شیرین ئۆسۆ: کۆبانی تەنها شار نییە بەڵکو میراسی بەرخۆدان و ناسنامەی گەلێکە

شیرین ئۆسۆ، ئەندامی کۆردیناسیۆنی ئەنجومەنی ژنانی پەیەدە دەڵێت: کۆبانی تەنها ناوی شارێک نییە، بەڵکو سیمبولی خۆڕاگری و ناسنامەو مێژووی ڕۆژئاوای کوردستانە، هەوڵدان بۆ گۆڕینی ناوەکەی لە فۆرماڵیزم تێدەپەڕێت، یادەوەری شارەکەو دەستکەوتەکانی شۆڕش دەکاتە ئامانج.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە-پرسی ناوی کۆبانێ لە نێو کاردانەوەی سیاسی و گشتیدا سەریهەڵداوەتەوە و خەڵکی کوردستان پێیان وایە هەوڵدان بۆ گۆڕینی ناوی کۆبانی تەنها لەسەر خودی ناوەکە نییە، بەڵکو هێرشکردنە سەر یادەوەریی شارەکە و سیمبولی مێژوویی.

 

لە یادەوەریی بەکۆمەڵی گەلاندا، هەندێک شار بە قەبارە و شوێنی خۆیان لەسەر نەخشەکان ناپێورێت، بەڵکو بەو واتایە و بەرخۆدانیان و گۆڕانکارییە مێژووییانەی کە بەرجەستەی دەکەن، کۆبانێ یەکێکە لەو شارانەی کە ناوەکەی سنوورە جوگرافییەکان تێدەپەڕێنێت و دەبێتە سیمبولی خۆڕاگری و بەرخۆدان و بەڵگەی ساتێکی سەرەکییە کە ئیرادەی گەلێک ڕووبەڕووی ماکینەی توندوتیژی و تاریکی بووەوە.

 

کۆبانێ ئیتر تەنها شارێک نییە کە ناوەکەی پەیوەست بێت بە شەڕێکەوە، بووەتە سیمبولی بەرخۆدانی بێ وێنە، خاکێک کە خاکەکەی تێکەڵ بە بەرخۆدانی شەهیدان بووە و سیمبولێکی دیار لە مێژووی خەبات بۆ ئازادی و کەرامەتی مرۆڤایەتیدا، لە کاتێکدا داعش هەوڵیدا تاریکییەکانی خۆی بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنێت، ڕۆحی بەرخۆدان لە شەقام و کۆڵانە تەسکەکانی کۆبانێ سەریهەڵدا و زەریای شەڕەکەی و شارەکەی گۆڕی بۆ سیمبولێکی جیهانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕەوی و بەرگریکردن لە بەهاکانی ئازادی.

 

لە کۆڵی ئەو بەرخۆدانەوە، وێنەی کۆبانێ وەک بەشێکی دانەبڕاو لە یادەوەریی بەکۆمەڵی ڕۆژئاوای کوردستان سەریهەڵدا و ئاماژە و بەهاکانی پەیوەست بە دیموکراتیک و پێکەوەژیان لە نێوان گەلان و ڕۆڵی ژن لە داڕشتنی مێژوودا بەرجەستە بوو، بۆیە کاردانەوەکانی دەوری ناوی کۆبانێ تەنها بابەتی گۆڕینی ناوی شوێنێک نییە، بەڵکو ململانێیەکی بەرفراوانترە لەسەر یادەوەری و شوناس و مێژووی تێکەڵاوی ئەم شارە.

 

ئەم هەستیارییە کە لە هەر مستێک خاکی کۆبانێدا چەسپاوە، لە لاپەڕەکانی ڕێککەوتنە سیاسییەکانیشدا جێگەی خۆی دۆزیەوە، یەکێک لە بڕگە بنەڕەتییەکانی ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەم، کە لە نێوان قەسەدە و حکومەتی کاتی سووریا واژۆ کرابوو، پاراستنی سیما و ناسنامەی جیاوازی ناوچە کوردنشینەکانی دیاری کردبوو. بەڵام ئەم بڕگەیە وەک چەند بڕگەیەکی دیکە بە ڕوونی و ڕاستەوخۆ جێبەجێ نەکراوە.

 

لە نێوان هەوڵە بەردەوامەکان بۆ گۆڕینی ناوی کۆبانێ،  بازنەکانی سیاسی و گشتی پێیان وایە ئەم هەنگاوانە تەنها ناوەکە تێدەپەڕێنن و سیمبول و گرنگی مێژوویی شارەکە دەکەنە ئامانج، بە بڕوای ڕەخنەگرانیان، ئەم هەوڵانە ئامانجیان تێکدانی بنەمای پاراستنی ناسنامە و جیاوازیی کولتووری ناوچە کوردنشینەکانە، کە پێچەوانەی ڕۆح و بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە بێت.

 

بۆیە کۆبانێ تەنها ناوی شارێک نییە، بەڵکو بەشێکی دانەبڕاوە لە مێژوو و شوناس و میراسی بەرخۆدانی گەلی کورد، هەر هەوڵێک بۆ گۆڕینی ناوەکەی بەرەوڕووی دژایەتییەکی بەرفراوان دەبێتەوە.

 

"کۆبانێ لە ڕێگەی بەرخۆدانییەوە بووەتە سیمبولی ئازادی"

سەبارەت بەم پرسە، شیرین ئۆسۆ، ئەندامی کۆردیناسیۆنی ئەنجومەنی ژنان لە پاتی یەکێتی دیموکراتیک "پەیەدە" ڕوونیکردەوە، شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان ڕێگەی خەبات و خۆڕاگرییەوە بووەتە ئاماژەی ئازادی و یەکسانی.

 

لە ١٦یەمین ساڵڕۆژی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستاندا جەختی لە گرنگی شاری کۆبانێ کردەوە، کە وەک ئامژەی بەرخۆدان و ناسنامەی کورد دەبینرێت، هەروەها هەوڵدان بۆ گۆڕینی ناوی کۆبانێ تەنها ناوگۆڕین نییە، هەوڵێکی سیاسییە بە ئامانجی سڕینەوەی مێژوو و دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان وتی: شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بە بەرخۆدانی کۆبانێ پێناسە دەکرێت، وتی: ئەو شارە شاهیدی بەرخۆدانی مێژوویی بووە لە دژی داعش، لەماوەی ئەو شانزە ساڵەدا ناوچەکە تووشی هێرشی زۆر بووە، چ لەلایەن ڕژێمی بەعس، داعش، دەوڵەتی تورک، ئامانجیان لەو هێرشانەدا شکاندنی ئیرادەی گەل و نەهێشتنی دەستکەوتەکانی شۆڕش بووە، کۆبانێ لەڕێگەی خۆڕاگرییەوە بووەتە سیمبولی ئازادی، لە سەرانسەری جیهاندا ناوبانگی دەرکردووە، خەڵکی کۆبانێ لەڕێگەی خەباتی خۆیەوە پلانی داعشی بۆ داگیرکردنی شارەکە و ناوچەکە پووچەڵکردەوە، مێژوویان نووسیەوە.

 

"گۆڕینی ناوی کۆبانێ پێچەوانەی مەرجەکانی ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەم"

شیرین ئۆسۆ ڕایگەیاند، کە لە دوای ڕێککەوتنەکەی ٢٩ی کانوونی دووەم، ناوچەکە چووە قۆناغێکی نوێی سیاسییەوە کە ئامانج لێی بونیادنانی سووریایەکی دیموکراتیک و پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بوو، یەکێک لە بناغە سەرەکییەکانی ئەم ڕێککەوتنە پاراستنی ناسنامە جیاوازەکانی ناوچە کوردنشینەکانە، هەوڵەکان بۆ گۆڕینی ناوی کۆبانێ پێچەوانەی ئەو بنەمایایەن و ئاماژەن بۆ بەردەوامی سیاسەتی نکۆڵیکردن و سڕینەوە بەرامبەر بە ناوچە کوردنشینەکان.

 

"ناوی کۆبانی بەشێکە لە مێژوو و ناسنامەی ئێمە"

شیرین ئۆسۆ لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە، کە کۆبانێ تەنها ناوی شارێک نییە، بەڵکو بەشێکی دانەبڕاوە لە مێژوو و کولتوور و ناسنامەی گەلی کورد، وتی: هەروەک چۆن زمان ناسنامەی ئێمەیە، ناوی شارەکانمانیش ڕەنگدانەوەی مێژوو و بوونی ئێمەیە، گۆڕینی ناوی کۆبانێ ئامانجی سڕینەوەی مێژووی بەرخۆدان و نووسینەوەی مێژووە لەبری ڕاستی مێژوویی، دوای ١٦ ساڵ لە شۆڕشی ڕۆژئاوی کوردستان، سەرلەنوێ دەستمان بە خەباتی بەرگریکردن لە دەستکەوتەکانی شۆڕش کردووە،تا سەرکەوتن بەدەستدێت بەردەوام دەبین لە خەباتەکەمان.