سیستمی تەندروستی لە لوبنان لە خەباتدایە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخی وڵاتەکەدا

سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەربارەی بارودۆخی شەڕو ئاڵۆزی جەختی لەوەکردەوە، پێویستە توندوتیژی لە ناوچەکەدا بوەستێت بۆ ڕێگریکردن لە زیان و ئازاری زیاتر، هەروەها هەر پەرەسەندنێکی زیاتری شەڕەکە لێکەوتەی کارەساتبار بۆ ناوچەکە دەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

هێشتا شەڕی نێوان حزبوڵا و هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامەو سەدان کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە کە زۆربەیان ژن و منداڵن، هەزاران کەسیش ئاوارەبوون.

 

 سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئەمڕۆ ٣ی تشرینی یەکەم ڕایگەیاند، نەخۆشخانەکانی لوبنان قەرەباڵغن و سیستمی تەندروستی وڵاتەکە لە خەباتدایە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخی باوی وڵاتەکەدا.

 

 ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی گیان لەدەستدان لە لوبنان بەرز دەبێتەوەو نەخۆشخانەکان ژمارەیەکی زۆر برینداریان تێدایە، قەیرانە یەک لە دوای یەکەکان سیستمی تەندروستی لاواز کردووەو لە خەباتدایە بۆ دابینکردنی پێداویستییە گەورەکان.

 

دوای دیدار لەگەڵ باڵیۆزانی وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی لە جنێڤ بۆ تاوتوێکردنی دۆخی تەندروستی لوبنان و ناوچەکە، سکرتێری گشتی دووپاتیکردەوە کە لەسەر پێویستی پاراستنی نەخۆش و کارمەندانی چاودێری تەندروستی و هاوڵاتیانی مەدەنی بەتایبەتی پەنابەران و دڵنیابوون لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری چاودێری تەندروستی بۆیان کاردەکەن،

 

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە توندوتیژییەکانی ناوچەکە بوەستن بۆ ئەوەی زیان و مەینەتی زیاتر نەبن، هەروەها هەر پەرەسەندنێکی زیاتری شەڕەکە لێکەوتەی کارەساتباری بۆ ناوچەکە دەبێت.

 

دوێنێ دەسەڵاتدارانی لوبنان ڕایانگەیاند، ژمارەی کوژراوانی شەڕی نێوان حزبوڵا و هێزەکانی ئیسرائیل لە سەرەتای ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە بۆ هەزار و ٩٢٨ کوژراو بەرزبووەتەوە، هەروەها ٩ هەزار و ٢٩٠ بریندار تۆمار کراون.

 

 هێزەکانی ئیسرائیل هۆشدارییەکیان بۆ دانیشتووانی ٢٤ شارۆچکەی باشووری لوبنان بڵاوکردەوە، داواشیان کرد بەرەو باکوری ڕووباری ئەوالی بچن.