڵاوبووەتەوە، ئێمەش وەها بووین، پێش پەکەکە، لەسەر دیواری ماڵەکانمان ئاپۆییەتیمان دەبینی.

 

واتای ئاپۆییەتی لەو ڕۆژەوە تا ئەمڕۆ، هاوڕێیەتییەکی ڕاستەقینە و درووست و چالاکە، بوونە بە دڵۆپێک لەسەر ئەم هێڵە. هەموو هەوڵ و هەڵوێستی من، لەمەودوا بۆ ئەوە دەبێت تاوەکو بەشدارییەکی ڕاستەقینەتر لەم ڕێگەیەدا درێژە پێ بدەم. لە حزووری هاوڕێ و شەهیداندا، هەست بە قەرزەکانی سەر شانم دەکەم، بۆ ئەوەی وەک هاوڕێیەکی ئەوان هەنگاوبنێم، نزیکایەتی و هەنگاونانی من بەو پێیە دەبێت. ئەم وتەیە لە خۆمدا جێبەجێ دەکەم".