سوەیدا... مامۆستایان بەشداری خۆپیشاندان دەکەن بۆ داواکردنی ماف و ئازادییەکانیان

خۆپیشاندەران لە سوەیدای سووریا جەختیان لەوەکردەوە بەردەوام دەبن لە خۆپیشاندانەکانیان هەتا ئەو کاتەی هەموو داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێن، بە تایبەتی باشترکردنی بارودۆخی ژیان و جێبەجێکردنی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان کە داوای ئاگربەست و یەکسانی ڕەگەزی دەکات

 

ڕوشیل جۆنیور

 

سوەیدا- گەلی سوەیدا بەردەوامن لە بزووتنەوەی ئاشتیانەیان کە چووەتە هەفتەی نۆیەمەوەو داوای جێبەجێکردنی بڕیاری ٢٢٥٤ی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان دەکەن و جەختیان لەوەکردەوە لە بزووتنەوەکەیان پاشەکشێ ناکەن هەتا هەموو داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێت.

دەیان خۆپیشاندەر و شاندی مامۆستایان لە هەموو گوند و شارۆچکەکانی سوەیدا ڕۆژی ٢٧ی تشرینی یەکەم ڕۆیشتن بۆ گۆڕەپانی ئەلکەرەمە لە شاری سوەیدای سووریا و داوای جێبەجێکردنی بڕیاری ٢٢٥٤ی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئازادکردنی دەستگیرکراوەکانیان کرد، لەو ماوەیەدا بە بەرزکردنەوەی پانکارت ناڕەزایی خۆیان لە بارودۆخی سەختی ژیان و پێویستی گوێگرتن لە دەنگیان لە سەرانسەری جیهاندا دەربڕی.

 

"بەبێ ژنان هیچ بزووتنەوەیەکی ڕاستەقینەو ئاشتییانە بوونی نییە"

مامۆستا ڕەسیلە قتیش جەختی لەوە کردەوە، ئەم خۆپیشاندانە ئاشتیانەیە دوای چەندین ساڵ لە ئازارو هەژاری و برسێتی بەردەوام دەبێت، دەبێت یەکسانی لەنێوان ژنان و پیاواندا هەبێت، چونکە بەبێ ژنان هیچ بزووتنەوەیەکی ڕاستەقینە و ئاشتییانە بوونی نییە.

مامۆستا ڕۆزام ئەبو لەتیف ئاماژەی بەوەدا، ئەو لەم بزووتنەوە گشتییەدا لەگەڵ چەندین مامۆستادا بەشداری کردووە بۆ دروستکردنی ڕۆڵی گەورەیان لە کۆمەڵگەداو وتی: بەشدارییمان کرد بۆ ئەوەی داوای ئازادی بکەین، دروشمەکانمان داوای ئازادی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ڕووخاندنی ڕژێم دەکەن، ژنان ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە چونکە نەوەکانیان گەورە دەکەن.

لە لایەکی دیکەوە، سەلوا دبس، مامۆستای خانەنشینکراو خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەوەی کە لەگەڵ شاندی مامۆستایان لە گۆڕەپانی کەرەمە بوو، وتی: ئەو خەونەم بەدەستهێنا کە زیاتر لە ٣٥ ساڵە خەونم پێوە دەبینی، ژنان پێگەیەکی مێژووییان تۆمارکرد بە وەستانەوە لە گۆڕەپانەکان بۆ داواکردنی مافەکانیان.

ڕوونیکردەوە کە داواکارییەکانیان لە خۆپیشاندانەکاندا بەدەستهێنانی دادپەروەری و یەکسانی و ڕووخاندنی ڕژێم و کۆتایی هێنان بە گەندەڵییە.

 

داوای بەشداری و بەردەوامی ژنان دەکات

سەلوا قاسم مامۆستایەکی دیکەیەو وتی: ژنانی سووریا هەمیشە شان بە شانی پیاوان ڕاوەستاون و ئێستا بەردەوامن لەم هەڵوێستانە بە چوون بۆ گۆڕەپانەکان بۆ داواکردنی ئازادی و گۆڕینی ڕژێم.

هەروەها پەیامێکی نارد بۆ هەموو ژنان بۆ بەشداریکردن لەم بزووتنەوە ئاشتیانەیەدا، چونکە ئەم وڵاتە مافی منداڵەکانییەتی و نابێت کۆچ بکەن، داوای لە ژنان کرد بەردەوام بن لە بزووتنەوەی ئاشتییانەیان هەتا ڕووخاندنی ڕژێم و گەڕانەوەی هەموو منداڵەکانی بۆ ناوچەکە.

مامۆستا لجەین ئەباسە ڕوونیکردەوە چوونە ناو بزووتنەوەکە بۆ نیشاندانی هاوکاری لەگەڵ داواکارییەکانی خەڵک بۆ ئەوەی بە کەرامەت و ئازادی بژین، وتی: چەندین ساڵە لە سەرکوتکردندا ژیاوین و هیوادارین ئەم بزووتنەوەیە هەموو داواکارییەکانمان بەدەستبهێنێت و ئەنجامی بەرهەمدار بدات.

ڕوونیکردەوە کە هۆکارەکانی بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانەکە زۆرن، یەکێک لەو هۆکارانە ئازادکردنی دەستگیرکراوەکانە چونکە هاوژینەکەی و براکەی ١١ ساڵ لەمەوبەر لە زیندانەکانی حکومەتی شام دەستگیرکران.

یوسرا شەهابەدین ئاماژەی بەوە کرد، ژنان چوونە ناو گۆڕەپانەکان لەبەر ئەوەی لە ماوەی چەند ساڵێکدا ڕووبەڕووی بارودۆخێکی زۆر سەخت بوونەتەوە، ژنانیش ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە لەو بزووتنەوەیەدا چونکە ئەوان بنەمای کۆمەڵگەن و نەوەکانی داهاتوو گەورە دەکەن.