سودان لەژێر بۆردومان و ئاوارەبوون و بارودۆخی مرۆیی کارەساتباردایە

بۆردومانێکی سوپای سودان کە مزگەوتێکی ناوچەی شەمباتی خەرتوم بەحری کردە ئامانج، بووە هۆی گیانلەدەستدانی ٧ هاوڵاتی مەدەنی.

ناوەندی  هەواڵ

 

ململانێی بەردەوامی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بووەتە هۆی وێرانکردنی بەربڵاوی ژێرخانی ئابووری و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس لە ناوخۆ و دەرەوە، ئەمەش وایکردووە وڵاتەکە ڕووبەڕووی یەکێک لە خراپترین کارەساتە مرۆییەکانی جیهان ببێتەوە.

 

دوێنێ ٦ی کانونی یەکەم، سەرچاوە خۆجێییەکان ڕایانگەیاند، لە بۆردومانێکی سوپای سودان کە مزگەوتێکی ناوچەی شەمباتی شاری خەرتوم بەحری کردە ئامانج، ٧ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون.

 

لە ئاستێکی جیادا ڕووبەڕووبوونەوەکانی ئەم دواییەی سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بووە هۆی دروستبوونی شەپۆلی نوێی ئاوارەبوون لە ژمارەیەک ناوچەی ویلایەتی نیلی سپی و کۆردۆفانی باکوور.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی کۆچبەری نێودەوڵەتی، ناوچەکانی ئەلجیبلین و ئەلدوەیم و ئوم ڕەمتە لە ویلایەتی نیلی سپی شایەتی شەپۆلی نوێی ئاوارەبوونیان بەخۆوە بینیوە، جگە لە ناوچەی ئوم ڕەوابە لە باکووری کۆردۆفان.

 

لە ٤ی کانوونی دووەمدا، ڕێکخراوەکە ئاماژەی بە ئاوارەبوونی نزیکەی ١٥٣ خێزان لە ناوچەی ئوم ڕەوابە کردووە، کە نیگەرانییە ئەمنییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە، لە کاتێکدا ڕاپۆرت کرا کە خێزانە ئاوارەکان ڕوویان لە شوێنەکانی ناو ناوچەکە کردووە، کە ڕەنگدانەوەی دۆخێکی ئاڵۆزە.

 

خەمڵاندنەکان ئاماژەیان بە ئاوارەبوونی نزیکەی سێ هەزارو ٢١٩خێزان کردووە لە ناوچەکانی ئەلجەبەلین، ئەلدویم و ئوم ڕەمتە کردووە، لە کاتێکدا تیمە مەیدانییەکان ڕایانگەیاندووە کە نزیکەی ٢٥٠ خێزان لە گوندی ئەلتەبون ئاوارە بوون لە ئەنجامی هێرشەکانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا.

 

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان پێشتر هۆشدارییان دابوو کە بارودۆخی سودان بەرەو داڕمان دەڕوات، زیاتر لە ١١ ملیۆن کەس ئاوارەبوون لە ناوخۆدا.