سەندیکای پزیشکانی سودان: هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوە تەندروستییەکان ڕابگرن
کۆمیتەی ڕێکخستنی سەندیکای پزیشکانی سودان ڕایگەیاند کە بەئامانجگرتنی خەڵکی مەدەنی و دامەزراوەکانی چاودێری تەندروستی پێشێلکردنی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکانە و داوای کۆتایی هێنانی بە هێرشەکان کرد.
سودان
دوێنێ ٤ی شوبات، کۆمیتەی ڕێکخستنی سەندیکای پزیشکانی سودان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئیدانەی ئەو هێرشانەی کرد کە بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی و دامەزراوە تەندروستییەکانی ناوچەکەیە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە یاساییە جیهانییەکان کرد کە چالاکیی و هێرشەکانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا و سوپای سودان دژی خەڵکی مەدەنی ڕابگیرێت و پاراستنیان مسۆگەر بکرێت.
"کارمەندانی چاودێری تەندروستیش گیانیان لەدەستدا"
سەندیکاکە سەرەتا ئیدانەی ئەو هێرشانەی کرد کە نەخۆشخانەی لاوانی نوور لە شاری نیالەی ڕۆژئاوای سودانیان کردە ئامانج و وتی: لە ئەنجامی هێرشەکانی فڕۆکەکانی سوپای سودان بۆ سەر شاری نیالەی ڕۆژئاوای سودان، ۲٥ کەس گیانیان لەدەستدا، دەیان کەسیش بریندار بوون، ئەم تاوانەش بەشێکە لە زنجیرەیەک کردەوە کە خەڵکی مەدەنییان کردۆتە ئامانج، نەخۆشخانەی لاوانی نوور کە لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێراوە هێرشی کرایە سەر، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەی کە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوون، ٧ کەس گیانیان لەدەستدا.
'ئەم کارانە پێشێلکردنی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییە'
سەندیکاکە هێرشەکانی سەر کارمەندانی خۆبەخشی تەندروستی بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی وەسف کرد و لە کۆتاییدا وتی: بەئامانجگرتنی کارمەندانی تەندروستی خۆبەخش کە لە بارودۆخێکی سەختدا پشتیوانی لە خەڵکی مەدەنی دەکەن، تاوانێکی نامرۆڤانەیە، هەروەها ئەو کارانەی بەرامبەریان دەکرێت پێشێلکردنی سەرجەم یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکانە، لایەنەکانی ئەنجامدانی ئەو تاوانانە بەرپرسیارن لە جینۆساید و کردەوەکانی دژ بە خەڵکی مەدەنی، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە یاساییەکان دەکەین دەستبەجێ ئەو کارانە ڕابگرن، هاوڵاتیانی مەدەنی و دامەزراوە تەندروستییەکان بپارێزن، هەروەها سزای بکوژەکان بدەن لەسەر تاوانەکانیان دژی هاوڵاتیانی مەدەنی.