سەردانی پزیشکی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ژنانی بێ هاوژین تابۆیەکی نەنووسراوە

سەردانی پزیشکی ژنان سێبەرێکی قورس دەخاتە سەر تەندروستی ژنانی بێ هاوژین لە کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە کۆمەڵگەیەکدا کە سیستەمی پیاوسالاری هێڵی سوور دادەنێت، سەردانی پزیشکی ژنان وەک تابۆیەکی نەنووسراو دەمێنێتەوە.

نەسیم ئەحمەدی

 

کرماشان- لە ڕووی زمانەوانییەوە جیاوازییەکی زۆر لە واتا لە نێوان وشەی "ژن" و "کچ"دا نییە، بەڵام لە فەرهەنگدا واتای تەواو جیاوازیان هەیە، بەهۆی ئەو پێناسەیانەی کە لە بڵاوبوونەوەی تێڕوانینە هەڵەکانەوە سەرچاوە دەگرن، ژن بە ژنێکی خێزاندار دادەنرێت، کچ بە "کچێکی بێ هاوژین" دادەنرێت.

 

لە کۆمەڵگەیەکدا کە بە تەواوی لەلایەن سیستەمی پیاوسالاریەوە زاڵ بووە، ژنان ڕێگەیان پێنادرێت زۆر چالاکی ئەنجام بدەن تا ئەو کاتەی هاوسەرگیری دەکەن و نازناویان لە کچەوە بۆ ژن دەگۆڕێت، یەکێک لەو چالاکیانە سەردانی پزیشکی ژنان دەکات و لەبەر ئەوەی وشەی ژن لە دوای وشەی پزیشک بەکارهاتوە، زۆر کەس پێیان وایە تەنها ژنانی هاوژیندار مافی سەردانی ئەم پزیشکەیان هەیە، ئەو بیرۆکەیەی کە کچێکی بێ هاوژین سەردانی پزیشکی ژنان بکات بە نابەجێ دادەنرێت و ئەم سنووردارکردنە وای لە زۆر ژنانی گەننجکردووە کێشەی ژنان بشارنەوە لە ترسی شەرمەزاری یان گۆڕینی تێڕوانینی کۆمەڵگا بەرامبەریان.

 

"ترس لە نیگای کۆمەڵگە و دەنگۆ"

نەسرین پەیامی (ناوی خوازراو)، دانیشتوی گوندێکی شاری کرماشان، وتی: من هاوسەرگیریم نەکردوە، ئەگەر بچمە لای پزیشکی ژنان لەو شارە و کەسێک کە دەیناسم بمبینێت، بەدڵنیاییەوە دەست بە دەنگۆ دەکەن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ماوەیەک پێش ئێستا ژنێکی گەنجی هاوڵاتی گوندەکە کە دەستگیراندار بووە سەردانی پزیشکی ژنانی کردوە، یەکێک لە هاوڵاتی گوندەکە بینیویەتی، دواتر دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە بووەتە ژن، واتە کچێنی لەدەستداوە، هەروەها دەزگیرانەکەی پێدەچێت پێش هاوسەرگیری پەیوەندی لەگەڵیدا هەبووبێت.

 

"ئامار لە ژێر سێبەری قەدەغەدا"

بەگوێرەی ئامار و سەرچاوەی زانیاری زیاتر لە ٧٥%ی کچان بە لانیکەم جارێک لە ژیانیاندا توشی جۆرەها هەوکردن دەبن، کە پێویستی بە چارەسەری پزیشکی ژنان هەیە.

 

بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ئامارانە و سنووردارکردنی سەردانی کچان بۆ لای پزیشکی ژنان، دەکرێت بڵێین زۆربەی کچانی بێ هاوژین لە کاتی نەخۆشییەکەیاندا ناچارن بەرگەی ئازار و ناخۆشییەکی زۆر بگرن، هەروەها پێویستییان بۆ سەردانی پزیشک سەرکوت دەکەن، چونکە قەدەغەکراوە و باوەکان ڕێگرییان لێدەکەن.

 

"ئەو باوەڕانەی کە دەبنە هۆی ئازار"

سارا ئیمانی (ناوی خوازراو)، پزیشکی ژنان لە کرماشان، وتی: چەندین جار شاهیدی حاڵەتێی كچان بووم کە سەردانینەخۆشخانە تایبەتەکەم دەکەن و تووشی هەوکردنی کەڕوو بوون، تەنها دوای ئەوەی دۆخەکەیان زۆر خراپ بوو، داوای چارەسەریان کردوە، زۆربەیان لە خێزانەکانەوە هاتون کە کچان بۆیان نیە سەردانی پزیشکی ژنان بکەن، چونکە دەترسن لەکاتی پشکنیندا پەردەی کچێنی توشی زیان ببێت.

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، لە لایەکی ترەوە پێیان وایە کچان  تەنها دوای هاوسەرگیری توشی هەوکردن دەبن و پەردەی کچێنیان دەدڕێت، هەروەها پەردەی کچان لە حاڵەتی کچێنیدا ڕێگری دەکات لە چوونە ژوورەوەی هەوکردن بۆ ناوەوە، هەر بۆیە ژنێکی گەنجی پاکیزە نابێت توشی هیچ هەوکردنێک بێت، هەروەها شایەتحاڵی حاڵەتەکان بووم کە دایک یان خاڵۆزاکانی ژنە گەنجەکە لە کاتی پشکنینەکەدا ئامادە بوون، بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی کە لە کاتی پشکنینی پزیشکیدا پەردەی ژنە گەنجەکە هیچ زیانێکئ پێ نەگەیشتوە.

 

"کۆنتڕۆڵکردنی جەستە وەک ئامرازێکی زاڵبوون"

هەڵاواردن لە دژی کچانی بێ هاوژین کە سەردانی پزیشکی ژنان دەکەن، ڕەگ و ڕیشەی لە بیروباوەڕی پیاوسالاریدایە،چونکە کۆنترۆڵکردن و خاوەندارێتیکردنی ئەندامی زاوزێی ژنان لەلایەن پیاوانەوە بەشێکە لە بنەما پیاوسالارییەکان، بەپێی پێناسە پیاوسالارییەکان، کچانی بێ هاوژین تا دوای هاوسەرگیری، واتە دوای ئەوەی هاوژینەکانیان دەستیان بەسەردا دەگرن، هیچ مافێکیان بەسەر ئەندامەکانی زاوزێیاندا نییە، ڕێگەیان پێدراوە خەمی تەندروستی خۆیان بخۆن، چونکە ئەو ئەندامانە بوونەتە موڵکی پیاوان، گرنگیشیان لە توانای زاوزێکردن و خزمەتکردنی پیاوانەوە سەرچاوە دەگرێت.

 

بەم پێیە دەتوانرێت بڵێین ترس لە سەردانی پزیشکی ژنان بەرهەمی پیاوسالارییە و ئامرازێکە بۆ کۆنترۆڵکردنی ژنان، ژن تا زیاتر هەست بکات جەستەی حەرامە بۆی، ئەگەری گوێڕایەڵی و ملکەچی پیاوان زیاتر دەبێت.

 

"ترسیان لە ناوبانگ و ئەو سنووردارکردنە هەیە کە بەسەریاندا سەپێندراوە"

ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرێک لە ژنان دێنە لام بۆ چارەسەری نەزۆکی، زۆربەیان بەدەست کیس و هەوکردنی توندەوە دەناڵێنن کە ساڵانێکە توشی بوو، ئێستا هاوسەرگیریان کردوە و چاوەڕێی منداڵبوونن، و بەهیوای چارەسەر دێنە لام، زۆربەی کێشەکانی منداڵدانیان ئاماژەن بۆ حاڵەتێکی پزیشکی درێژخایەن کە بەدرێژای چەندین ساڵ خراپتر بووە چونکە چارەسەر نەکراوە، کاتێک لێیان دەپرسم بۆچی زوو هەنگاویان نەناوە بۆ چارەسەر کردن، دەڵێن کە بێ هاوژینن و ترسیان لە ناوبانگ و ئەو سنووردارکردنە هەیە کە بەسەریاندا سەپێندراوە، هەڵوێستی نەرێنی ئەوانەی لە دەوروبەریانن و کاردانەوە نەرێنییەکانی ژنانی دەوروبەریان کاتێک کێشەکانیان بەرز دەکەنەوە، بووەتە کێشەیەکی گەورە و ڕێگرییەک بۆ ئەوان.

 

"ژن بوون تاوانێکی بێدەنگە"

لە کۆمەڵگەکی پیاوسالاردا، زۆربەی فاکتەرە سروشتییەکانی پەیوەست بە ژنان بە ترس و نهێنی دەورە دراوە، چونکە ساڵانێک لە زاڵبوونی پیاو و دەستەواژەی شەرم و ژن بوون، وای لە ژنان کردوە کێشەی ژنانیەکانی خۆیان بە کەموکوڕییەکی گەورە بزانن.

 

ئەم پرۆسەی سەرکوتکردنە لە یەکەم گۆڕانکاری جەستەیەوە دەست پێدەکات، وەک سوڕی مانگانەیکچان جگە لە بەرگەگرتنی ئازارەکە، کچان بۆیان نییە دەستکاری چالاکییە ئاساییەکانی ڕۆژانەی خۆیان بکەن لە ترسی ئەوەی پیاوانی ناو خێزانەکە هەستیان پێبکەن.

 

هەروەها پرسی نهێنی تەندروستی ژنان هەیە، چونکە زۆربەی کچان سوڕی مانگانە ناڕێک و هەوکردن و کیسی جۆراوجۆر دەشارنەوە، لە ترسی ئەوەی ناچار نەکرێن سەردانی پزیشکی ژنان بکەن و کێشە جەستەییەکانیان باس بکەن، کە ئەمە تەنها بەشێکی بچوکە لە زاڵبوونی هەڵە تێگەیشتن بەسەر سادەترین بابەتەکانی پەیوەست بە ژنان.

 

هەموو ئەم هۆکارانە ئەوە دەردەخەن کە تا چەند ئەو یاسایانەی کە سیستەمی پیاوسالاری دایانناوە، توانای چوونە ناو پێویستی ترین لایەنەکانی ژیانی ژنانیان هەیە و بە کۆنتڕۆڵکردنی ڕەهەند و لایەنەکانیان دەیان چەوسێننەوە، ئەم یاسایانە لەلایەن پیاوانی هەموو چین و توێژەکانەوە دانراون و سیستەمی پیاوسالاری بۆ چەسپاندنی بناغەکانی خۆی سزا و فەرمان دەردەکات.