سیناتۆرێکی فەڕەنسی پشتیوانی خۆی لە بانگەوازی عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئاشتی نیشاندا
دەنگدانەوەی پەیامی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆڕای گشتی بەردەوامە، ئان سۆیریس، سیناتۆری فەڕەنسی پشتیوانی خۆی بۆ بانگەوازی عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ ئاشتی دەربڕی.
ناوەندی هەواڵ
عومەر ئۆجالان، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان، دەم پارتی دیدارێکی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ هەبوو کە ماوەی ٢٦ ساڵە لە زیندانی دوورگەی ئیمرالی لەژێر بارودۆخی ئەشکەنجەدانی سەختدا ڕاگیراوە و ماوەی ٤٣ مانگە مافی دیدار لەگەڵ بنەماڵەکەی و پارێزەرانی بە تەواوی ڕەتکراوەتەوە، ڕێبەر ئاپۆ لەڕێگەی عومەر ئۆجەلانی برازای پەیامێکی بۆڕای گشتی نارد و ڕایگەیاند، گۆشەگیریی ئیمرالی بەردەوامە، ئەگەر هەلومەرجەکان دروست بکرێن، من دەسەڵاتی تیۆری و کردەییم هەیە بۆ گواستنەوەی ئەم پڕۆسەیە لە مەیدانی شەڕەوە بۆ زەمینەی یاسایی و سیاسی.
پشتیوانی گۆڕەپانی نێودەوڵەتی بۆ ئەو دیدارە کە دوای ٤٣ مانگ بەڕێوەچووو بۆ پەیامی ڕێبەر ئاپۆ، بەردەوامە.
ئان سۆیریس، سیناتۆری فەڕەنسی لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی لێدوانێکی سەبارەت بەو پرسە بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند،پشتگیری لە بانگەوازییەکەی عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئاشتی دەکات و داوای لە فەرەنسا کرد بەرپرسیارێتی بگرێتەبەر.
پەیامی سیناتۆر ئان سۆیریس بەم شێوەیەیە: لە کۆتایی٤٣ مانگدا دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان بەڕێوەچوو، ڕۆژێک دوای چاوپێکەوتنەکە، تورکیا لە بەرامبەر هێرشەکەی پەکەکەدا بۆردومانی ڕۆژئاوای کرد، من پشتگیری لە بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجالان دەکەم بۆ ئاشتییەکی بەردەوام لە نێوان گەلی کورد و تورکیادا، فەڕەنسا دەبێت کار بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی نێودەوڵەتی تورکیا و کورد بکات بۆ ئەوەی ڕێز لە مافە سەرەتاییەکانی هەمووان بگیرێت و پرۆسەی ئاشتی لەڕێگەی میتۆدی هاوبەشی دیموکراتیکەوە جێبەجێ بکات.