سەرەڕای خراپی تەندروستی، دەسەڵاتداران ڕێگری لە ناردنی چالاکوانێک بۆ نەخۆشخانە دەکەن

سەرەڕای هەوڵەکانی پزیشکەکان لە زیندانی ئەڤین بۆ ناردنی سەدیقە وسمقی بۆ نەخۆشخانە، بەرپرسانی زیندان ڕەتیان کردەوە بینێرن بۆ وەرگرتنی چارەسەر.

ناوەندی هەواڵ

 

لە سیاسەتێکی نوێ و پێشێلکارییەکی نوێدا کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە لە دژی دەستگیرکراوان ئەنجام دەدرێت، ڕێگریکردنە لە دەستگەیشتنیان بە چارەسەری پزیشکی، ئەمەش ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە.

 

لە بڵاوکراوەیەکدا کە لەسەر لاپەڕەی نێرگس محەمەدی، زیندانی سیاسی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئینستاگرام" لە ڕۆژی ٢ی نیسان نووسراوە، ئاماژە بەوەکراوە، سەرەڕای ئەوەی  سەدیقە وسقی، چالاکوانی سیاسی لە زیندانی ئەڤین دەستگیرکراوە، تووشی نەخۆشی دڵ و بەرزی پەستانی خوێن و شەکرە بووە، هەروەها لەرزینێکی توند لە جەستەیدا هەیەو باری تەندروستی خراپتر بوو، گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی زیندان و دوای پشکنینی پزیشکەکانی زیندان فەرمانێک دەرچوو کە دەستبەجێ بنێردرێت بۆ نەخۆشخانە بەرگەی زیندان ناگرێت، بەڵام چەند کاتژمێرێک دوای بڕیارەکە بەرپرسانی زیندان ڕایانگەیاند کە دەرچوونی قەدەغەیە و نابێت  ڕەوانەی نەخۆشخانە بکرێت.

 

نێرگس محەمەدی ناڕەزایەتی خۆی لە دژی بڕیارەکەی بەرپرسان دەربڕی و داوای لە گروپەکانی مافی مرۆڤ کرد ڕێگری بکەن لە سیاسەتی "کوشتنی نامرۆڤانە یان حیجابی زۆرەملێ" لەلایەن دەسەڵاتی ئیسلامی ئێران.

 

سەدیقە وسمقی، چالاکوانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و خۆپیشاندەر دژی بڕیاری حیجابی زۆرەملێ، لە ١٤ی ئاداردا دەستگیرکرا و گواسترایەوە بۆ زیندانی ژنانی ئەڤین.