سەردانی گۆڕی شەهید غەزال مەولان کرا

بە بەشداری پلاتفۆڕمی نەتەوەیی ژنی کورد لە باشوور، ڕێکخراوی خۆری نەتەوەی کورد، مامۆستا و چالاکوانان، بە دانانی تاجە گوڵینەی ڕێزو وەفا، لەسەر گۆڕەکەی، شەهید غەزال مەولان بەبیرهێندرایەوە.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ، لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەدی هیندی، لە شاری سلێمانی لە لایەن پلاتفۆرمی نەتەوەی ژنی کورد لە باشوور، ڕێکخراوی خۆری نەتەوەی کورد، بەشێک لە چالاکوانان و مامۆستایانی شارەکە، سەردانی مەزاری شەهید غەزال مەولان کرا، تاجە گوڵینە لەسەر گۆرەکەی داندرا.

 

شەهید غەزال مەولان، لە ١٤ی نیسان لەکاتێکدا ڕژێمی ئێران هێرشی کردە سەر کامپی سورداش لە سنووری سلێمانی، لەگەڵ دوو کەسی دیکە برینداربوو، بەهۆی سەختی برینەکەی و وەرنەگرتنی لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان و بیانووی نەبوونی پێداویستی لە نەخۆشخانە حکومییەکان شەهید بوو. 
 
ئامینە ئەحمەد، سەرپەرشتیاری ڕێکخراوی خۆری نەتەوەی کورد، وتی: ئێمە وەک خۆری نەتەوەی کورد سەرەخۆشی خۆمان لە خانەوادەی شەهید غەزال و شەهیدانی دیکە دەکەین،  ئەو هەڵوێستە نامرۆڤانانەی بەرامبەر شەهید غەزال کرا سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەین، ویستیان خۆشەویستی بۆ شەهیدان و ڕێز گرتن لە خوێنی شەهیدان کەمبکرێتەوە، بەڵام هاوڵاتیانی شاری سلێمانی و ناوچەکامنی دەوروبەری سەرکۆنەیانکرد و بەدەم شەهید غەزالەوە هاتن، بە ڕێزو شکۆوە مەڕاسیمی ناشتنی بۆ ئەنجامدراوە، بەڵام بەهۆکاری ئەو بارودۆخە ناهەمووارەی ڕووی لە ناوچەکە کردووە، ناتواندرێت مەڕاسیمی گەورەتر و چالاکی گەورەتر لەبەر سەلامەتی گیانی هاوڵاتیان ئەنجامبدرێت. 

 

پاشان ڕاگەیاندراوی ڕێکخراوی خۆری نەتەوەی کورد لە لایەن شاباز سدیق، چالاکوان خوێندایەوە، تێیدا وتی: وەک ڕێکخراوی خۆری نەتەوەی کورد، ئیدانەی ئەم هێرشە نامرۆڤانەیە دەکەین، وەک گەلی کورد ماتەم و خەمبارین بە شەهیدکردنی غەزال مەولان و پێنەدانی چارەسەری پزیشکی، لە دێر زەمانەوە شاری سلێمانی شوێنی ڕێز و وەفا بووە بۆ شەهیدان، بەڵام بە هۆکاری پاشکۆبوونی حزبی چارەسەری لە نەخۆشخانەکان بۆ ناکرێت، لە سەردانی کردنەکەماندا گوڵی وەفا پێشکەش بە ڕۆحی شەهید غەزال مەولان دەکەین.