شیرین عەبادی: دەبێت هەموومان پاڵپشت بین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی
شیرین عەبادی ڕایگەیاند، لەناوبردنی بەرهەڵستکاران ڕێگەی سەرەکی مانەوەی ڕژێمی ئێران بووە، دەشڵێت، دەبێت هەموومان پاڵپشت و یەکڕیز بین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و زیندانیانی سیاسیی دیکە.
ناوەندی هەواڵ
شیرین عەبادی، چالاکوانی مافی مرۆڤی ئێران لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تلیگرام لەبارەی پەسەند کردنی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، لەناوبردنی بەرهەڵستکاران ڕێگەی سەرەکی مانەوەی ڕژێمی ئێران بووە، لە ڕێگەی یاسا کەشێکی ترس و تۆقاندنی درووست کردووە و چالاکوانان و ئازادیخوازان دەکرێنە ئامانج.
وتیشی: پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی ئەوەمان بۆ ڕوون دەكاتەوە کە تاکە ڕێگەی دەسەڵات بۆ ڕێگری کردن و مامەڵەکردن لە سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی داهاتووی سەرانسەری ئێران خێرا کردنی سزای لەسێدارەدانە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دەبێت هەموومان پاڵپشت و یەکڕیزی بین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و زیندانییە سیاسییەکانی دیکە.
جێگای ئاماژەیە، ڕۆژی چوارشەمەی ڕابردوو لە لایەن دادگای باڵای ئێران و بە فەرمانی دەسەڵاتدارانی ڕژێمی ئێران بڕیاری جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی پەسەند کرا و ئەوەش لە ناوخۆی ئێراندا و جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاردانەوەی لێکەوتووە.