''سەرەتایەکی نوێ بەرەو ئاشتی و دیموکراسی لە تورکیا''
ئۆزلەم گوندوز دووپاتیکردەوە، کە گەلی باکووری کوردستان و تورکیا سەرەتایەکی نوێ بەخۆیانەوە دەبینن کە گوزارشت لە ئیرادەی پێکەوە ژیان و ژیانی ئازادانە دەکات.
ئارژین دیلەک ئۆنجەل
ئامەد- بڕیاری کشانەوەی تەڤگەری ئازادی کوردستان ''پەکەکە'' لە باکووری کوردستان و تورکیا، سەرنجێکی بەربڵاوی نێودەوڵەتیی وەرگرتووە و سەرنجی لایەنە جیاجیاکانی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە، لە ئێستاشدا چاوەڕوانی ئەو هەنگاوە کردارییانەن کە دەوڵەتی تورکیا بۆ چەسپاندنی ئاشتی و دیموکراسی دەیگرێتەبەر.
لە پێناو چارەسەری دیموکراسیانەی پرسی کورد، ڕێبەرعەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٧ی شوباتدا بانگەوازی ''ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی''ی دەستپێکرد، کە خاڵی دەستپێک بوو، ئەم بانگەوازە گەشەسەندنی خێرای بەخۆیەوە بینی، لە ٢٦ی تشرینی یەکەم گەیشتە قۆناغێکی چارەنووسساز، کاتێک تەڤگەری ئازادی دەستپێکردنی کشانەوەی هێزەکانی لە باکووری کوردستان و تورکیا ڕاگەیاند.
ئۆزلەم گوندوز، جێگری هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان ''دەم پارتی'' و بەرپرسیاری ڕێکخستنی کاروباری ڕێکخراوەیی، هەڵسەنگاندنی بۆ ڕەوتی پرۆسەی سیاسی بەردەوام کرد.
"سەرەتایەکی نوێ بۆ قۆناغێکی ئومێدبەخش"
ئۆزلەم گوندوز قۆناغی ئێستای بە "سەرەتایەکی نوێ" وەسف کرد، وتی: لەم پڕۆسەیەدا گەیشتوینەتە قۆناغێکی ئومێدبەخش، کە دەکرێت بە دەربڕینی ئیرادەی پێکەوە ژیان و بە ئازادی ژیان هەژمار بکرێت، بەپەلە پێویستە لە ڕوانگەیەکی نوێوە لەم قۆناغە تێبگەین و لێکبدەینەوە بە ڕۆح و هەستێکی جیاوازەوە دوور لە چەمکە تەقلیدییەکان و نەخشە ئامادەکراوەکان و دەستەواژەی دووبارەبووەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەوەی ئەم سەرەتا نوێیە جیادەکاتەوە، بوونی ئیرادەیەکی بەهێزترە لە پێشووتر و هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوەترە کە توخمێکی چارەنووسسازە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن، بڕیاری تەڤگەری ئازادی بۆ کشانەوە لە باکووری کوردستان و تورکیا یەکێکە لە وەرچەرخانە چارەنووسسازەکان لەم قۆناغە نوێیەدا، مەترسی ململانێ لابراوە، ئەمەش بەقەد هەوا و ئاو بۆ هەموومان گرنگە، ئەم هەنگاوە نوێنەرایەتی ڕەنگدانەوەی بەهێز و بەرجەستەکردنی ڕاستەقینەی ئیرادەی دەستپێکردنی سەرەتایەکی نوێ دەکات''.
"کشانەوەی تەڤگەری ئازادی خاڵی وەرچەرخانە لە پرۆسەی ئاشتیدا"
ئۆزلەم گوندوز لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە دەستپێکی پڕۆسەی سیاسی و ئەو پێشهاتانەی لەگەڵیدا بوون کرد، جەختی لەوە کردەوە، کە ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین نیشانەی ئیرادەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ گۆڕانکاری، هەروەها ''ئەو هەڵوێستانەی بەڕێز باخچەلەری لە ١ی تشرینی یەکەمدا دەریخست، بانگەوازەکەی ڕێبەرعەبدوڵا ئۆجالان، هەموویان نیشاندەری ڕوونن بۆ ئیرادەیەکی سیاسی بەهێز، کە ئەم هەڵوێستانە هەنگاوی سەرەکی بەدوای خۆیدا هێنا، لەوانە بڕیاری کۆنگرەی پارتی کرێکارانی کوردستان ''پەکەکە''، داماڵینی چەک لە ١١ی تەمموز، کشانەوەی تەڤگەری ئازادی لە دەرەوەی سنوورەکانی تورکیا، هەروەها پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەت لە پەرلەمانی تورکیا، ئەمە جگە لە بەشداریکردنی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە لە گەڕان بەدوای چارەسەر لە چوارچێوەی پەرلەماندا، ئەمانە هەموو پێشهاتە مێژووییەکانن کە قۆناغی پێشکەوتنخوازانە لە ڕێگای سەرەتای نوێدا پێکدەهێنن''.
ڕوونیشیکردەوە، ''هەموو هەنگاوێک ڕێگەخۆشکەرە بۆ هەنگاوی داهاتوو، کۆدەنگییەکی بەرفراوانیش لەسەر ئەم پرۆسەیە هاتۆتە ئاراوە، کۆدەنگییەک کە کۆمەڵگە لەمێژە داوای دەکات و واقیع دەیسەپێنێت، چەند ساڵێک لەمەوبەر ئەگەر بگوترایە هەنگاوی لەو شێوەیە لەچوارچێوەی چارەسەری دیموکراسیانەی پرسی کوردا دەگیرێتەبەر، زۆر کەس بە خەیاڵیان دەزانی، ئەمڕۆ ئێمە تەنها باسی ئەوە ناکەین، بەڵکو باس لەوە دەکەین کە چی بووە، ئەم پێشهاتانە دەیسەلمێنن کە ئێمە بەرەو پێشەوە دەڕۆین و ئەنجامی بەرجەستە لە ڕێگای چارەسەرکردندا بەدەست دەهێنین."
''ئیرادەیەکی سیاسی نوێ زەمینە بۆ چارەسەری هەمەلایەنە خۆش دەکات''
ئۆزلەم گوندوز ڕوونی کردەوە، هەوڵ هەیە بۆ شێواندنی پڕۆسەی بەردەوام و کەمکردنەوەی بەهای ئەو هەنگاوانەی کە گیراونەتەبەر، هەروەها ئەو لایەنانەی بۆ ماوەی سەدەیەک نکۆڵییان سەپاندووە و بوونی گەلی کوردیان بە بابەتی ناکۆکی زانیوە، تا ئەمڕۆش بەردەوامن لە پەیڕەوکردنی هەمان سیاسەت، وە ''ئەمڕۆ دەبینین ئەوانەی هەوڵی تێکدانی پرۆسەکە دەدەن بە دروستکردنی ناکۆکی لەسەر ئەوەی کە ئایا تاڤگەری ئازادی کشاوەتەوە، یان ئایا پرۆسەی ئاشتی لە شوێنی خۆیدایە، بەڵام کۆمەڵگە ئاگاداری ئەو شێوازانە بووە کە پەرە بە نەبوونی چارەسەر دەدەن و چیتر هیچ شەرعیەتێکیان پێنادات، هەوڵدان بۆ تێکدان نابێتە ڕێگر لە سەرکەوتنی پرۆسەکە، بەڵکو دەبێت هاندەرێک بۆ ئەوەی بەردەوام بین و پێشکەوتن بەدەست بهێنین''.
ئاماژەی بەوەشکرد، بوونی هەندێک بەربەست و ئاڵەنگاری ناتوانرێت نکۆڵی لێبکرێت، بەڵام بنەمای سەرکەوتن لە تێپەڕاندنیاندایە، هەروەها ''مەرجەکانی چارەسەرکردن جێبەجێکراون، تورکیاش چووەتە ناو ڕێگایەکی نەگەڕاوە بەرەو ژیانێکی ئازاد و هاوبەش، متمانەمان بە هۆشیاری کۆمەڵگە و داواکارییەکانی هەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر، هەروەها بەهای ئەو ئیرادە سیاسییە دەدەین کە لە وەڵامی ئەو داواکاریانەدا سەرهەڵدەدات، وەک توخمێکی گرنگ لە سەرکەوتنی ئەم قۆناغەدا دەیبینین''.
وتیشی: هەرهەنگاوێک کە لە چوارچێوەی پرۆسەی سیاسیدا دەگیرێتەبەر، بەشدارە لە بردنە پێشەوەی، هەروەها یەکێک لە قۆناغە دیارەکانی ئەم "سەرەتایە نوێیە" کە ئامانجی بونیاتنانی ژیانێکی هاوبەش و ئازادە، چەسپاندنی بنەما و یاساکانی پێکەوەژیانی ئاشتیانەیە لەنێوان هەمووان و گۆڕینی بۆ ڕاستییەکی بەرجەستە، "ئەم تێگەیشتنە نوێیە بۆ پێکەوەژیان نوێنەرایەتی بەردی بناغەی بونیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی دەکات کە گەرەنتی ئازادی و دادپەروەری بۆ هەمووان بکات، هەروەها یەکێکە لە پایە گرنگەکانی قۆناغی داهاتوو".
ڕوونیشیکردەوە، قۆناغی داهاتوو لە پرۆسەی ئاشتی هەنگاوێکی چارەنووسسازە کە دەبێت بەدیبهێنرێت، هەروەها ''بە سروشتی شتەکان، ئەم هەنگاوە نوێنەرایەتی قۆناغێکی سەرەکی دەکات کە دەبێت بە ئەنجام بگەین و بەرەو سەرکەوتن بەرەو پێشەوە بچین، پێویستە ژینگەیەک دابین بکرێت کە بەشداریی هەموو تاک و گروپەکان لە ژیانی سیاسی دیموکراسیدا مسۆگەر بکات و لە ڕوانگەی یاساییەوە دەبێت چوارچێوەیەکی یاسایی یەکگرتوو بونیات بنرێت کە پاڵپشتی پرۆسەی داماڵینی چەک بکات''.
ڕاشیگەیاند: "نامانەوێت ئەزموونی خۆمان بەراورد بکەین لەگەڵ مۆدێلەکانی چارەسەرکردنی ململانێکانی جیهان، چونکە ئێمە گەشتەکەمان بەرەو ئاشتی بەشێوەیەکی ناوازە دەستپێدەکەین، کە لەوێدا دەژین و لە هەمان کاتدا دروستی دەکەین، لەگەڵ ئەوەشدا هەنگاوی داهاتوو کە پرۆسەکە بەرەو پێشەوە دەبات بێ گومان یاسایی و ڕێکخراوەییە، کە پێویستیەکی ڕەهایە بۆ بەردەوامیی ئەم ڕێگایە کە بە وردی و بە ناوازەییەوە بونیاتی دەنێین".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەم قۆناغە دەرئەنجامێکی سروشتی داینامیکی و میکانیزمەکانی پرۆسەکەیە و هیچ بوارێک بۆ گفتوگۆی وەک 'ئایا سەرکەوتوو دەبێت یان نا؟'،' یان ''چی ئەگەر شکستی هێنا؟''، تێدا نیە، ڕێگاکە بەردەوام لە پەرەسەندندایە و گەیشتووەتە ئاستێکی پێگەیشتن کە مافی ئەوەی پێدەدات کە پێداویستییەکانی لەسەر زەوی بەدەستبهێنێت''.
"کۆماری دیموکراتیک تەنیا لەسەر دادپەروەری و یەکسانی بونیات بنرێت"
ئۆزلەم گوندوز جەختی لەوە کردەوە، پڕۆسەکە تەنها لە گەڕان بەدوای چارەسەری ئاشتیانە بۆ پرسی کورد سنووردار نییە، بەڵکو لە بنەڕەتدا نوێنەرایەتی هەنگاوی کردەیی دەکات بۆ بونیاتنانی دیموکراسییەکی ڕاستەقینە لە بنەڕەتەوە، هەروەها ''ئێمە تەنها هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی کورد نادەین بە ڕێگەی ئاشتیانە، بەڵکو کاردەکەین بۆ دامەزراندنی ژینگەیەک کە گەرەنتی سەروەری یاسا بکات و دیموکراسی بچەسپێنێت و مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ بپارێزێت و هەلومەرجێک دروست بکات کە ڕێگە بە شوناسەکان بدات بە ئازادی و کەرامەتەوە بژین، بەبێ ئەو بناغانە ناتوانرێت باس لە چارەسەری ڕاستەقینە بکرێت و هیچ چارەسەرێک ناکرێت تا ئەو مەرجانە جێبەجێ نەکرێت''.
وتیشی: ئەم دیدگایە هەمەلایەنە و گوزارشت لە گۆڕانکارییەکی قووڵ دەکات لە تێگەیشتن لە پرسەکە، بەو پێیەی چیتر تەنها بابەتێکی سیاسی یان ئەمنی نییە، بەڵکو بووەتە بەشێک لە پڕۆژەیەکی کۆمەڵایەتی کە ئامانجی بونیاتنانی ژیانێکی هاوبەشە لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانی و ڕێزگرتنی یەکتر.
ئاماژەی بەوەشکرد، "کۆماری دیموکراتیک تەنها لەسەر بناغەکانی دادپەروەری و یەکسانی و پێکەوەژیان بونیات بنرێت، ئەمە تەنها ڕوانگەیەک نییە، بەڵکو ڕاستییەکی واقیعییە کە هەموو کەسێک دەیبینێت کە بە شێوەیەکی بابەتیانە سەیری بارودۆخی ئێستا دەکات، سەبارەت بەوانەی پێداگری لەسەر بەردەوامبوون لەسەر سیاسەتە کۆنەکان دەکەن، ئەوان بیر لە داهاتووی وڵات ناکەنەوە، بەڵکو گەورەترین زیانی پێدەگەیەنن".
"پارتی ئێمە لە دڵی پرۆسەی سیاسیدایە بۆ چارەسەر و پێکەوەژیان"
ئۆزلەم گوندوز جەختی لەوە کردەوە، لەبەر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکارییە گەورانەی کە لە جیهان و ناوچەکەدا ڕوودەدەن و لەگەڵ سەرهەڵدانی هاوسەنگی و واقیعی نوێدا، هیچ کەسێک ماف و توانای ئەوەی نییە ڕێگری لە ڕێڕەوی ئەو گۆڕانکاریانە بکات کە لە تورکیا ڕوودەدات، ئەو لە زاری فەیلەسوفێکی چینییەوە، وتی:"تەنانەت درێژترین گەشت بە یەک هەنگاو دەست پێدەکات" هەروەها "ئێمە هەنگاوی یەکەممان ناوە و کەوتینە سەر ڕێگاکە و بە دڵنیاییەوە ئەم گەشتە بە بەهێزکردنی دیموکراسی کۆمار دەگاتە لوتکە".
لە گفتوگۆکردن لەسەر پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان ''دەم پارتی''، جەختی لەوە کردەوە، کە بوونی حیزب لەسەر بنەمای هەوڵدان بۆ چارەسەر و ئاشتی و ڕەخساندنی هەلومەرجی گونجاو بۆ پێکەوەژیان لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەدایە.
وتیشی: کە پارتی ''دەم پارتی'' تەنیا ڕۆڵێکی نییە لە داوای "ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک"، بەڵکو بەجدی هەوڵدەدات هۆکاری بوونی خۆی لە ڕێگەی کاری ڕاستەقینە لەسەر زەوی بەدیبهێنێت، هەروەها "نە گەلەکەمان و نە پارتەکەمان ناتوانن لەگەڵ نەبوونی چارەسەر پێکەوە بژین، نەبوونی چارەسەر بژاردە نییە، بەڵکو شتێکی قبوڵنەکراوە، بۆیە پارتەکەمان هەموو کارێک لە توانای خۆیدا دەکات، بە هەموو خۆبەخشی و ئیرادەیەکەوە، بۆ دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە باس لە پارتێک دەکەین کە باجێکی قورسی بۆ دیموکراسی و ئاشتی داوە، هەروەها باس لە کادیرانێک دەکەین کە ئازایانە ئەو قوربانیانەیان لە ئەستۆ گرتووە، ئێمە واقیعین، بەڵام باوەڕمان بە ئەگەری گەیشتن بەو شتەش هەیە کە وا بیردەکرێتەوە کە مەحاڵە، ئەمەش بنەمای جیاکارییەکەمانە.