سزای لەسێدارەدان و زیندانی کردنی ژنان لە ئێران زیادی کردووە
دەزگای دادوەریی ڕژێمی ئێران سزای قورسی وەک لەسێدارەدان و زیندانی کردنی درێژخایەنی بەسەر ژنان، پێکهاتە ئایینییەکان و دەستبەسەرکراوانی خۆپێشاندانەکاندا سەپاندووە و ئەوەش نیگەرانی نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا سەبارەت بە چڕبوونەوەی دەرکردنی سزای قورس لە دژی ژنان و خۆپیشاندەران و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوەو تێیدا هاتووە: شەپۆلێکی نوێی دەرچوونی سزای قورس بەسەر ژنان و دەستبەسەرکراوانی خۆپێشاندانەکان لە ئێران ڕووی لە هەڵکشان کردووە.
ئارەزوو کەشور، خاوەنی ساڵۆنێکی جوانی و دایکی منداڵێکی ساوا کە لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دوواییە لە زیندانی دەوڵەتئابادی ئەسفەهان بزیندانی کراوە، دوای ڕاگرتنی لە ژووری تاکەکەسیدا و ئەشکەنجەدانی، سزای ١٢ ساڵ زیندانی کردنی بەسەردا سەپێنراوە.
هاوکات نەجمە ئەمینی، خوێندکاری ناڕازیی خەڵکی مشهەد دوای ئەشکەنجە و دانپێدانانی زۆرەملێ لەلایەن دادگای ئەو شارە سزای ١٢ ساڵ و شەش مانگ و یەک ڕۆژ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.
لەلایەکی دیکەوە، فشارەکان بۆ سەر پێکهاتە ئایینییەکان بەردەوامە؛ سەریر موقەن، هاووڵاتیی بەهایی دوای تێکدانی ماڵەکەی و زەوتکردنی دارایی خێزانەکەی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و ڕەوانەی زیندانی دەوڵەتئاباد کرا.
هەروەها ئیلهام خەڵەس، هاووڵاتییەکی دیکەی بەهایی بەهۆی دابیننەکردنی بارمتە، گواسترایەوە بۆ هەمان زیندان، لەگەڵ ئەمانەدا، نەدا بەدەخش، هاووڵاتیی بەهایی تەمەن ٦٢ ساڵ کە بەدەست شەکرە و سیاتیکەوە دەناڵێنێت، لە چاودێریی پزیشکی بێبەش کراوە.
جگە لەوانە، دۆخی زیندانیان لە شارەکانی دیکەش گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، بەجۆرێک مەدینە شەهنەوازی، زیندانیی سیاسی، زیاتر لە ٢٨ مانگە لە زیندانی کرمان بەبێ دادگایی کردن ڕاگیراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە دادگای گشتی ئێران سزای لەسێدارەدانی ئەرخەوان فەلاحی تەمەن ٢٤ ساڵی پەسەند کردووە و سزای لەسێدارەدان بۆ لەیلا ئەبولحەسەنی لە دەستبەسەرکراوانی خۆپێشاندانەکانی ئەم دوواییە دەرکراوە کە لە ئێستادا بۆ پشتڕاستکردنەوە ڕەوانەی دادگای گشتی کراوە.
ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان نیگەرانیی قووڵی خۆیان دەربڕیوە کە ژمارەی گشتیی لەسێدارەدانەکان لە سەرەتای ئەمساڵەوە گەیشتووەتە نزیکەی هەزار کەس و زۆربەی بەڵگەکان لە ڕێگەی دانپێدانانی ژێر ئەشکەنجەوە زۆرەملێ وەردەگیرێن.