"سی پی تی پشتگیری لە سیاسەتەکانی گۆشەگیری دەکات"

ماوەی ٣ ساڵ و ٦ مانگە هیچ زانیارییەک لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەست نەکەوتووە، ژنانی ئێزیدی کاردانەوەیان بەرامبەر بە گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئۆجالان نیشان داو ڕایانگەیاند، سی پی تی پاڵپشتی دەوڵەتی تورکیا دەکات بۆ ئەوەی گۆشەگیریی توندتر بکات.

ڕۆژین حەبابی

 

شەنگال- ٢٥ ساڵ بەسەر زیندانی کردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە تورکیا تێپەڕیوە و ٣ ساڵ و ٦ مانگە هیچ زانیارییەکی لێ وەرنەگیراوە، لەو ماوەیەدا پارێزەران و بنەماڵەی ئۆجەلان نەیانتوانیوە لەگەڵیدا کۆببنەوە، هەرجارێک داواکاری بنەماڵە و پارێزەران بۆ کۆبوونەوە لەگەڵیدا لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ڕێگری لێدەکرێت، نەبوونی زانیاری لە ئۆجەلانەوە گومانی لای گەلی کورد دروست کرد.

 

لە لایەکی ترەوە بۆ ئازادی فیزیکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، هەڵمەتێکی جیهانی بە دروشمی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" دەستیپێکرد، هونەرمەندان، نووسەران، سیاسەتمەداران، چالاکانی مافی مرۆڤ، خاوەن خەڵاتی نۆبڵ و زۆر کەس لە بازنەی جیاوازەوە پشتیوانیان لە هەنگاوی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد، جگە لەوەش شەنگال بە دروشمی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ و خۆبەڕێوەبەری بۆ شەنگال"بەشداری هەڵمەتەکی کرد.

 

لە چوارچێوەی ئەم هەنگاوەدا چالاکیی جۆراوجۆر لە سەرانسەری جیهان بەڕێوەچوو و تا ئێستاش هەنگاوەکە بە شێوازی جیاواز بەردەوامە.

 

سەبارەت بە گۆشەگیری و ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، نەعیم بەدەل، ئەندامی کۆردیناسیۆنی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی-تاژێ،

و وەلات جانۆ، ئەندامی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری گوندی بۆریک ڕایانگەیاند هەرچی لە توانایاندا بێت ئەنجامی دەدەن بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

 

"ئەو ڕێبەری گەلە"

وەلات جانۆ، ئەندامی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری گوندی بۆریک ڕایگەیاند، ئەوان دوای ناسینی بیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەهێزتر بوون و وتی: ڕێبەر ئاپۆ ٢٥ ساڵە لە زینداندایە، دڕندەیی و ستەمکاریی بەسەردا دەکرێت، هیچ کەسێک وەک ڕێبەر ئاپۆ ناتوانێت ٢٥ ساڵ لە زیندان بمێنێتەوە جگە لەوەش زیاتر لە سێ ساڵە کۆبوونەوە لەگەڵیدا ئەنجام نەدراوە، ڕێگە بە پارێزەرو بنەماڵە نادەن بۆ کۆبوونەوە لەگەڵیدا، نەدەبوو ئەمە قبوڵ بکرایە، نادادپەروەری لە زینداندا بەدی دەکرێت، هەموو دەوڵەتەکان یەکیان گرتووە، ئێمە وەک ژنانی ئێزیدی لە هەموو شوێنێکی جیهاندا بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەوەستینەوە و دەنگ بەرز دەکەینەوە، بۆچی خستیانە زیندان، چونکە لە بیرکردنەوەکانی دەترسن، ٧٤ فەرمان بەسەر ئێمەدا جێبەجێ بوو،  دوای فەرمانی ٣ی ئاب، بیرۆکەی ڕێبەر ئاپۆمان ناسی و لەسەر ئەم بیرۆکەیە پەروەردە بووین  و پێشکەوتنمان بە خۆمانەوە بینی، داوا لە هەموو لایەک دەکەین دژی گۆشەگیری بوەستنەوە، ئێستا ملیۆنان کەس شوێن بیرۆکەی ڕێبەر ئاپۆ دەکەون، ڕێبەر کەسێکی ئاسایی نییە، ڕێبەری گەل و کۆمەڵگەیە.

 

بانگەواز بۆ کردار

وەلات جانۆداوای لە گەلی ئێزیدی کرد بەرامبەر گۆشەگیری بوەستنەوە و وتی: دوای ناسینی بیری ڕێبەر ئاپۆ، ئێمەی ژنانی ئێزدی خۆمان پاراست و خۆمان پەروەردە کرد، تا کۆتایی لەگەڵ بیری ڕێبەر دەوەستین، داوا لە هەموو ژن و گەنجێکی ئێزیدی دەکەین بۆ بەدیهێنانی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ ڕاوەستن و هەنگاو بنێن.

 

"ئەوان لە بیری ڕێبەر ئاپۆ دەترسن"

نەعیم بەدەل تیشكی خستەسەر گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ڕایگەیاند، گۆشەگیری ئیمرالیی بۆ هەموو گەلانە و وتی: لەبەرئەوەی لە بۆچوونی ڕێبەر ئاپۆ دەترسن،ڕێگە نادەن کۆبوونەوەی لەگەڵدا ئەنجام بدرێت، گۆشەگیری لەسەرڕێبەر ئاپۆ لەسەر هەموو مرۆڤایەتییە، نەک هەر ستەمیان لەڕێبەر ئاپۆ کرد بەڵکو لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا گەلی ئازادیخوازیان چەوساندەوە، گۆشەگیری لە ئیمرالی لە شەنگالیش ئەنجام دەدرێت، گۆشەگیری لە هەموو شوێنێک ئەنجام دەدرێت کە بۆچوونی ڕێبەر ئاپۆی لێیە، لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ڕێگەیان بە کۆبوونەوە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ نەداوە، چونکە نایانەوێت بیری ڕێبەر ئاپۆ بڵاوببێتەوە، ڕێبەر ئاپۆ ڕێگەی بە ژنان دا کە پەیوەندی بە سوپاوە بکەن و گەشە بکەن بۆیە داوا لە هەموو لایەک بە تایبەت ژنان دەکەین لە پێناوڕێبەر ئاپۆدا بوەستنەوە بۆ ئەوەی دانیشتنی لەگەڵدا بکرێت.

 

"سی پی تی پشتگیری لە سیاسەتەکانی گۆشەگیری دەکات"

نەعیم بەدەل سەرنجی بۆ ئەرکی سی پی تی ڕاکێشا کە جێبەجێی ناکات، وتی: وەک زاندراوە سی پی تی ڕێکخراوێکە دژی گۆشەگیری و ئەشکەنجە، بەڵام بۆچی نایەوێت تورکیا کۆتایی بەو گۆشەگیرییە بهێنێت؟ چونکە پاڵپشتی ئەم گۆشەگیرییە دەکات، ڕاستە ڕێبەر ئاپۆ لە تورکیا زیندانی کراوە، بەڵام لە ژێر کۆنتڕۆڵ و بەرپرسیارێتی ئەمریکادایە، ئەگەر ناڕەزایی خۆیان دەربڕیبایە تورکیا نەیدەتوانی دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ قەدەغە بکات، تورکیا دوژمنی ئێمەیە، بەڵام داوا لە سی پی تی دەکەین ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و بەزووترین کات لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ کۆببێتەوە.