شەشەمین فێستیڤاڵی پاییز بە بەشداری ٦٠ ژن لە شارەزوور بەڕێوەچوو
نوێنەرایەتی ڕێکخراوە دیموکراتییەکانی شارەزوور، شەشەمین فێستیڤاڵی پاییزی بە هەماهەنگی لەگەڵ گروپی خانمانی دەستڕەنگینی شارەزوور بەڕێوەبرد، تێیدا چەندین کارو بەرهەمی جیاواز نمایش کران و فرۆشران.

میهرەبان سەلام
شارەزوور-پاشیوەڕۆی دوێنێ لە شارۆچکەی شارەزوور شەشەمین فێستیفالی پایز لەلایەن نوێنەرایەتی ڕێکخراوە دیموکراتییەکانی شارەزوور بە هەماهەنگی لەگەڵ گروپی خانمانی دەستڕەنگینی شارەزوور بەڕێوەچوو.
لە فێستیڤاڵەکەدا ٦٠ ژنی دەستڕەنگین بە چەندین کاری دەستی بەشداربوون، فێستیڤاڵەکە پێکهاتبوو لە نمایشی کاری دەستی ژنان و خواردن و شیرینی و بەروبوومە خۆماڵییەکان و تابلۆو پەرتوک، تەنها یەک ڕۆژ بەردەوام بوو.
گەشبین عەلی مەحمود یەکیک بوو لەو ژنانەی بە کاری تابلۆی دەستی بەشداربوو وتی: دەمێکە کار دەکەم و حەزدەکەم تابلۆکانم بۆناوماڵ دابنرێن، بە کوالێتی زۆر باش دروستی دەکەم، ئەم فێستیڤاڵانە بۆ پیشاندانی کارەکانمان بە خەلکی زۆر گونجاوەو زیاتر دەچینە ناو خەڵکەوە، هاندانیانە بۆ کرینی ئیشەکانمان پەیامم ئەوەیە بەهرەکانیان لە پڕۆژەیەکی باش بەکار بهێنن.
کاری دەستی و ئێکسسواراتی ژنان بەشێکی تری چالاکیەکانی فێستیڤاڵەکە بوو، داربین حەمزە کە بە ئێکسسواراتی ژنان بەشدار بوو وتی: من سێیەم ساڵمە بەشدارم و زیاتر کارەکانم مروارین و لە گەڵ هەموو جۆرە ستایلێک دەگونجێت، کڕیارەکانم لە سلێمانی و هەلەبجەوە دێن، هەرچەندە خوێندکارم بەڵام نەمهیشتوە داببڕێم بە پیێی دەرفەتەکان کاردەکەم.
لەپەراوێزێکی فێستیڤالەکەدا جیا لەکاری دەستی، پزیشکێک بەبێ بەرامبەر پشکنینی بۆ نەخۆشەکان دەکرد وتی: من دکتۆرە سایە کاوە لە شارۆچکەکەمان وەکو دکتۆرەکان بریارماندا بەشداربین، ئەم جۆرە فێستیڤالانە دەرخەری توانای ژنانم. و نەخۆشەکان و خەڵکانیش پێشوازی زیاتر دەکەن و بتوانین خزمەت بە ژنان و نەخۆشەکانمان بکەین.