سۆزان حەمە سەعید: بەداخەوە بەشێکی زۆری ژنان ئاگایی یاساییان کەمەو هەڕەشەیان لێدەکرێت
ژنان بۆ هۆشیاربوونەوە لە مافەکانیان لەڕووی یاساییەوە، پێویستە ئەو داب و نەریتە کۆتایی پێبهێنن کە چوونە دادگا بە شەرم دەزانن، بۆ ئەم مەبەستەش داوا دەکرێت لە قۆناغەکانی خوێندن وانەی یاسایی بخوێندرێت.
شلێر کۆیى
کۆیە- لەو کۆمەڵگەیانەی کە عەقڵیەتی پیاوسالاری تێیدا زاڵە، کاتێک ژنان پێویستیان بە یاسابێت و ڕوو لە دادگاکان یاخود بنکە ئەمنییەکان بکەن بۆ سکاڵا، ئەوا بە شەرم بۆ ژنان دەزاندرێت، هەربۆیە ژنان دووردەکەونەوە لە یاساو کێشەو گرفتەکانیان لەناو خێزانەکان یاخود تەنها لای خۆیان دەهێڵنەوە، لە بەرامبەر ئەمەداهۆشیاری بە ژنان دەدرێت لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر توندوتیژییەک (چ لەلایەن ڕەگەزی نێر یان هاوڕەگەزی خۆیانەوە بێت)، نابێت ژنان بڕیاری هەڵە بدەن، بەڵکو دەبێت لەوکاتانە قسە لەگەڵ کەسانى یاسایی بکەن و بەیاسا مافەکانى خۆیان وەربگرن نە زیان بەخۆیان بگەیەنن لە ڕووى ماددى یان مەعنەوى، زۆر جار دایکێک کە لەلایەن هاوژینەکەی منداڵەکانى لێ زەوت کراوە کە بەیاسا منداڵەکانى دەتوانێت وەربگرێت ئەو پەنا دەباتە بەر خۆکوشتن و ئازاردانى خۆى و ڕووبەڕووی چەندین گرفتى دیکە دەبێتەوە.
"بەداخەوە بەشێکی زۆری ژنان ئاگایی یاساییان کەمە"
سۆزان حەمە سەعید، لێپرسراوى بەشى یاسایی لە بەرێوەبەرایەتى چاودێرى گەشەپێدانى کۆمەڵایەتى سەبارەت بە هۆشیارى ژنان لە ڕووى یاساییەوە و چۆن ژنان هۆشیاربن لەکاتى ڕووبەڕووبونەوەیان بە توندوتیژیەکان و بەیاسا کێشەکانیان چارەسەر بکەن وتى: بەداخەوە بەشێکى زۆرى ژنان ئاگایی یاساییان کەمە ئاشنا نین بەمافەکانی خۆیان، بۆیە زۆرجار بێبەشن لە مافەکانى خۆیان، لەکاتێکدا لە یاساکانى دەستوورى عێراق و ئەو یاسایانەى لە پەرلەمان دەردەچوون یاسا هەن بۆ پارێزى کردن لە مافى ژن، تا گەر ڕووبەڕووی توندوتیژیەک بوون مافیان زەوت نەکرێت، چ لەلایەن رەگەزى نێر یان هاورەگەزەکانى خۆشیان بێت.
ئاماژەی بەوەشکرد کە زۆر گرنگە ژنان بەدواداچوونى یاساییان هەبێت، تا کاتێک گرفتێک دێتە پیش خۆى بریار نەدات و ڕووبەڕووی گرفتێکى گەورەتربێت دەبێت، بەدواداچوون بکات بەیاسا بریاربدات وچارەسەرى بکات، دادگاکان کۆمەڵێک پارێزەر و ڕاویژکارى یاسایی تێدایە، هاوکات لە فەرمانگەکان بەشی یاسایی هەیە دەتواندرێت سودیان لێ ببینێت، بەتایبەت فەرمانگەکانى وەزارەتى کاروبارى کۆمەڵایەتى بەشى یاساییان هەیە تایبەت بە گرفتەکانى ناو خێزانەکان، هاوکات پۆلیس هەیە ئاسایش هەیە ئەرکیان پاراستنى هاوڵاتیانە، بۆیە لەوکاتەى ڕووبەڕووی کیشەیەک دەبی دەتوانى پەنا بۆ ئەوانە ببەى کە ڕێنماییت بکەن و مافت نەفەوتێ، مافى کەسیش نەخۆى.
"لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ژنان هەرەشەیان لێ دەکرێت بە قسەی ناشرین یان وێنەیەک"
سەبارەت بە جۆرى توندوتیژیەکان سۆزان حەمەسەعید وتی: توندوتیژیەکان زۆرن و بەچەندین رێگا باوترینیان ئێستا لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، زۆر کات ژنان هەرەشەیان لێ دەکرێت بە قسەی ناشرین یان وێنەیەک ئەوانیش ناڵێم هەمووى دەڵێم هەندێکیان بەهۆى نائاگایی یاساییە، زۆر جار کیشەکان بە هەڵە چارەسەر دەکەن، بە پێدانى پارە بەبەرامبەر، یان کۆتایی بە ژیانى خۆیان دەهێنن کە ئەوەش گەورەترین زەبرە بەرامبەر خۆیان دەىکەن، لەکاتێکدا بەیاسا دەى توانى مافى خۆى وەربگرێت، هەندێک جار ئەو ژنانە لەترسی خێزانەکانیان قسە ناکەن لەوکاتە دەتوانن لە نزیک ترین کەسیان هاورێیان سود وەربگرن، هەر چۆنێک بێت نابێت زیان بەخۆیان بگەیەنن و نابێت بترسن و نابێت شت بشارنەوە چونکە شاردنەوە یان تۆڵە سەندنەوەى کوێرانە توشى گرفتى گەورەتر دەبن.
"دەبێت دادگا بەماڵی خۆمان بزانین نەک شەرم"
سۆزان حەمە سەعید وتیشی: دەبێت دادگا بەماڵى خۆمانى بزانین، شەرم نییە بچیە دادگا با ئەونەریتە نەمێنێت کە شەرمە بچینە دادگا، ژنان دەبێت خۆیان هۆشیاربکەنەوە پێش ئەوەى ڕووبەرووی گرفتێک ببن، بەردەوام ئێمە لەم سەردەمە زانیاریمان لەبەردەستە بە مۆبایلەکانمان دەتوانین لە جێى سەیرکردنى شتى لابەلاو کات بەسەربردن، با هەندێک بابەتى هۆشیارى یاسایش ببینین و بخوێنینەوە، با بینەرێکى گوێرایەڵ بین تا هەریەکەو تاکێکى هۆشیار بین بۆ خۆمان و بۆ دەوروبەرمان، بەخۆشحاڵیەوە بەشێکى زۆریش لە ژنان بەدواداچوونیان هەیە و کار دەکەن لەسەر هۆشیارى خۆیان و دەوروبەریان و لە واڵەکانیان زانیارى بڵاو دەکەنەوە.
لە کۆتایی قسەکانیدا سۆزان حەمەسەعید وتى: دەستخۆشى لە ئاژانسی نوژنها دەکەم کە هەمیشە هەوڵى هۆشارکردنەوەى ژنان دەدەن بۆ مافەکانیان و هیوادارم هەموو ئەو کەناڵ وسایتانەى دیکەش وەک ئێوە لەخەمى هۆشیارى ژنان دابن چونکە ئیوە رۆڵێکى بەرچاوتان هەیە لە هۆشیارکردنەوەى ژنان، خۆزگە دەخوازم لە سەرتاى خوێندنى خوێندکاران شارەزا بکرێن بەمافەکانى خۆیان و بەیاسا ئاشنا دەکران وانەیەکى یاساییان هەبووایە، هەریەکەو لە جێى خۆمانەوە هۆشیارى بڵاو بکەینەوە لە خوێندنگەکان و لە مینبەرى مزگەوتەکان، لە شاشەکان و لە شوێنە گشتیەکان.