سەمرا گوزەل ئازادکرا: هەموو هەڤاڵانم پشتیوانی پڕۆسەکە دەکەن

سەمرا گوزەل، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە بە مەرجی چاودێری دادوەری ئازاد کرا، وتی: هەموو هەڤاڵانم پشتیوانی پڕۆسەکە دەکەن. ئێمە باوەڕمان وایە کە بەم پڕۆسەیە زیندانەکان چۆڵ دەکرێن.

ناوەندی هەواڵ

 

سەمرا گوزەل، دانیشتنی کۆتایی دۆسیەی پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموکراتیکی گەلان "هەدەپە" لە ٢٢ـەمین دادگای سزا قورسەکانی ئەنقەرە بەڕێوەچوو. پەرلەمانتارانی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان "هەدەکە"، پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان "دەم پارتی"، کۆمەڵەی یاساناسان بۆ ئازادی "ئۆهەدە" و ژمارەیەکی زۆر ژن بەشداری دانیشتنەکە بوون. سەمرا گوزەل لە ڕێگەی سیستەمی SEGBİS ـەوە بەشداری دانیشتنەکە بوو.

 

دادگا بڕیاری شەش ساڵ و سێ مانگ زیندانیکردنی بۆ سەمرا گوزەل بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە ڕێکخستن" و دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردنی بە تۆمەتی "ساختەکاری لە بەڵگەنامە فەرمییەکان" دەرکرد و بە مەرجی چاودێری دادوەری ئازادی کرد.

 

سەمرا گوزەل دوای ئازادکردنی لە لایەن بنەماڵە و هاوڕێکانیی و نوێنەرانی دەم پارتی، تەژەئا، و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکەوە بە گوڵ پێشوازی لێکرا و لە وتەیەکدا ڕایگەیاند کە ئەوان باوەڕیان وایە پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک پڕۆسەیەکی ئەرێنی بووە و وتی: "هەموو هەڤاڵانم پشتیوانی پڕۆسەکە دەکەن. ئێمە باوەڕمان وایە کە بەم پڕۆسەیە زیندانەکان چۆڵ دەکرێن. لە کۆمەڵگەشدا چاوەڕوانییەکی لەم شێوەیە هەیە. من لە دەرەوە بەردەوام دەبم لە خەبات. ئەم خەباتە بۆ هەموومان بەردەوام دەبێت تاوەکوو هەموو هاوڕێیانم ئازاد دەبن.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "بۆ ئێمەی ژنان، خەباتی ئازادی بەردەوامە. ئێمە ئازادی جەستەییمان بەدەست هێناوە، بەڵام ناتوانین هەست بە ئازادی بکەین، هەرچەندە لە دەرەوەش بین. ئامانجێکمان هەیە، خەباتکردن بۆ ئازادی و من باوەڕم وایە کە سەرکەوتوو دەبێت. خەباتی ژنان هەمیشە سەرکەوتوو بووە."